دیمانە لەگەڵ کامەران محەمەد رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە جینۆسایدی خەڵکی شەنگال

0

داعش دوبارە نووسینەوەی لایەنە ڕەشەکانی مێژوی ئیسلامە بە فۆنتێکی گەورەتر

دیمانە لەگەڵ کامەران محەمەد رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە جینۆسایدی خەڵکی شەنگال

بۆپێشەوە: ئەمساڵ پینج ساڵ بەسەر هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر شەنگال و جینۆسایدی دانیشتوانەکەییدا تێپەر دەبێت، هۆکاری هێرش بۆسەر شەنگال چی بوو؟

کامەران محەمەد: بۆ ئەوەی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال شەنوکەو بکەین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مانگی ٦ی  ٢٠١٤، واتە سەرەتای هاتنی داعش و داگیرکردنی موسڵ، کە دەکاتە دوو مانگ بەر لە هێرشی ئەوان بۆ سەر شەنگال. هەر لەو کاتە چەند میدیایەکی هەرێمی کوردستان، توانیان هەندێک لێدوان لە بەرپرسانی داعش وەربگرن، بۆ نمونە هەفتەنامەی ئاوێنە دیدارێکی لەگەڵ بەرپرسێکی داعشی بە ڕەگەز کورد کرد، کابرای بەرپرس بە ئاشکرا گوتی” کوردستان لە چوارچێوەی ئیمارەتی خەلافەتەکەمان دایە”. ئەمە ئاماژەیەکی ئاشکرا بوو، کە داعش بە نیازی داگیرکردنی کوردستان بوو، لەلایەکی دیکە، هەردوو حزبی دەسەڵاتداری میلیشیایی، لەسەر پەیوەندییان لەگەڵ داعش هاوڕا نەبوون، پارتی بە ئاشکرا و لە رقی مالیکی، داعشی بە هاوسێیەکی تازە وەسف کرد و هەوڵی دۆستایەتی دەدا، یەکێتیش زیاتر وەکو دوژمن لێی دەڕوانی و داوای شەڕکردنی دەکرد، سنورەکانی پارتی تا ڕادەیەکی زۆر ئارام بوو و کەس بەتەمای شەڕ نەبوو. بارزانی لەگەڵ مالیکی کەوتبوە ململانێیەکی شەخسی توندەوە، تا ئەو ڕادەیەی شیر و تیریان لەیەکتر هەڵدەسوی! هەموو ئەمانە بونە هۆی ئەوەی شەنگال بکرێتە قوربانییەکی گەورە! پێموایە هەڵبژاردنی شەنگال بۆ یەکەم هێرش لەلایەن داعشەوە، هەر لە خۆوە نەبوو، هەم باگراوندێکی دینی هەبوو، هەم بێخاوەنیەکەی قۆسترایەوە.

بۆپێشەوە: هێزێکی زۆری پێشمەرگە و زێرەڤانی لە شەنگال بوون، بەتایبەت هێزەکانی پارتی، هۆکار چی بوو بەرگریان نەکرد؟ یان ئەگەر ئەو هێزانە رایان دەکرد، یان توانای بەرگریان نەبوو بۆچی خەڵکی شەنگال و ناوچەکەیان ئاگادارنەکردوە، تا ڕێگایەک بدۆزنەوەو ئەو کارەساتە ڕوونەدات؟ ئەو هەموو قوربانیەی لێ نەکەوێتەوە؟

کامەران محەمەد: ڕەنگە قسەکانی نادیە موراد باشترین بەڵگە بێت، کە باسی لەوەکرد هێزەکانی پارتی پشتیان تێکردن و بونە هۆکاری ئەو قەتلوعامەی ئێزدییەکان بە دەستی دڕندەترین گروپی دینی سەدەی بیست و یەک.  هەموومان دەزانین هێزی پێشمەرگە هێزێکی حزبییە و وەلائی بۆ سەرۆکی حزب هەیە، بۆیە هیچ گومانی تێدا نییە، ئەگەر سەرۆکی پارتی داوای شەڕی لەو هێزەی خۆی لە شنگال بکردبایە، بای ئەوەندە بەرگری دەکرا، کە ئەو کارەساتە گەوریەی لێنەکەوێتەوە، سەیر بکەن یەک چەکداری پارتی لە کەوتنی شەنگال لوتی بەخوێن دانەهات! هەڵنەگرتنی ئەو مەسولیەتە، بابەتێک نییە بەسەریدا گوزەر بکەین، دڵنیام ڕۆژگارێک دێت، بەرپرسانی ئەم تاوانە گەورەیە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

بۆپێشەوە: زەمینە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی سەرهەڵدانی داعش یان هێزی لەچەشنی داعش بۆچی دەگەڕێتەوە؟

 کامەران محەمەد: بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان، ئەوەیە، کە داعش بزوتنەوەیەک نییە بە مێژوو نامۆ بێت، جیاوازییەکە هەر ئەوەیە، کە ئەو لەسەردەمی تەکنەلۆژیا و سەری هەڵداوە، پێموایە داعش دوبارە نووسینەوەی لایەنە ڕەشەکانی مێژوی ئیسلامە بە فۆنتێکی گەورەتر. هۆکاری دووەم خودی ڕۆژئاوایە، دیارە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە سەرئامەدی ئەمریکا، لە پێناو دەستبەسرداگرتنی خێر و بێری ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، گوێ بە هیچ بەهایەکی ئینسانی نادەن و بە ملیۆنان مرۆڤ دەکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانییان، بۆیە سەرهەڵدانی گروپە قاعیدەزادەکان،  قازانجی ئابووریی وڵاتە زلهێزەکانی تێدایە، دیارە قسەکانی هیلاری کلینتۆن لەمەڕ دروستبونی ئەو گروپە دینییە توندڕەوانە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە. هۆکاری سێیەم فەشەلی حوکمڕانییە لەم وڵاتانەی، کە قاعیدەزادەکانی لێدروست دەبێت. نەبونی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، بۆشاییەکی گەورەی دروستکردوە،  ئیسلامییەکان زۆر باش ئەو بۆشاییەیان قۆستۆتەوە، چونکەلە کۆمەڵگەیەکی دینی، تەوژمی دینی لەبەرامبەر سیستەمێکی دیموکرات و عەدالەتخواز، چۆک دادەدات، بە پێچەوانەواش، لە حوکمڕانییەکی  گەندەڵ و نا دادپەروەر، تەوژمی دینی چەکەرە دەکات، وەک ئەو تەوژمەی، کە ئێستا لە کوردستان، لە سایەی سەری پارتی و یەکێتی لە چ تەشەنەیەکی گەورە دایە.

بۆپێشەوە: کارەساتی شەنگال، یەکێک لە گەورەترین کارەساتی هەزارەی سێهەم و پڕ قوربانیترین کارەساتی بەکۆمەڵی، کۆمەڵگەی عێراق و کوردستانە، کێ بەرپرسی سەرەکی ئەو کارەساتەیە؟ ڕۆڵی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان چییە لەو کارەساتەدا؟

کامەران محەمەد: لە جیاتی بڵێین کارەساتی شەنگال، وا باشترە بڵێین تاوانی شەنگال، چونکە ڕوداوێکی سروشتی نییە، بەڵکو تاوانێکە، لەلایەن مرۆڤەوە و لە دژی مرۆڤ، زۆر بە ئاگایانە ئەنجامدراوە. پێموایە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسی سەرەکین و کەسیان لە پەراوێز نین، داعش هێرشکەرە و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش نابەرگریکار، لەم نێوەندەدا، هەزاران مرۆڤ قوربانییە، کەواتە مەسولیەتی بەرگریکردن ئەرکێکی نیشتیمانی و ئەخلاقی بوو، کاتێک دەسەڵاتێک بەو هەموو جەبەڕوتیەی خۆیەوە، زاتی ئەوەی نەبێت ئەو مەسولیەتە لە ئەستۆ بگرێت و بە هەزاران کەس بکاتە قوربانی، کەواتە بەشێکی سەرەکییە لە تاوانەکە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.