ماریا هەورامی و قیرەقیری مەلا

0

ماریا هەورامی و قیرەقیری مەلا

ماریا هەورامی هونەرمەند لە دەستپێشکەریەکی هونەری ناوازەدا، کلیپی “دڵەکەم”ی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و زیندو لە شەقامی سالمی سلێمانی پێشکەش کرد. پێشکەش کردنی ئەم گۆرانییە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و لەیەکێک لە شەقامە سەرەکی و پڕ لاوی دڵپڕ لەهیوا، هەنگاوێکی نوێ و ئازایەتیەکی ناوازەی هونەرمەندی نیشاندا. ئەم دەستپێشکەرییەی ماریا هەورامی و گوێزانەوەی پێشکەش کردنی کلیپ لە هۆڵ و قاعە و ستۆدیۆکانەوە بۆ ناو شەقامێكی سەرەکی و وتنی بەشێوەی ڕاستەوخۆ… بووە مایەی پێشوازی گەرمی لاوان و تازە لاوان و عاشقانی هونەرو گۆرانی… بەڵام وەکو هەمیشە بەشێک لە مەلا بەلاشخۆرەکانی کوردستان هەراسان بوون و دەماری ئیسلامی داعشیان بزواو کەوتنە سوکایەتی کردن بە ماریای هونەرمەند و بە لاوانی عاشقی هونەرو بە هاوڵاتیانی تامەزرۆی خۆشی و شادی. بەڵی ئەو ڕیزە لە مەلا کە لەبەرامبەر کوشتنی بەردەوامی ژنان، لە بەرامبەر دڕندەیی داعش و رێکخراوەی داعش، لەبەرامبەر بە کرین و فرۆشتنی ژنانەوە لەلایەن داعش و هاوشێوەکانیانەوە، نوزەیان لێوە نەهات و بە واجبی شەرعی!! یان، زانی… کەچی لەبەرامبەر کارێکی هونەری شێواز نوێدا، گڕیان گرت و ماشینی سوکایەتیکردنیان بە ماریا و هاوڵاتیان، وەرێخستووە. ئەوەی ئەو مەلایانە دەیکەن نە تازەیەو نە دەتوانێت بەر بەرەوتی مەدەنیەتی کۆمەڵگەو کرانەوەی بگرێت. دیارە بێدەنگی دەسەڵاتی سیاسی لەبەرامبەر بەو مەلایانەدا، هاوسۆزی ئەو دەسەڵاتە لەگەڵ عەقڵیەتی ئەو مەلایانەو کەلتوری کۆنەپەرستی پرتوکاوی ناوکۆمەڵگە دەخاتە روو… بەڵام چ مەلاکان و چ دەسەڵاتی پارێزەو و پشت و پەنای مەلاکان و کۆنەپەرستی، دەبێ ئەو راستیە قبوڵ بکەن کە رەوتی لەم جۆرە لە هونەر و دەستپێشکەری تر لەلایەن هونەرمەندانی ئازادیخواز و “ماریا” کانەوە بەری پێناگیرێت و لاوان و هاوڵاتیانی پێشکەوتنخوازی کوردستانیش ئامێزیان بۆ کرانەوەو داهێنان ئاوەڵایەو وەڵامی توندیش بەخێڵی مەلای کۆنەپەرست و دەسەڵاتی سیاسی رەگ لەدواکەوتودا، دەدەنەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.