گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ جەمال موحسین سەرنووسەری گۆڤاری دیدگای سۆشیالیستی سەبارەت بەنۆکەرایەتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و تاوانی ٣١ ئابی ساڵی ١٩٩٦ …

0

جەمال محسین: پارتی و یەکێتی له‌شەڕی ده‌سه‌ڵاتدا  له‌به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كدا په‌نایان بۆ پیسترین و هارترین و دواكه‌وتووترین و سه‌ركوتگه‌رترین ڕژێم برد. له‌ پێناوی ئه‌و ئامانجه‌شدا له‌ ٣١ی ئابدا پارتی سڵی له‌ هیچ كوشتار و ئاواره‌بوونێكی خه‌ڵك نه‌كرده‌وه‌

بۆپێشەوە: پاساوی پارتی بۆ پەلکێشکردنی بەعس بۆ کوردستان لە ٣١ ئابدا، ئەوە بوو کە یەکێتی نیشتیمانی پێشلەشکری بۆ سوپای پاسدارانی ئێران دەکات كه‌ وڵاتێكی ’’بێگانه‌یه‌‘‘ و عێراق ئه‌بێ ده‌خاڵه‌ت بكات تاكو وڵات بپارێزێ. ئێوه ‌ئه‌م پاساوه‌ بۆ سیاسه‌ت و كارێك كه ‌پارتی گرتیه‌ به‌ر چی ده‌ڵێن؟

جه‌مال موحسین: یه‌كێتی و پارتی  وه‌ك دوو هێزی سه‌ره‌كی سیاسی بۆرژوازی كورد هه‌میشه‌ پاساوی له‌وجۆره‌یان به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ بۆ هه‌ر سیاسه‌تێكی دژه‌ خه‌ڵكی كه‌ گرتبێتیانه‌ته‌ به‌ر. له‌ ساڵی ٩٩١ دا خه‌ڵك له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی هاری به‌عس هه‌ستا و له‌ شاره‌كان وه‌ده‌رینان و له‌و پێناوه‌دا چه‌ندین كه‌س گیانیان به‌ختكرد، به‌ڵام لای هه‌مووان ئاشكرایه‌  له‌و كاته‌دا كه‌ ئه‌و ڕژێمه‌ به‌ ده‌ست نه‌فره‌ت و قینی ئه‌ستووری چه‌ندین ساڵه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ شڕ بووبوو، وه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ به‌عس به‌ زه‌بری تۆپ و تانك و فڕۆكه‌كانی ویستی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌كانی كوردستان و خه‌ڵك كه‌ چه‌كێكی ئه‌وتۆی پێ نه‌بوو به‌ ناچار ئاواره‌ی شاخه‌كان بوو، ڕێك له‌و كاته‌دا یه‌كێتی و پارتی و هاوپه‌یمانه‌كانیان خۆیان گه‌یانده‌وه‌ به‌غداد و زه‌بونانه‌ كه‌وتنه‌ به‌رپێی به‌عس‌. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ بگره‌ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی و به‌عس پێكه‌وه‌ له‌ دژی هه‌ر به‌ره‌نگاری و جوڵه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری ناڕازی و ئازادیخواز ئه‌وه‌ستانه‌وه‌ و له‌ خوێنیان هه‌ڵئه‌كێشا. بۆ ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ مێژووی پێشوویاندا یان له‌ ئێران تۆزیان كردووه‌ و یان بۆ مفاوه‌زات هاتوونه‌ته‌وه‌ ناو كوردستان، یان به‌ كیمیاباران و ئه‌نفاله‌كان خه‌نی بوون و به‌دوای ده‌سكه‌وته‌وه‌ بوون، یان ئاواره‌یی ملیۆنی خه‌ڵكی كوردستانیان كردۆته‌ هه‌لێك بۆ پچڕینی به‌شی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت له‌ ڕژێمی به‌عس، سه‌یر نییه‌ و چاوه‌ڕوان كراوه‌ كه‌ بۆ فراوانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان هه‌ریه‌كه‌یان په‌نا بۆ ده‌وڵه‌تێكی ناوچه‌كه‌ یاخود ڕژێمی به‌عس ببات.

٣١ ی ئاب له‌ كاتێكدا ڕوویدا كه‌ هاوسه‌نگی هێزی نێوان یه‌كێتی و پارتی كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵاتی زیاتر له‌ كوردستاندا هه‌زاره‌ها گه‌نجیان له‌ شه‌ڕی ناوخۆیاندا به‌ كوشت دابوو گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتبوو. هێزی یه‌كێتی له‌قتر بوو بوو وه‌ په‌نای بۆ سوپای پاسداران برد، پارتیش ئه‌مه‌ی به‌ هه‌لێكی زێڕین زانی تاكو هانا بۆ به‌عس ببات. به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر لایه‌كی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ئه‌وه‌ بووبێ كه‌ پارتی نه‌ی ئه‌توانی به‌رگری بكات گه‌ر پاسداران بهاتنایه‌، لاكه‌ی تری ئه‌وه‌یه‌ ئه‌یزانی به‌ هه‌نگاوێكی له‌و بابه‌ته‌ جێگاوڕێگای خۆی چه‌ند قات له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێتیدا ئه‌باته‌ سه‌ره‌وه‌. ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌ڵێ ”عوزر له‌ قه‌باعه‌ت خراپتر”! هه‌ردوولا بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كدا ببه‌نه‌وه‌ په‌نایان بۆ پیسترین و هارترین و دواكه‌وتووترین و سه‌ركوتگه‌رترین ڕژێم برد. له‌ پێناوی ئه‌و ئامانجه‌شدا له‌ ٣١ی ئابدا پارتی سڵی له‌ هیچ كوشتار و ئاواره‌بوونێكی خه‌ڵك نه‌كرده‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی خۆی سه‌قامگیرتر و زیاتر كرد.

به‌ڵام له‌ ڕوانگه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ ٣١ ی ئاب وه‌ك هه‌ر نه‌ریتێكی تری یه‌كێتی و پارتی قێزه‌ونه‌. خه‌ڵكی كوردستان چ له‌ مێژووی پێشوودا و چ له‌ هی تازه‌دا گه‌واهی ئه‌و نه‌ریته‌ سیاسیه‌ی یه‌كێتی و پارتین كه‌ خۆیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ و ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتدا، و بۆ هاوبه‌ش بوون له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ پاشكۆیه‌تیه‌ك بوون. ساڵه‌كانی ٦٦ و ٧٤ و ٨٢ و ٨٨ و ٩١ و ٩٦ و٢٠١٤ و ٢٠١٧ …. و ڕێخۆشكردن بۆ میت و سوپای توركیا و ئیتڵاعاتی ئێران بۆ ته‌راتێنكردن له‌ كوردستاندا له‌ نمونه‌كانی ئه‌و نه‌ریته‌ سیاسیه‌ی یه‌كێتی و پارتین كه‌ زۆر ڕسوا و نه‌فره‌ت لێكراون لای جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی كوردستان.

بۆپێشه‌وه‌: هاوڕێ جه‌مال، وه‌ك وتتان، مێژووی كارنامه‌ی حزبە ناسیۆنالیسته‌كانی کورد پڕه ‌له‌ نموونەی وه‌ك ٣١ی ئاب. تازەترینیان بەجێهێشتنی  ئێزیدیەکان لە شەنگاله‌ لەلایەن پارتیه‌وه‌ بۆ داعش، و دوزخورماتوو و کەرکوک و ناوچەکانی تری ناكۆكی له‌سه‌ر لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا لەلایەن یەکێتیه‌وه‌ بۆ بەردەستی حەشدی شەعبی. باشه‌ كه‌ ئەم شێوەیه‌ لە سیاسەت به‌شێكه ‌له‌ ستراتیژ و كارنامه‌ی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌و حزبانه‌، بۆچی چ جه‌ماوه‌ری خۆیان و چ خه‌ڵك به‌گشتی به‌رپه‌رچی ئه‌م سیاسه‌ته‌یان ناداته‌وه‌؟

جه‌مال موحسین: من له‌ وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا باسم له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا ئاماده‌ی هه‌رجۆره‌ پاشكۆیه‌تی و پێشله‌شكریه‌ك بوون بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌. جگه‌ له‌و نمونانه‌ی من هێنامه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش كه‌ ئێوه‌ له‌ پرسیاری دووه‌مدا ناوتان بردوون، نمونه‌ی له‌وه‌ش تازه‌تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاگایی و ڕه‌زامه‌ندی پارتی، توركیا به‌ ئاره‌زووی خۆی دێته‌ ناو كوردستانه‌وه‌ و بۆمباران ئه‌كات و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و بێتاوانیش ئه‌كوژێ. به‌رژه‌وه‌ندی و خۆبه‌ستنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌ پارتی و یه‌كێتی به‌ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه‌ وائه‌خوازێ كه‌ به‌وجۆره‌ بكه‌ن. وه‌ك بینیویشمانه‌ هه‌موو ئه‌و كرده‌وانه‌ به‌ دژ و زه‌ره‌ری خه‌ڵك بووه‌‌. ئه‌مه‌ش دیسان پێداگریه‌ له‌و ڕاستیه‌ی كه‌ ژیان و چاره‌نوس و به‌رژه‌وه‌ندی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ شوێنێكه‌ و هی ئه‌وانیش له‌ شوێنێكی تره‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان خێر و به‌ره‌كه‌ت و ده‌سكه‌وته‌ بۆ خه‌ڵك نه‌گبه‌تی و كوشتاره‌. ئه‌وان و ئه‌و كارنامه‌ دژه‌ خه‌ڵكیانه‌یان له‌ یه‌ك جیاناكرێنه‌وه‌.

ئیتر ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی جه‌ماوه‌ری خۆیان ڕووبه‌ڕوویان نابێته‌وه‌ یان لانی كه‌م یه‌خه‌یان ناگرێ هۆكاری زۆری هه‌یه‌. به‌ بڕوای من، ئێمه‌ ناكرێ له‌سه‌ری ئه‌خلاق و له‌ ڕووی شه‌خسیه‌وه‌ بۆ مه‌سه‌له‌كه‌ بڕوانین. هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتی و پارتی به‌ هۆی پاره‌ و پولێك كه‌ هه‌یانه‌ كه‌سانێكیان بۆ خۆیان كڕیوه‌ و نه‌ك هه‌ر دژایه‌تی سیاسه‌ته‌كانیان ناكه‌ن، بگره‌ پاساویشی بۆ ئه‌هێننه‌وه‌. ئه‌وه‌نده‌شی به‌ خه‌ڵكه‌ ڕه‌شوڕووت و هه‌ژاره‌كه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌؛ ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاروه‌ نانی ئه‌مان و مناڵه‌كانیان كه‌وتۆته‌ قوڕگی ئه‌و دوو دیناسۆره‌وه‌. خه‌ڵك چه‌ند بشزانێ بۆگه‌ناو له‌ هه‌ناوی ئه‌و دیناسۆرانه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ ناچاره‌ ده‌ست بكات به‌ قوڕگیدا پاروه‌ نانی مناڵه‌كانی خۆی لێده‌ربهێنێ. به‌ واتایه‌كی تر، له‌ ژیاندا مانه‌وه‌ كه‌ خۆی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی سه‌ره‌تایی هه‌ر مرۆڤێكه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ستی ئه‌و دوو حزبه‌. ئه‌مه‌ ئه‌بێ له‌ ده‌ستی ئه‌وان ده‌ربهێنرێ. هه‌موو شتێكی ژیانیان له‌ خه‌ڵك زه‌وت كردووه‌، تۆ ناتوانی كارێكت به‌ ئاسانی ده‌ست بكه‌وێ، ناتوانی له‌ كاره‌كه‌ت به‌رده‌وام بی، ناتوانی ناڕازیه‌كی سه‌رسه‌خت بیت و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ت لێ نه‌كرێ كه‌ كار و نانه‌كه‌ت ئه‌بڕن. ڕژێمی سه‌دام پێش ئه‌وه‌ی بڕوخێ هه‌ر له‌م كوردستانه‌ ئه‌یانووت: ”بابه‌، تازه‌ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكی كردووه‌ به‌ پیاوی خۆی و هێز نایڕوخێنێ!” كه‌چی خه‌ڵكیش لێی هه‌ستا. ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌كات له‌ خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كه‌یه‌، ئه‌وه‌ی داموده‌زگا و بانك و پاره‌كانی ئه‌وانی پێ ئه‌پارێزرێ خه‌ڵكه‌ ده‌ستكورته‌كه‌یه‌، هه‌تا ئه‌وه‌ی سه‌ركوتی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكه‌ هه‌ژاركراوه‌كه‌ی پێئه‌كرێ هه‌ر له‌ خه‌ڵكه‌ ده‌سته‌نگه‌كه‌یه‌. پاره‌ی گولـله‌نان به‌ سنگی گه‌نجانی ناڕازیانه‌وه‌ پێئه‌درێ. پاره‌ی شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌كان و په‌رده‌پۆشكردنی دزی و گه‌نده‌ڵیه‌كانیان پێئه‌درێ و گه‌ر نه‌شیكه‌ن ئه‌مانیش ئه‌كه‌ونه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌بێ سه‌رشۆڕیان بن و قبوڵی بكه‌ن، بگره‌ ئه‌بێ له‌پاڵ جه‌ماوه‌ری برسیدا لێیان هه‌ستن و ڕاپه‌ڕن (به‌ڵام ئه‌وه‌یان باسێكی تره‌).

ئه‌وه‌نده‌شی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ په‌رچه‌كرداریان نییه‌، ئیتر مه‌سه‌له‌كه‌ به‌شێكی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌م پێدا و به‌شێكیشی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌دیلی ئه‌وانی نییه‌ و هێزێكی به‌وجۆره‌ نه‌هاتۆته‌پێشه‌وه‌. ئه‌وانیش هه‌موو شتێكی كۆمه‌ڵگە له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندایه‌. خه‌ڵك به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌رپه‌رچی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تی ئه‌وانی داوه‌ته‌وه‌ تا ڕاده‌ی هه‌ستان و بیركردنه‌وه‌ له‌ ڕاماڵینیان، به‌ڵام ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌ك نییه‌ له‌ شه‌و و ڕۆژێكدا ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و فه‌زایه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ له‌دژیان پێكبهێنێ. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ خۆڕێكستن و خۆسازدان و خۆكۆكردنه‌وه‌ی پێویسته‌، خۆجیاكردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی له‌ ئاسۆ و ئایدۆلۆژی ئه‌وانی پێویسته‌. ئاخر ئێستاش خه‌ڵك هه‌مان خۆشخه‌یاڵی و خۆشباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ناسیۆنالیستی هه‌یه‌. خه‌ڵك كه‌ له‌ دژی ئه‌وانیشه‌ هێشتا له‌ دژی فیكر و ئایدۆلۆژی ناسیۆنالیزم (كوردایه‌تی) نییه‌.

بۆیه‌ له‌پاڵ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی خۆبه‌ستنه‌وه‌ی ئه‌واندا به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ئه‌بێ ئه‌م خۆجیاكردنه‌وه‌ و ئه‌م دابڕانه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی ئه‌وان بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌ربكه‌وێ و خۆی له‌ دژیان ڕێكبخات، كه‌ به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ش ئه‌ركی حزبێكی كۆمۆنیستی شۆڕشگێڕه‌ كه‌ ئاوها ئاسۆیه‌ك بكاته‌ ئاسۆی ته‌واوی كۆمه‌ڵگە بۆ ده‌ربازبوون له‌ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد. په‌رچه‌كردار ئه‌بێ له‌به‌رامبه‌ر ته‌واوی ده‌سه‌ڵات و بوون و پێكهاته‌ی ئه‌حزابی بۆرژوا_ناسیۆنالیزمی كورددا بێت و خه‌ڵك به‌ ته‌واوی له‌وان داببڕێ. هیچ هێزێكی تری ناسیۆنالیستی و ئیسلامی به‌ به‌دیلی ئه‌وان قبوڵ نه‌كات.

ئه‌و هه‌موو كرده‌وه‌ ناشرین و قێزه‌ون و دژه‌ ئینسانیانه‌ی یه‌كێتی و پارتی ئه‌بێ به‌س بێت بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌و ئاسۆ و ئامانجه‌ ڕزگاریخوازیە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.