جەندەر و زمان: توندوتیژیی زمانەوانیی

0

جەندەر و زمان: توندوتیژیی زمانەوانیی

 نووسینی: کازیوە ساڵح

     بەشی یەکەم

گەرچی میتۆد و فۆرمەکانی توندوتیژیی بە شێوەی بەرفراوان شروڤەکراوە، بەڵام باسی توندوتیژی زیاتر لە ڕوانگەی توندوتیژیی جەستەیەوە ئەکرێت، کە توندوتیژیی کەسییە. بنەمای توندوتیژیی بە بۆچوونی من دەزگاییە و توندوتیژیی جەستەیەش ئاکاری ژێر لقی یەک جۆرە لە توندوتیژییە دەزگایەکان. بە پێێ لێکۆڵینەوەکان دوو جۆر توندوتیژیی بوونی هەیە، یەکێکی دەزگای و یەکێکی کەسی. بەڵام من پێم وایە کەسێکەش هەر دەزگاییە و بوونی توندوتیژیی کەسی تەنها لە میانەی ڕێگەدانی دەزگاییەوەیە، واتە لە کەوتنی داوەریدا بەرهەم دێت.

هانا ئەرەنت (١٩٧٠) پێی وایە “توندوتیژیی هیچ نییە جگە لە سیمایەکی دیارو بێ شەرمی هێماکانی دەسەلات” (ل.٣٥). ئەم پێناسەیەش هێمابەخشە بەوەی کە توندوتیژیی هەڵگری فۆرمی جیاوازە، هێندەی جیاوازی و جۆری دەسەڵاتەکان. ئەم بابەتە ئەو ئارگیومەنتە ئەوروژێنت کە زمانی دەسەڵات جەندەری هەیە، هەرچی بێت جۆری دەسەڵاتەکە، سیاسی، کۆمەڵایەتی ، ئابوری، کولتوری وئاینی جەندەر تێدا چالاکە. هەر یەک لەم دەسەڵاتانە باس لە جەندەری زمان و زمانی جەندەر ئەکات. ئەم جەندەرە زمانەوانییەی لێرەدا باسی دەکەم ئەو جەندەرە نییە کە ڕۆژئاوا لە ڕووی بە کارهێنانی سیفەتی زمانەوانییەوە بۆ جیاکردنەوەی نێر و مێ باسی لێوە دەکات، بەڵکو زمانی کوردی دیالەکتیکی سۆرانی* تا ئاستێک یەکڕەگەزە لە کاتی گوزارشتکردن لە مرۆڤ، بەڵام بۆ ئاژەڵ جیاوازی نێر و مێ لە میانەی ناوەکە خۆی نەک پێشگر و پاشگر دەرئەکەوێت. ئەکرێت ئەمەش یەکێک لە سیفەتە باشەکانی زمانی کوردی بێت بە سەر هەموو ئەو زمانانەی کە ڕەگەزی نیڕ و مێ لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ جیا ئەکاتەوە. بەڵام ئەم بابەتە دەخوازێت لە جەندەری ئەو سیما بێ شەرمەی دەسەڵات بنواڕێت کە بە بۆچوونی ئارەنت بەرهەم هێنەری توندوتیژییە.

جگە لەو لایەنە ڕوناکی ئەخاتە سەر چەند خاڵێک لە مەڕ شکستیەکانی دەربڕین لە نێو هەردوو کۆمەڵی ڕۆهەڵاتی و ڕۆژئاواییدا و ئەو دەستەواژانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاردەهێنرێت بە دەستەواژەی مردوو یان زمانی مردوو  – بێ کەڵک بۆ بەکارهێنان ناوزەد ئەکەم. دواتر تێوەلکانی ڕەهەندەکانی زمان و ڕەوشت بەرانبەر ژن ڕاڤە ئەکات و هەوڵ ئەدات دووفاقیەکانی بەرجەستەکردنی ڕەوشت ناو بنێت ‘رەوشتی تیوری و ڕەوشتی پراکتیکی’ لە میانەیەوە دووفاقیەتی مامەڵەی مرۆڤایەتی بەرجەستە بکات لە نێو ئەو کۆمەڵانەی وەکو کورد خاوەنی تیوری زانستی نین لە سیستمی بەڕێوەبردندا، لەم دووفاقیەشدا ژن دەکرێت بە قوربانی یەکەم. لە کۆتاییدا ئەم وتارە ئاماژە بەو دەستەواژە زمانەوانییانە ئەکات ئاژەڵی تیا ئەکرێت بە قوربانی و لە میانەیی ئەم دەستەواژانەشەوە ڕوون دەبێتەوە کە کۆمەڵی کوردی ژن و ئاژەڵی وەکو دوو بوونەوەری بێ بەها وبێ نرخ چوواندوە.

پێناسەی هەردوو چەمکی دەسەڵات و توندتیژی پارتریارکیە، لەگەڵ بیستنیدا نێر لە ئاوەزدا ئامادەیی هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەردوو چەمکەکە بەرگی جیاوازی جەندەری و پیاوانەی پۆشیوە. ئەمەش پەیوەندی بە توخمی وشەکانەوە نییە ئەوەندەی پابەندە بە و وزە نەریێیە دەسەڵاتی پەرتریارکی بە چەمکەکانی بەخشیوە. ئەو وزە نەریەیەش توخمی نێر خۆی نەبەخشیوە، بەو بەڵگەی مناڵێک کە لە دایک ئەبێت نێر بێت یان مێ توخمێک نەرینی نییە، بەڵکو ئەرییە. بە بەخشین و لێسەندنەوەی دەسەڵات ئەبن بە دوو توخمی جیاواز و لایەک ئەخاتە چوارچێوەی پاسیڤ و لایەک ئاکتیڤ. بە دەستگرتنی توخمی نێر بە سەر بوارە سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و کولتووردیەکاندا ئاراستەیەکی توندتیژیشی پێ بەخشیوە. چوون باوەڕم هاوتەریبە لە گەڵ ڕای ئەرەنت کە زانستی ‘بێژەزانی’ تێرمەنۆلۆجی هەر یەک لە دەسەڵات، هێز، زۆرداری، فەرمانەڕەوایی و توندتیژی دیاردەی جیاوازن، بەڵام لەوێدا یەکن کە یەک سەرچاوەیان هەیە. بوونی هەر یەک لەم تێرمانە لە بوونی ئاکارەکەدایە.

لەلایەک لەبەر هەر یەک لەو ئاکارە نێرانەن و چەمکەکانیش داهێنانی نێرن، لە لایەکی دی، لەبەرئەوەی ئەو هێزەی دەزگایە جەندەریە بەردەوام وایانبینیوە ژن بە کەڵکی سیاسەت، وەرزش ، دەستەبەرکردنی هێزی دەزگای و ئەو کارانە نایەت کە پرۆفیشنالیزمی ئەوێت. لە کاتێکدا ئەزموون پێچەوانەی سەلماندووە وەکو کردار، بەڵام وەکو کولتوور باوەڕە کە جێگیرە، چوونکە ژن بەرهەمهێنەری زۆرداری و توندوتیژیی نییە. لێرەدا باسی ڕێژەیی گشتی ئەکەین نەک تاکڕەو. توندوتیژیی زمانەوانیی ڕەگەزی نێر بەرانبەر بە ڕەگەزی مێ لە گاڵتەو نوکتەکانی مناڵییەوە دەست پێ دەکات بۆ زمانە زبرەکانی گەورەیی و زمانە بکوژەکانی دەسەڵاتە تۆلیتاریەکان کۆتایی دێت. کەواتە زمان لە بنەمادا دەزگاییە، لە دەزگەی خێزانەوە بۆ دەزگە و دەرگە گەورەکەی کۆمەڵگەو بۆ دەزگە داپلۆسێنەرەکان ڕژێم سەرکوتکارەکان. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زمان دەزگەیەکە زیانە سایکۆلۆژیەکانی لە زیانە جەستەیەکانی زیاترە. کەواتە توندوتیژیی جەستەیی کە لە میانەی توندوتیژیی خێزانەوە زیاتر دێتە نێو گفتوگۆ سەبتایتڵی بابەتێکی گەورەتر و وێنەیەکی بچووکی لکێنراوە بە دامێنی وێنە گەورەکەی توندوتیژییە.

ژمارەیەک چالاکوان هەوڵ ئەدەن زمانەکە بگۆڕن، کۆمەڵێک وشە و دەستەواژە بگۆڕن بە کۆمەڵێک دەستەواژەی دی کە هەمان واتا ببەخشن، بەڵام لەرینەوەی بێ حورمەتی لە گوێدا کەمتر بێت. ئەمە ئەو ئاکارەیە من دژیم، پێم وایە لە چارەسەری ئەو بە ساڵاچووە نەشارەزا ئەچێت بۆ هەر ئازارێکی جەستەی دەچێتە دەرمانخانەی گەڕەک و داوای لێدانی دەرزێکی لێ ئەکات بە بێ ئەوەی لە سەرچاوەی ئازارەکە بگات و هۆکارەکانی چارەسەر بکرێت. من پێم وایە پێویستە دەزگاکە بگۆردرێت نەک وشەکان. گۆڕینی وشە و دەستەواژەکان هیچ لە کرۆکی کێشەکان ناگۆڕیت، کە دەزگاش گۆڕا وشەکان لە بوونیشیاندا نائامادەن. باوەڕم بەو بۆچوونەی کارل مارکس (١٩٧٩) هەیە کە پێی وایە گۆڕینی زمان وەکو گۆڕینی یاساییە، کاریگەری لە سەر فۆرم هەیە نەک ناوەرۆک، بەڵکو پیویستە کولتوور بگۆڕدرێت. بەڵام لە راستیدا کولتوور چەمکێکی فراوانە، وێنەی چەترێکە سەرجەم هەمانەکان ژیان لە ژێردا هەڵواسراوە و یەکێکێشیان زمانە. واتە زمانە بەشێکە لە دەزگایەکی گەورەتر. بەڵام ئەو دەزگا گەورەیەش چەند دەزگای دیکەی لە ناودایە کە بەڕێوەبردنی ژیانیان پێ سپێدراوە وهەر یەک لەو دەزگایانەش جەندەرایز کراون بە پێێ ئەو دەرهاویشتە توندوتیژانەی بەرهەمیان هێناوە، ئەو ئاکارانەش پیویستی بە بەرهەمهێنانی زمانی توندتوتیژی وەکو هێز، دەسەڵات، زۆرداری، داگیرکاری، و ..تد هەیە، ژن لەبەرئەوەی بەرهەم هێنەری سەرەکیان نییە و هەر یەک لەو چەمکانە و زمان و هێمای دەسەڵات بە گشتی بە هەموو جۆرەکانیەوە جەندەرایز کراوە و بووە بە موڵکی یەک ڕەگەز. یەک ڕەگەزێکەشی یەک مۆرکی دەزگایی بە زمان بەخشیوە ودوو مۆرکی توندوتیژیی.

لە سەرو هەموو لێکدانەوەکان، لۆژیک وئەزموونەکان سەلماندوویانە کە ئەو توخمە گەرچی هەموو شەڕ و توندوتیژییەکان بەرهەم ئەهێنن بۆ کوشتنی یەک، بەڵام لەیەک مەسەلەدا یەکڕیزن ئەویش لە میتۆدی دژایەتێکردنیاندایە دژی دەسەلاتی ژن تەنانەت دەسەلاتە سروشتێ و بایۆلۆجێکەشی. لە هەموو ئەو پێگە دەزگایانەی پێشتر باسمکرد، گەورەترین ترسی پیاو ئەوەیە دەسەلاتی بەرانبەر بە ژن لە دەست بدات، ئەمەش یەکڕیزی کردوون لە مەسەلەی دژایەتیکردنیان و ئەم یەکبوونەشیان جارێکی دی کردوونی بە دەزگا لە ڕووی هێز وقەوارە و بۆچوون و جێگیرکردنی جەندەری زمان و توندوتیژییەکانی.

____________________________

سەرچاوە:

 

  • Hannah Arendt, On Violence ،New York: Harcourt, Brace & World, Inc., 1970), p. 35.

 

  • Karl Marx, “On the Jewish Question,” The Marx-Engels Reader, ed. Robert C. Tucker, 2nd ed. (New York: W.W. Norton, 1978), esp. pp. 30-36.

 

* لێرەدا ئاماژەم بە سۆرانی کردووە چوون شارەزای زمانی سۆرانیم

Leave A Reply

Your email address will not be published.