بۆچی وەداد حسێن تان تیرۆرکرد ؟

0

بۆچی وەداد حسێن تان تیرۆرکرد ؟

دوای ئەو زنجیرە تیرۆرەی لە ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادیخوازان دەکرێتەوە لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری یەکیەتی و پارتی، بەداخەوە دواتر هەرچۆنێک بێت کەیسەکانیان لەلایەن دادگاکانەوە ون دەبێت، بۆیە دەبێت بگەینە ئەو بڕوایەی کە پشت بەستن بە یاسا بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکان، ھەڵەیەکی گەورەیە.

بەیاننامەی فراکسیۆنە پەرلەمانیەکان و، دروستکردنی لیژنەی دەسەڵات، چاوەڕوانی ئەنجامێکی دڵخۆشکەری لێناکرێت.

لە ئەزموونمان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە ئازادی کوژ و کورد کوژو ڕۆژنامەنووس کوژە تێیگەیاندین لیژنەکان و بەیاننامەکان و ئیدانەکردنەکان، نەیتوانی ھیچ یەک لەو تاوانانە ئاشکرا بکات کە دژی رۆژنامەنووسان و ئازادییەکانی تاکی کورد کراوە.

کوشتنی ڕۆژنامەنووسان زنجیرەیەک کوشتنە لە شوێنێکدا دەست پێدەکات و کۆتاییەکەی دیار نییە. ئەم زنجیرە کوشتنە بەو شێوە چەتەییەی دەسەڵات، بڕوایەکە لەناو بیرکردنەوەی دەسەڵاتدا هەیە بێگومان ئەوانەی ئەم کارانەیان لێدەوەشێتەوە، بریتین لەو ھەرچی و پەرچیانەی، ھیچ خەونێکی گەورە، ھیچ فەرھەنگێک و کەلتورێکیان نییە. لە بێ فەرھەنگی و بێ کلتوریدا دەبنە پاسەوانی سیستەمە داپڵۆسێنەرەکان. ھەمیشە ئەم”ھەرچی و پەرچی”یانە دینەمۆیەکی بەھێزن بۆ برەودان بە سیستەمە سەرکوتکەرەکان. ئەوانە بەشێکی ناو کۆمەڵگەن و لە ئاستی خوارەوەن و شتێکیان نییە لەدەستی بدەن. لە بێ فەرھەنگیدا تەواوی ئەو کارە نامرۆڤانانە دەکەن پێیان دەسپێدرێت و دەبنە دەردێکی کوشندە بۆ کۆمەڵگە و، پارێزەری سیستەمە بیمارەکان.

تیرۆرکردنی (وەداد) بەو شێوە دڕندانەیە، ھەرگیز بە دەستی کەسانێک نەکراوە خاوەن فەرھەنگ و کلتوربن. بەدەستی ئەو “ھەرچی و پەرچی”یانە کراوە کە بێ فەرھەنگن و، پارێزەری سیستەمێکی بیمارن. تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسێک بەو جۆرە، لەلایەن کەسی ئاساییەوە ئەنجام نادرێت، لەلایەن ھەرچی و پەرچییەکانەوە ئەنجام دەدرێت کە سەر بەدەسەڵاتن.

ئێمە ناڵێن وەک ساڵانی ڕابردوو دیسان ئەمساڵیش با لیژنەیەک بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم کەیسە دابنرێت، چونکە بروامان بەو پەندە روسییە کە دەڵێت: “ھەرکارێک ویستت سەرنەگرێت، لیژنەی بۆ دابنێ.” لیژنەکان چاوەروانی یەکلاکردنەوەی کەیسەکانیان لێناکرێت و، کەیسەکان ون دەکەن. بەیاننامەی فراکسیۆنەکانیش تەنھا وەک ھەڵوێستێک وەردەگرین. دادگاکانیش جێگای بڕوا نین و، ناتوانن سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن. کەوایە کێ ھەقی تیرۆرکردنی شێوە دڕندانەکەی ئەو رۆژنامەنووسە یەکلایی دەکاتەوە.

لە ئێستادا پێویستە ڕوو لە (پەکەکە) بکەین و بپرسین: ئایا ئەو رۆژنامەنووسە کە سەر بە دەزگاکانی ئەوان بووە، وەلائیشی بۆ ئەوان بووە، تیرۆرکردنی بەو جۆرە جێگای بێدەنگییە دوای تێپەڕینی چەند ساڵ دەبێت ئەو ھێزە بەھەر شێوەیەک بووە ھەقی ئەو رۆژنامەنووسە وەربگرێتەوە. بکوژەکانی ئەو رۆژنامەنووسە، کە بریتین لە کۆمەڵێک ھەرچی و پەرچی و، شێوازی کوشتنەکەی ھەرچی و پەرچی بوونیان دەردەخات، شایەنی ئەوەن لەسەر کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە لەم کۆمەڵگەیە دوربخرێنەوە و رێگایان پێنەدرێت، لەوەزیاتر ژینگەی ئەم کۆمەڵگە لەبەر خاتری پاراستنی دەسەڵاتێکی بیمار پیس بکەن.

پەکەکە ئەگەر چیتر بێدەنگ بێت، سبەی ھەمان ئەو گەنج و ڕۆژنامەنووسانەی لەو سنوورە بروایان بە ئازادی ھەیە و، وەلائیان بۆ دەسەڵات نییە، تووشی ھەمان دۆخ دەبنەوە. بروای تەواوم بەوە ھەیە، پێویستە پەکەکە بە شێوەیەکی ڕژد ھەقی (وەداد) بسەنێتەوە و چاوەرێی کەمپین و بەیاننامە و دادگا نەکات، چونکە چەند ساڵە وەک ئێمە ئاگادارین ئەو کەیسە بەلاڕێدادەبرێت بەو پاساوە. ئیدی ئەو شتانە لەم ھەرێمە مانایان نەماوە. ناشکرێت پەکەکە وەک ھێزە ترسنۆکەکانی باشور چیتر بێدەنگ بێت و ھەروا رووداوێکی خەمھاوەر بەسەریدا تێبپەڕێت. ئەوانەی (وەداد)یان بەو شێوازە دڕندەیە تیرۆرکرد، شایەنی لێپێچنەوەی توندی یاسایین.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر

Leave A Reply

Your email address will not be published.