کۆیلایەتی ڕێبازێکی لەمێژینەی پارتی و پەکەکە
کۆیلایەتی ڕێبازێکی لەمێژینەی پارتی و پەکەکە
کۆیلایەتی مێژوویەکی زۆر دورو درێژی هەیە. گەر بگەڕێینەوە بۆمێژووی کۆن سەردەمانێک پاشاو میرەکان و دەوڵەمەندەکان خەڵکی ڕەش و ڕوتیان ئەکڕی و ئەفرۆشت و بازرگانیان پێوەدەکردن لەپێناو خزمەتکردن، بەڵام لە ئەمڕۆدا کۆیلاتی ڕێڕەوێکی تری وەرگرتووە یەکێ لەکێشەکانی کۆیلایەتی ئەوەیە کە کۆیلەدار هەمیشە عاقڵترە لە کۆیلە، چونکە لە کۆیلایەتیدا، کۆیلەدار بەس خۆی بۆی هەیە بیربکاتەوە. دەی عەقڵیش بە بیرکردنەوە ئەپێورێ. کۆیلە بۆی نییە فەلەکی عەقڵی خۆی هەبێت، تەنیا بۆی هەیە لە فەلەکی عەقڵی کۆیلەداردا بسوڕێتەوە. کێشەکەش هەر ئەوەنییە کە فەلەکی یەکەم وجودی نییە، کێشەکە ئەوەیە فەلەکی دووەم، فەلەکی بێعەقڵییە! چونکە “عاقڵیی تۆ” پرۆسەیەکە، تەنیا لە فەلەکی عەقڵی خۆتدا ڕووئەدا. مەسەلەن لەناو پارتیدا تۆ بەحری علومیش بیت، هەر مەسعود عاقڵترە لە تۆ! چونکە چوارچێوەکە ئەو ئەیکێشێ و تۆ لەو چوارچێوەیەدا ئەنووسیت و ئەڵێیت و ئەجوڵێیت. کۆیلەی مەسڵەحەت و کۆیلەی ئایدۆلۆژیا، هیچ فەرقی نییە و کۆیلە هەر کۆیلەیەو هەموویان هەر قورمیش ئەکرێن. کێشەکەش هەر ئەوەنییە کە قورمیش ئەکرێن، کێشەکە ئەوەیە زۆرجار بێ قورمیشیش کاری خۆیان ئەکەن و خزمەتگوزاری و کۆیلایەتی بێبەرامبەر پێشکەش ئەکەن! بۆچی؟ چونکە (کۆیلە وەلائی بۆ کۆیلایەتی هەیە). لەڕاستیدا کێشەی گەورەی کۆیلایەتی، ئەو پەیوەندییە ناقۆڵایە نییە کە لەنێوان کۆیلەو کۆیلەداردا هەیە، بەڵکو کێشەکە، ئەو وەلائەیە کە کۆیلە بۆ کۆیلایەتی هەیەتی و بۆی دروست ئەبێت ئینسان بە ئازادی ئینسانە، ڕەبتێکی وجودیی لەنێوان ئینسان و ئازادییدا هەیەو مرۆڤ بەفیترەت ئینتیماو وەلائی بۆ ئازادی هەیە. کاتێکیش کە ئینسان ئیختیاری نامێنێت، بۆی قورسە کە ئیختیاری نەماوە، ئیتر لەڕێگەی نیشاندانی وەلائێکی توندەوە بۆ دۆخە ناچارییەکەی، ئەیەوێ پێمان بڵێ، ئەو ئازادەو بە ئیختیاری خۆی وایە! یەعنی مرۆڤ هێندە بۆی قورسە، کە ئازادی و ئیختیاری نەماوە، دێ وەکو ڕەدی ئیعتبار، ئازادی و ئیختیاری بەدیل بۆ خۆی دروست دەکا. لەڕاستیدا ئەگەر کۆیلەیی بکەیت بە دە بەشەوە، مرۆڤ تەنیا لە بەشێکیدا ناچارە، لە نۆ بەشیدا ئینسان لەڕێگەی (وەلائەوە بۆ ناچاریی) ئەیەوێ بڵێ من ئازادم، قوڕەکەش ئا لەم نۆ بەشەدا خەست ئەبێتەوە، چونکە لێرەدا کۆیلەیی یەکسان ئەبێ بە ئازادی! ئینجا ئەپرسم لەم دۆخەی ئێستادا، بۆچی پەکەکەو پارتییەکانی خوارەوە بە زمانی شەڕو تەخوین ئەدوێن و ئەوانەی سەرەوە بە زمانێکی بڕێك عەقڵانی و بەرپرسانە؟ چونکە ئەوانەی سەرەوە، بە هەموو بێعەقڵییەکانیشیانەوە، دواجار لە مەوقیعی عەقڵی حیزبدان، بەڵام ئەوانەی خوارەوە بە هەموو مەعریفەتێكیشیانەوە، دواجار لە مەوقیعی بێعەقڵی حیزبدان و جگە لە ڕۆبۆت و تووتی شتێکی تر نین! ئەمەوێ بڵێم، زمانی کۆیلە، بەزەرورەت زمانی شەڕو سڕینەوەو تەخوینە، چونکە زمانی عەقڵ نییە. زمانی ئاشتی و پێکەوەژیان و بەرپرسیارێتی.. تەنیا لە عەقڵەوە دێ و ئەگەر یەکێ لە مەوقیعی عەقڵا نەبێت، ناتوانێ ئەم زمانەی هەبێت. زۆرجار پێمانوایە ئەوە دوژمن و موعادەلە ئیقلیمییەکەیە کە ئەماندەن بەیەکا.. ئەوە ڕاستە، بەڵام عەکسەکەشی هەر ڕاستە!یەعنی زۆرجار زروفەکە ڕێگرە لەوەی کە بدەین بەیەکا، ئەگینا ئێمە خۆمان لەسەر پێین بۆ ئەوە! مەسەلەن ئەو ڕقەی پارتییەکان و پەکەکەکان هەیانە لە یەکتر، پێویستی بە دەستێكی دەرەکی نییە ئاگرەکە بکاتەوە، لەڕاستیدا ئاگرەکە خۆی هەیەو هەندێجار زروفەکەو موعادەلەکان ڕێگربوون لەوەی کە داگیرسێ! بڕێك زمانی تەخوین کەمبکەنەوە، لەبەر ئاشتی و برایەتی و ئەم شتانەش نەبێ، لەبەر خیانەت، بۆئەوەی خیانەت دیاربێ و نەبێ بە ژێر تەخوینەوە! کێشەی تەخوین ئەوەیە کە لەناو ئەو خیانەتانەدا کە بۆ یەکتری دائەتاشین، ئەو خیانەتانە ون ئەبن کە بەڕاستی ئەیانکەین. کێشەی تەخوین ئەوەیە کە هەموومانی تیا ئەبین بە خائین بە پاکەکانیشەوە، هەموومانی تیائەبین بە قارەمان بە خائینەکانیشەوە! بەڵام لە غیابی زمانی تەخویندا، خائین ئەگەر هەبێ، ڕووتوقووت ئەبێتەوەو تەریك ئەکەوێ. گەورەترین کێشەی تەخوین ئەوەیە کە خیانەت ئاسایی ئەکاتەوە! من و تۆ کە بەردەوام یەکتری تەخوین ئەکەین، لەڕاستیدا یەکتری هان ئەدەین بۆ خیانەت، چونکە ئەگەر بشیکەین شتێکی غەریبمان نەکردوە، هەرئەوەمان کردوە کە بەردەوام بە یەکتری ئەڵێین و ئەوەندەشمان وتووە، کە ئیتر شتەکە ئاسایی بووەو شۆك و باجی نەماوە. جا ئێستا ئەوە هیچ پارتییەکان و پەکەکەکانی خوارەوە، بە زمانی زبڵ و زێراب بەرامبەر یەك ئەدوێن، وەلێ هەندێکی تر کە نە پارتین و نە پەکەکەن، یەعنی نە سەلکی سیرن نە قنچکی پیاز، کەچی لەبری قسەی خێر یان لانیکەم بێدەنگی، خەریکی خۆشکردنی ئاگرەکەن! ئەمانە کۆیلەی ئەو دوو حیزبەنین، چونکە ڕەبتیان بەو دوو حیزبەوە نییە، ئەمانە تەنیا کۆیلەی شەڕن، کە ئەمە خراپترین جۆری کۆیلەییە! کۆیلەی شەڕ ئەوەیە، هەمیشە شەڕێك دێ و ئەتوانێ تۆ بتباتە ناو خۆیەوە، بەڵام تۆ ناتوانی نەچیتە ناویەوە. زۆر بەکورتی لای من مەسەلەکە ئەوەنییە کێ خائینەو کێ شۆڕشگێڕ، مەسەلەکە ئەوەیە کە شەڕەکە نەبێت، خیانەتیش ئەوەیە کە شەڕەکەببێت
شوانە حەسەن ئەبوبەکر