گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ عەلی کەریمی نووسەر و چاودێری سیاسی سەبارەت بەنۆکەرایەتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و تاوانی ٣١ ئابی ساڵی ١٩٩٦ …

0

عەلی کەریمی: ئەوانەی باسی ئاڵا و سەربەخۆیی کورد دەکەن تەنیا درۆیەکی شاخدار و موزایەدە دەکەن و هیچ خەتێکی سوریان بۆ خیانەت نییە!

بۆپێشەوە: خۆبەستنەوەی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و خۆشخزمەتی تا ڕادەی نۆکەرایەتی و پێشلەشکری بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بۆتە تایبەتمەندیەکی بەردەوامیان… هۆکاری ئەم خۆشخزمەتی و کرێگرتەییە بۆچی دەگێڕنەوە؟

عەلی کەریمی: بە درێژایی مێژووی وڵاتی کوردەواری و دابەش بوونی بەسەر وڵاتانی داگیرکەر و دەورووبەری کوردستان، بە حوکمی قبووڵاندنی میللەتانی سەردەست و خۆبە بچووک زانینی ڕۆشنبیری کوردی بەرامبەر بە نوخبە و خەڵکی وڵاتی سەردەست و بە گەورە زانینیان، چ فەرهەنگی و چ نەفسی و سایکۆلۆژیانە، ئەوە بۆتە راستییەکی تاڵ کە کورد لە عاست تورک و فارس و عەرەب خۆی بە کەمتر بزانێ و هەژمۆنی سیاسی و ڕۆشنبیریی ئەم میللەتانە بە سەر کورددا حاشا هەڵنەگر بێ. بۆیە لە زۆربەی سەردەمانەکان بە تایبەت ساڵانی ٤٠ و ٥٠ و هەتا ٨٠ و ٩٠ دەکانیش سیاسی و  ڕۆشنبیر و ئەحزابی کوردی خۆیان بە بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی ئۆپۆزیسۆنی ئەم میللەتانە بزانن و تەنانەت کەوا سووری بەر لەشکر بن و لە ئاشی ناو کاسەکەش گەرمتر بن بۆ بیری سەرتاسەری و ئیرانچیتی و عەرەب و تورکچێتی. لەسەر ئەم ڕوانگە و بەستەرەی بە درێژایی زیاتر لە 100 ساڵ کەش و هەوای بەشەکانی کوردستانی داگیر کردووە، زۆر تەبیعی دەبێ لە ناو سیاسەتمدار و نوخبەی کورد ئەوەندە چووبنە پێش کە خزمەت بە میللەتی باڵادەست یان داگیرکەر تیئۆریزە کرابێ، و تەنانەت بە بیروباوەڕ قەناعەتیان هێنابێ کە خزمەت بە دەسەڵاتی نەتەوەی باڵا دەست بە بەشیک لە خزمەت بە کاری سیاسی و شۆڕشگێری بدەنە قەڵەم لە لایەک، و لە لایەکی تریش هەمیشە خەڵکانی بەکرێگیراو لە ناو کورد دا هەبوون لە ئاوی قوڕاویی سیاسەتی کوردی ماسی خۆیان گرتووە. دیسان بە بونبەست گەیشتنی حەلی کێشەی کورد و سەربەخۆیی کوردستان، و بە خەون زانین لەلایەن زۆربەی سەرکردەکان! ئەم روانگەیەی زەق کردۆتەوە کە خەباتی کوردایەتی بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆ نووسین یان سەربەخۆیی تەواو، ئاسنی سارد کوتانە و هیچ فایدەی نییە. بۆیە خزمەت بە داگیرکەر برەوی ستاندوە و ئەم لایەنانە زیادی کردوە کە خزمەت بە داگیرکەر یان ئۆپوزیسۆنی نەتەوەی باڵا دەست بە ڕەواتر بزانن تا خەبات بۆ ڕزگاری یەکجاری کورد. هۆکار و فاکتی تەماحی (ماڵی و پۆست و بەرژەوەندی بنەماڵەیی و خێڵ) لە هۆکارە هەرە گەورەکانن لە کۆمەڵگەی شوانکارەیی و خێڵ و عەشیرەتی. بۆ سەرۆک خێڵ و عەشیرە بەرژەوەندی بنەماڵە و خێڵەکەی خۆی گەلێک گرنگترە، لە بەرژەوەندی هەموو گەل و تەنانەت خێڵکی تر، بۆیە ئەوان بۆ ئەم بەرژەوەندییە تایبەتە ئامادەی هەموو خیانەت و پشت کردنێکن بە بەرژەوەندی گشتی  میللەتی کورد. جیۆپۆلێتیک و جیۆگرافیای کورد وایە کە هەردەم زۆر کەس پەیدا ببن بۆ کردنە خەنجەری ژەهراوی بە پشتی نەتەوەی خۆیان!

 بۆپێشەوە: پارتی لە ٣١ ئابدا و لەچوارچێوەی جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆییدا لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دەستی سوپای بەعسی گرت و پەلکێشی کوردستانی کرد. چۆن دەڕواننە ئەو کردەوەیە کە زۆرێک ناوی لێدەنێن( چەپەڵ)؟ هەروەها یەکێتیش دەستی سوپای پاسدارانی گرت! بۆچی هەر لایەکیان دەستی یەکێک لەو ڕژێمە چنگ بەخوێنەیان گرت؟

عەلی کەریمی: کردەوەی ٣١ی ئابی پارتی و پەلکێشکردنی بەعس بۆناو پەرلەمان و هەولێری پایتەختی هەرێمی تازە ڕزگارکراو لە کیمیاباران و ئەنفاڵ ئەوە ئیتر ترۆپکی خیانەت و نەبوون و نەمانی ئینتمای نەتەویی و بێعاری و بێشەرمی و بێ ئەخلاقی لە عاست هەست و عاتیفەی میللەتێک بوو! ئەم کردەوەیە تەنانەت  دۆستانی سیاسی وعاتفی غەیرە کوردیشی تاساند و باوەڕیان نەدەکرد سەرکردەی کورد بۆ لە ناوبردنی نەیاری کوردی خۆیان پەنا بۆ سەدامی دیکتاتۆر و خوێنخۆری کورد ببەن. ئیتر ئەوە سەلماندی کە جارێ ستراتیژی یەکێتی نەتەوەیی کورد لە کوردستان چێ نەبووە و میللەتی کورد جارێ زۆری ماوە تا بگات بە گوتاری یەکگرتووی نەتەوەیی، و ئەوانەی باسی ئاڵا و سەربەخۆیی کورد دەکەن تەنیا درۆیەکی شاخدار و موزایەدە دەکەن و هیچ خەتێکی سوریان بۆ خیانەت نییە! وەڵامی ئەوەی کە بۆچی هەرکام دەستی داگیر کەرێک دەگرن؟ وابزانم لە پرسیاری یەکەمدا وەڵامم دایەوە و ئەوان وا فێر بوون لە داخی یەکتر پەنا تەنانەت بۆ شەیتانیش بەرن!

بۆپێشەوە: تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لە دیلەکانی پارتی و یەکێتی لە شەڕی ناوخۆی دەسەڵاتدا، نادیارە؟ هۆکار چییە پارتی و یەکێتی چارەنووسی ئەو دیل و بێسەروشوێنانە ئاشکرا ناکەن؟

عەلی کەریمی:  ئەوەی کە چارەنووسی دیلەکانی پارتی و یەکێتی دوای ئەو هەموو ساڵە هەر نادیارە؟ دەگەڕێتەوە بۆ ماهییەت و ڕوانگەی نامرۆڤایەتی ئەم هێزگەلە و موهتەم نەبوونیان بە چارەنووسی تاکەکان و خزم و ژن و مناڵیان! ئەوان تەنیا بۆ شەڕ و بەرەوپێشەوە چوونی نیاز و ئامانج و مەرامەکانی خۆیان تاکەکانی پێشمەرگە بەکار دێنن و دیسان دەیسەلمێنن کە پێشمەرگە لە دیدی وانەوە نەتەنیا  سەروەر و گەورە نییە، بەڵکو تەنیا ئامرازێکە بۆ دەسەڵاتی زیاتر بەسەر یەکتردا. ئێستا دوای ئاشتبوونەوەیان ئەوەی کە ئەم دیلانە چیان بەسەر هاتووە زۆر موهیم نییە و ئەوە مو‌هیمە کە بێن و بڵێن ئێمەی سەرکردەکان بێ گوناحین! ئەو دیلانە بە دڵنیایی زۆر شتی سەرسوڕهێنەر لە زیندان و نامرۆڤایەتی ئەم دوو هێزە دەزانن و هیچ پێیان خۆش نییە ئازاد کرێن و ڕیسوایان بکەن. ئەوان؛ پێشمەرگە دیلە بێ چارەنووسەکان ئەم فاکتەرە نین لە ڕوانگەی ئەوانەوە کە کاتی پێ بکوژن یان ئاشتی و بەرژەوەندی خۆیانیان لەسەر تێک بدەن. ئەوان؛ سەرکردەکان لەوە سوکتر چاو لە پێشمەرگە دەکەن کە ئێمە و خەڵک لامان موقەدەسە!

Leave A Reply

Your email address will not be published.