دیمانە لەگەڵ ئاسۆ شابان ئەندامی ڕێکخراوی ئینەرناسیونالی سۆشیالیستی هۆڵەندا سەبارەت بە پرسی چاکسازی دەسەڵاتی هەرێم

0

دۆسیەی ژمارە” پرسی چاکسازی دەسەڵاتی هەرێم”

ئاسۆ شابان: ڕۆشنە کە تەنها چاره‌سەرێک لەبەرامبەر ئەم بەربەریەتەدا سۆشیالیزمە…

دیمانە لەگەڵ ئاسۆ شابان ئەندامی ڕێکخراوی ئینەرناسیونالی سۆشیالیستی هۆڵەندا سەبارەت بە پرسی چاکسازی دەسەڵاتی هەرێم

بۆپێشەوە: هەموو کابینەکانی حکومەت و هەموو حزبە سیاسیەکان باسی گرنگی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی دەکەن، کەچی گەندەڵی و تاڵانی هەر درێژەی هەیە، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئاسۆ شابان:                                                                                                                   سیستمی سه‌رمایه‌داری لەپێناو زیاتر وه‌رگرتنی زێده‌بایی زیاتردا له‌سه‌ر ئه‌و میتۆده بونیاد نراوه که تا ده‌توانیت قازانج به‌ده‌ست بێنه‌و که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ی خۆت بکه له پێناو ده‌سه‌ڵاتدا، پاشان هه‌ر خۆت خاوه‌نی ڕه‌خنه‌ی هه‌مان میتۆد به له پێناو ئارام کردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کاندا.

بۆیه زۆر ئاساییە کە خودی کابینەکانی حکومەت قسەیان لەسەر گەندەڵی بێت، لە کاتێکدا کە خودی خۆیان سەرچاوەی سەرەکی ئەو سسیتمەن کە ئەو گەندەڵیەی دروستکردوە، ئەمە هەمان ئەو میتۆدەیە کە لەسەرجەم وڵاتانی تری سەرمایەداریدا پیادە دەکرێت.

گەندەڵی لە سستمی سەرمایەداریدا بونیادو مانەوەی دەسەڵاتی ئەوانە. کەڵەکەکردنی سەرمایەو کۆنترۆڵکردنی جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئەوان پێویستە بۆ بەردەوام بوونی دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان و هەڵوەشاندنەوەی ڕیزبەندی بونیادی کۆمەڵگە. ئەوان لە گەندەڵیەوە دەتوانن سەرمایەی خۆیان کۆکەنەوەو لە دەسەڵاتدا بن، وە کاتێک کە دەسەڵاتی سیاسی خۆی و مانەوەی پەیوەند بێت بەو گەندەڵیەوە کە هەیە، چ چاوەڕوانیەکت لێی هەیە جگە لەبەردەوام بوون و گەشە پێکردنی نەبێت. ئەو حیزبە سیاسیانەی تریش کە ناتوانن ڕێ بەم گەندەڵیە بگرن ئەوا باشترین وەڵام ئه‌وه‌یه‌ کە ئەوانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەست بن بەو گەندەڵیەوه‌و لەسەر هەمان ڕێچکەی ئەو سستمە دەژین، دەنا دەبوونە ئەڵتەرناتیڤێکی زیندوو.

 

بۆپێشەوە: ئۆپۆزیسیۆن… بەتایبەتی حزبی گۆڕان بە بانگەشەی دەیگۆڕین و پاکیجی شەفافیەت و چاکسازیان بەدەستەوە گرت، کەچی خۆیان بوونە بەشیک لەو حکومەت و دەسەڵاتەی کە بەد زو گەندەڵیان دەزانی، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

                                                                                        ئاسۆشابان: بزووتنەوەی گۆڕان، خۆی بەشێکی دابڕاو بوو لەهەمان ئەو سستمە گەندەڵەی کە هەیە، کاتێک کە وەک پێویست جێگەو ڕێگەیەکیان لەو دەسەڵات و دابەشکردنەدا نەبوو، بوونە ئۆپۆزیسیۆن، واتە بەهەمان هزری سیاسی دەسەڵاتەوە، چما دەستەی ڕابەرایەتی ئەوان لە کوێوە هاتوون، هەر خۆیان دامەزرێنەرو پێکهاتەی هەمان گەندەڵکارەکانی تر نین. ئاساییە کاتێک ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیست یان لیبڕاڵ دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن، ئەوا دەبێتە خاوەنی هەموو ئەو داواکاریانەی کە لە ڕاستیدا داواکاری سەرەکی کرێکاران و زەحمەتکێشانی نێو جەماوەرە، هه‌ر وەک چەپ و لیبڕاڵێکی ڕادیکاڵ دێتە مەیدان بۆ ئەوەی سەرجەم ناڕەزایەتیەکان و بەرەی دژە دەسەڵات لە خۆی کۆکاتەوە، نا بۆ ئەوەی دەست بە ئامانجەکانی ئەوانەوە بگرێت، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە خۆیان دەیانەوێت، بزووتنەوەی گۆڕانیش باشترین نموونەیە، لەبەرەی ناڕەزاییەتی جەماوەریەوە دژی گەندەڵی بۆ بەشداربوون لە دەسەڵاتی هەمان دەسەڵات و سستمی گەندەڵدا، زۆر ڕۆشنەو سادەترین کەس دەتوانێت لەمە تێ بگات. کاتێک کە ئۆپۆزیسیۆن ئەڵتەرناتیڤێکی ڕاستەقینەی جەماوەر نەبێت ئەوا بێ هیچ دوو دڵیەک سبەی ڕۆژ لەهەمان دەسەڵاتدا دژ بە جەماوەر پشتیوانی لە دەسەڵات دەکات، خەڵکی ناڕازی و یاخی بە دەسەڵات زۆر ڕۆشن ئەمەیان بینی بێ ئەوەی چیتر هیچ  وەهمێکیان بە ئۆپۆزیسیۆن بمێنێت.

بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتاوە ئەو ئەڵتەرناتیڤە نەبوو کە بتوانێت جێ بە دەسەڵات لێژ بکات، چونکە داهات و کۆمەکی ئەم ڕێکخراوە لەخودی حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو، ئەوەی ئەوانی کردە ئۆپۆزیسیۆنێکی گەورە، بێ ئاسۆیی و نەبوونی پارتێکی شۆڕشگێڕ بوو لە مەیداندا، بۆیە ئەوان توانیان لە قۆناغێکی تایبەتدا ئەو هەلە بقۆزنەوەو گشت ئەو جەماوەرەی دژ بە دەسەڵات بوو لە نێو خودی خۆیاندا ڕیزبەندی کەن، بەڵام خەونی بێ ئەڵتەرناتیڤی ئەم بزووتنەوەیە زوو ئاشکرا بوو بۆیە ناچار بێ بەرامبەر لەگەڵ دەسەڵات زوو پێکهاتن.

بۆپێشەوە: هۆکارێکی سەرەکی تورەیی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان، دزی و گەندەڵی بوو… هۆکاری بانگەشەی چاکسازی لەلایەن حکومەتەوە، چەندە پەیوەندی بە خامۆش کردنەوەی ناڕەزایەتی و تورەیی جەماوەرییەوە هەیە؟

ئاسۆ شابان: بێگومان ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر هەمیشە بەردەوامە لەبەرامبەر گەندەڵی و نابەرابەریەکدا کە هەیەو تیایدا دەژین. بەڵام تا ئەو شوێنەی ڕێکخراو نییە هیچ ئەنجامگیریەکی لێ ناڕوێت. بەڵام لە هەمانکاتدا پرسی ئێمە ئەوەیە، ناڕەزایەتیەکان کێ دەیکات و لەسەر چ میتۆدێک کاردەکات لە بەرامبەر دەسەڵاتداو کێ ڕابەرایەتی ناڕەزایەتیەکان دەکات؟ لە کاتێکدا کە ئێمە هیچ پارتێکی شۆڕشگێڕی ڕاستەقینەمان نەبێت لەمەیداندا کە ڕێکخەرو ڕێبەرایەتی ناڕەزایەتیەکان بکات، کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان پەرش و بڵاوو ناڕۆشن بە ڕێکخرابوونی خۆیان ناڕازی بن، چاوەڕوانی ئەوەش لێرەدا ناکرێت کە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان تاسەر بەردەوام و ئەنجامگیربن.

 پێش هەموو شتێک ئێمە پێویستمان بە ئاستێکی هۆشیاری چینایەتی ڕۆشنی ڕێکخڕاوبوون هەیە کە پابەندبێت بە ئەڵتەرناتیڤێکی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕانەوە تا بتوانین ئایندەو ئاسۆیەکی ڕۆشن بۆ ناڕەزایەتیەکان مسۆگەر بکەین و بە قازانجی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە لیبڕاڵەکان تەواو نەبێت و گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لە بونیادی کۆمەڵگەو دەسەڵات و سیستمی باودا بێنێت.

دەنا هەموو کات خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتەکان بە قازانج و ئامانجی دەسەڵات تەواو دەبێت و دەتوانن بە هەندێ دەستکەوت کە مافی ڕەوای ڕاستەقینەی کرێکاران و جەماوەری ڕاپەڕیوە، هێمن کەنەوەو بەو ڕێچکەیەدا بیبەن کە دەیانەوێت.

بۆیە برەودان بە هۆشیاری چینایەتی و خۆڕێکخستن لەدەرەوەی ڕێکخراوەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئەرکێکی جدی و مێژووییە کە دەبێت بکرێت.

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان چ ئەرکێکی بۆ رووبوونەوەی دزی و گەندەڵی دەکەوێتە ئەستۆ؟    
ئاسۆ شابان: ئەم پرسیارە زۆر ڕۆشن نیە! خەڵکی دەتوانێت چی بکات لە کاتێکدا کە ناتوانێت خۆی ڕێک بخات، کە ناتوانێت هاوخەباتی و هاوڕیزی توێژەکانی نێو کۆمەڵگە پێکەوە گرێ بدات.

باشترین وەڵامدانەوە بەو دزی و گەندەڵیەی کە هەیە، خۆڕێکخستن و بەردەوامبوونی ناڕەزایەتیەکانە تا دەگاتە ئاستێکی باڵای کۆنتڕۆڵکردنی پێگەی دەسەڵات لە نێو بوارەکانی ژیاندا تا ئاستی ملدان بە دەسەڵات و شکست پێهێنانی. کارکردن لەسەر هاوپشتی و هاوکاری و هاوخەباتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە پێکەوە لەسەر بونیادی ئەڵتەرناتیڤێکی شۆڕشگێڕانەی ڕۆشن و کارکردن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو سستمەی کە بۆتە هۆی دروست بوون و بەردەوامی گەندەڵی. لە هەمان کاتدا کارکردن لەسەر پیادەکردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی لەبەرامبەر هەر نابەرابەریەکی چینایەتی و کۆمەڵایەتیدا کە تا ئێستا هەیە، هەڵبەت لێرەدا ئەو پرسە دێتە پێشەوە، کامە ئەڵتەرناتیف و کام بونیادی شۆڕشگێڕانە؟ هەڵبەت بۆ ئێمە ڕۆشنە کە تەنها چاره‌سەرێک لەبەرامبەر ئەم بەربەریەتەدا سۆسیالیزمە، ئیتر ئەمە دەبێتە ئەرکێکی دەستبەجێی سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان کە ئەم خۆ ڕێکخستن و ڕێبەرایەتیە بگرنە ئەستۆی خۆیان و کاری جدی بۆ بکەن، هەر وەک چۆن ئێستا لەسەرتاسەری جیهاندا سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان لە بزووتنەوەیه‌کی ئینتەرناسیۆنالی جیهانیدا کاری لەسەردەکەن و بە ئەرکی هەنوکەیی و مێژوویی خۆیانی دەزانن..

Leave A Reply

Your email address will not be published.