بەشیکی تر لە دەقی ئەمەوێت دەستێک لە مردن ڕاگرم
بەشیکی تر لە دەقی
ئەمەوێت دەستێک لە مردن ڕاگرم
ووردە شوشەی قاوەیی
لە چاوەكانم دەكەوێتە خوارەوەو
دراوسێكانیشم ، لای پیاوێكی فاڵچی
دووگمەی ستیانەكانیان دەترازێنن .
هەراسانم دەكات
ئەم هاتوو چۆیەی خۆم ، هەراسانم دەكات
غەڵبە غەڵبەكانم ، بۆ ناخرێتەوە شوێنی خۆیان و
بەقەد ئەم دەڤەرە ویران كراوە ،
كۆترە شینكە دەناسم
كەچی بەیانیەكی سەرسپیم ، بۆ نابرێتە بەردەرگای
كڵێسەیەكی بێ ناونیشان !!!
ووردەشووشەی قاوەیی،
لە چاوەكانم دەكەوێیتە خوارەوەو
كەچی نازانم من لە كوێوە هاتووم
ئاخ وێرانەیە ، ئەم دەڤەرە وێرانەیە
مردووەكان بەیانیان بۆ پیاسە دێنەدەرەوەو
ئێوارانیش بە كۆڵێك زامەوە ، دەگەڕێنەوە ماڵەوە
هیچ شتێكم لەسەر خۆم بۆ نانووسرێت !
ناتوانم بە هاوڕێكەم بڵێم :
با پیاسەیەك بەلای ماڵی ئەنوەری مەجید سوڵتانا بكەین و
گوێیەك لە شەقەی باڵی كۆترە شاملیەكانی بگرین .
ووردەشووشەی قاوەیی
لە چاوەكانم دەكەوێتە خوارەوەو
كەچی بەتەمام كتێبی ناو كتێبخانەكەم بفرۆشم و
بە مردووەكان بڵێم ;
ئیتر لەمەو لا ئێوە دەخوێنمەوەو
ئێوە دەنووسمەوە
ئەم دەڤەرە پڕە لە
گۆمی قووڵ و
بێزاری باران و
ڕوو ڕەشی ڕەشەبا .
هەراسانم دەكەن. !!
ئەوانەی بە پێڵاوی بریسكەدارەوە ،
دەڕۆنە هۆڵی پەرلەمانەوە
هەراسانم دەكەن ،
لەپێستی خۆم دەرم دەكەنە دەرێ.
هەموو شتێك ڕادەگرم !!!
من. تێ ناگەم ،
لە چوونە دەرەوەی خۆم تێ ناگەم
ئاخر …
كە گوێم لە بانگی بەیانیان دەبێت
ئەو پیاوەم بیر دەكەوێتەوە
كە لە ژووری مردوو شۆری مزگەوتێكدا ،
ئەتكیان كرد .
چاوەكانم ، ووردە شوشەی قاوەیی لێ دەكەوێتە خوارەوەو
مامۆستای وانەی دین ،بەگۆچانێكی خوارو خێچەوە
بەلاما دەڕوات.
دایكم پێم دەڵێت ;
كوڕم لە كەلی شەیتان وەرە خوارەوە
ئێستا زەمەنی ”كەوا بخۆیە ”
ئەوەندە ئەم قورئانە ، ئەم دیوو ئەو دیوو مەكە ،
خوا دەتگرێت .
ووردەشووشەی قاوەیی لە چاوەكانم دەكەوێتە خوارەوەو ،
زۆر شەو باوكم دێتە خەونم و پێم دەڵێت ;
كوڕم قەیتانی پێڵاوەكانم ، خەریكە دەڕزێت و
حەز ناكەم بە پێ خاوسی بچمە حزووری خودا
ئاخر من ….
ئەم هەموو خەمانەم بۆ ناخرێتە ،
كۆڵە پشتەكەمەوەو
شانم تەواو تەواو…خواربووەو
خەریكە خۆمم لێ دەكەوێت خوارەوە
چاوەكانم ووردە شوشەی قاوەیی لێ دەكەوێتە خوارەوە.
حەکیم میرزا
قەسیدەكە بەردەوامە