بەشیکی تر لە دەقی ئەمەوێت دەستێک لە مردن ڕاگرم

0

ووردە شوشەی قاوەیی
لە چاوەكانم دەكەوێتە خوارەوەو
دراوسێكانیشم، لای پیاوێكی فاڵچی
دووگمەی ستیانەكانیان دەترازێنن .

هەراسانم دەكات
ئەم هاتوو چۆیەی خۆم، هەراسانم دەكات
غەڵبە غەڵبەكانم، بۆ ناخرێتەوە شوێنی خۆیان و
بەقەد ئەم دەڤەرە ویران كراوە،
كۆترە شینكە دەناسم
كەچی بەیانیەكی سەرسپیم، بۆ نابرێتە بەردەرگای
كڵێسەیەكی بێ ناونیشان !!!

ووردەشووشەی قاوەیی،
لە  چاوەكانم دەكەوێیتە خوارەوەو
كەچی نازانم من لە كوێوە هاتووم
ئاخ وێرانەیە، ئەم دەڤەرە وێرانەیە
مردووەكان بەیانیان بۆ پیاسە دێنەدەرەوەو
ئێوارانیش بە كۆڵێك زامەوە، دەگەڕێنەوە ماڵەوە
هیچ شتێكم لەسەر خۆم بۆ نانووسرێت !
ناتوانم بە هاوڕێكەم بڵێم :
با پیاسەیەك بەلای  ماڵی ئەنوەری مەجید سوڵتانا بكەین و
گوێیەك لە شەقەی باڵی كۆترە شاملیەكانی بگرین .

ووردەشووشەی قاوەیی
لە چاوەكانم دەكەوێتە خوارەوەو
كەچی بەتەمام كتێبی ناو كتێبخانەكەم بفرۆشم و
بە مردووەكان بڵێم ;
ئیتر لەمەو لا ئێوە دەخوێنمەوەو
ئێوە دەنووسمەوە
ئەم دەڤەرە پڕە لە
گۆمی قووڵ و
بێزاری باران و
ڕوو ڕەشی ڕەشەبا .

هەراسانم دەكەن. !!
ئەوانەی بە پێڵاوی بریسكەدارەوە،
دەڕۆنە هۆڵی پەرلەمانەوە
هەراسانم دەكەن،
لەپێستی خۆم دەرم دەكەنە دەرێ.

هەموو شتێك ڕادەگرم !!!
من. تێ ناگەم،
لە چوونە دەرەوەی خۆم تێ ناگەم
ئاخر …
كە گوێم لە بانگی بەیانیان دەبێت
ئەو پیاوەم بیر دەكەوێتەوە
كە لە ژووری مردوو شۆری مزگەوتێكدا،
ئەتكیان كرد .

چاوەكانم، ووردە شوشەی  قاوەیی لێ دەكەوێتە خوارەوەو
مامۆستای وانەی  دین، بەگۆچانێكی خوارو خێچەوە
بەلاما دەڕوات.
دایكم پێم دەڵێت ;
كوڕم لە كەلی شەیتان وەرە خوارەوە
ئێستا زەمەنی ”كەوا بخۆیە ”
ئەوەندە ئەم قورئانە، ئەم دیوو ئەو دیوو مەكە،
خوا دەتگرێت .

ووردەشووشەی قاوەیی لە چاوەكانم دەكەوێتە خوارەوەو،
زۆر شەو باوكم دێتە خەونم و پێم دەڵێت ;
كوڕم قەیتانی پێڵاوەكانم، خەریكە دەڕزێت و
حەز ناكەم بە پێ خاوسی بچمە حزووری خودا
ئاخر من ….
ئەم هەموو خەمانەم بۆ ناخرێتە،
كۆڵە پشتەكەمەوەو
شانم تەواو تەواو…خواربووەو
خەریكە خۆمم لێ دەكەوێت خوارەوە
چاوەكانم ووردە شوشەی قاوەیی لێ دەكەوێتە خوارەوە.

حەکیم میرزا
قەسیدەكە بەردەوامە

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.