نەوت دزەکان زۆرتر دەبن!

0

نەوت دزەکان زۆرتر دەبن!

لەچوارچێوەی تاڵانی و دزییەکی ئاشکرای دەسەڵاتی میلیشیایی و مافیایی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبە دەسەڵاتدارەکانیدا، تاڵانی و دزینی نەوت… چ لە رێگای دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتیەکان و شاردنەوەی داهاتەکەی و چ بەهۆی دزین و کونکردنی بۆریەکان و گواستنەوەی بە تانکەر… پر خێرترین کەرتە، کە بەرپرسانی ئەو حزبانە دەمیان تێوەی ژەنیووە.

نەوت بۆ بەرپرسانی ئەو حزبانە بۆتە مایەی هەڵچنینی سەروەت و سامانێکی خەیاڵی و لەبەرامبەریشدا بۆ جەماوەری کوردستان بۆتە برسێتی و گرانی و نەهامیەتیەکی خەیاڵی… نەک تەنها بۆ ئەو نەسڵانەی ئیستا لە ژیاندان، بەڵکۆ بۆ چەند نەوەی داهاتووش مۆتەکەیەکی یەخە گیرە، بەهۆی ئەو قەرزانەی لەئاکامی نەوت فرۆشی و نەوت دزیدا، سەپاندویانە.

لەدرێژەی ئەو تاڵانیەی نەوتدایە، کە بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، گروپی بەشدار و چاوساغ و خۆشخزمەت بە ئاخوندەکانی ئێران لەپاڵ دزەکانی پێشوودا، دەستیان داوەتە دزینی نەوت و بۆئەم دزیەشیان بۆریە نەوتەکانی” قودسی کوردستان” کون دەکەن و پاشان بە تانکەر هەرزان فرۆشی دەکەن… ئەوە لە کاتێکدایە خەڵکی شاری کەرکوکی سەر دەریای نەوت خۆیان موحتاجی نەوت و غازن…. کوردایەتی چ نیعمەتێکە بۆ چینی سەرمایەدار و دەستڕۆشتوانی پشت بەچەک بەستووی حزب و نۆکەرانی وڵاتان و چ نەگبەتی و ماڵوێرانیەکیشی بۆ جەماوەری ستەم دیدەو خەڵکی کرێکار و دەستکورتی کوردستان هەیە…. ئەو دزییە بە جێگایەک گەیشتووە کە زوربەی خەڵک و تەواوی نوخبەی سیاسی ئاگادران… لەو بارەیەوە ئەندامێکی جڤاتی بزوتنەوەی گۆڕان بەناوی کامەران کەرکوکی دەڵێت: دزینی نەوتی کەرکوک بۆتە دیاردە و کەسانی دەستڕۆشتوی ئێستا لە کەرکوک بە هاوکرای مافیاکانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئەو کارە دەکەن… هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بەمەبەستی دزینی نەوت، کونکردنی بۆریەکانی نەوتی کەرکوک بەردەوامە.

دیارە بەجیا لەوانە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی” حەشدی وەحشی شیعی” لە سنوری ناحیەی یایچی بۆڕیەکانی نەوتیان کون کردووە و بەرمیلی لێوە پڕ دەکەن و پاشان دەیگوازنەوە بۆ ناو شارەکان و بە بازرگانەکانی دەفرۆشن و داهاتەکەشی دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی حەشدی شەعبی…

هاوکات دزینی نەوت لە کێڵگەکانی جەمبور بای حەسەن بەردەوامەو بە تانکەر دەگوازرێتەوە. جێگای ئاماژە پێدانە کە ئەم دزی نەوتە بە ئاشکرا دەکرێت، بێ ئەوەی کەس لێپرسینەوە لەو باندە مافیایی و دزانە بکات… لەوەش واوەتر ئەوانە خەریکی دزین کە باسی پاراستنی سامانی نەتەوەیی دەکەن و بەشێکن لەدەسەڵاتدا…

Leave A Reply

Your email address will not be published.