بزوتنەوەی کوردایەتی، رەمزی گەندەڵی!
بزوتنەوەی کوردایەتی، رەمزی گەندەڵی!
لەئەمڕۆدا ئەگەر تێڕامێنین دەبیین ئەو گەندەڵییە ئیداری و سیاسی، دادوەری، ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە ھۆکارەکەی نەبوونی سیستم و رێکخستن و نەزم و دسیپلین و سەروەرایەتیی یاسایە لەهەرێمی کوردستان کە لە رێگای حیزبەکانەوە دەستی ناوەتە بینی کۆمەڵگەی کوردستانی باشوور، لە راستیدا ویستی کۆمەڵێ لە رێبەرانی بەھێز و دەسەڵاتداریی سەردەمی شاخی حیزبەکانە، کە ھەتا ئێستاش کۆمەڵگە و نەتەوەی کورد لە باشوور و لە پارچەکانی دیکەش بە قەرزار و منەتباری خۆیان ئەزانن و پێیانوایە ئەوان لە ئاسمانەوە دابەزێنراون بۆ ئاغایەتی و سەروەرایەتی بە سەر کۆمەڵگای کوردستانەوە و چاوەڕوانیشن خەڵک بێدەنگ و ملکەچیان بێ لەزۆنی سەوز بنەماڵەی تاڵەبانی پیاو سالارە و لەزۆنی زەرد بنەماڵەی بارزانی پیاوسالارە، ئەمە لە راستیدا ئەوان ئەیانتوانی ببنە خۆشەویست و پاڵەوانی (ماندێلا و گاندی)ئاسا بۆ کوردستانی باشوور و پارچەکانی دیکەش. بەڵام بە پێچەوانەوە دوای ئەوەی خەڵکی کوردستان لەساڵی ١٩٩١دا دەسەڵاتی رژیمی بەعسیان لەکوردستان پاککردووە، ، دامەزراوەکانی بەعسیان لە کوردستان ھەڵپێچا، ئەمان بەخۆبەستنەوە بە سیاسەتی جەنگ و نەخشەکانی ئەمریکاو غەربەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا داسەپاند، ھەر بۆیە ھەرەمی دەسەڵاتی رێبەرسالاری، بنەماڵە سالاری، خێڵ سالاری، عەشیرە سالاری جێگای دامەزراوە چەوسێنەرەکانی بەعسی لە کوردستانی باشوور گرتەوە و ئەمانەش ھەر کامەیان لە کەمپەینی حیزبێکدا خۆیان رێکخست و رکابەرێیەکی ناساغی حیزبیانەیان بەو پێکھاتەو تایبەتمەندیانەوە دەست پێکرد کە لە ئەنجامدا بێزراوترین “جاش” و نۆکەرەکان، خۆیان لەو رکابەرێیە نەخۆش و پێکھاتە ناساغانەدا جێگا کردەوە. بەکورتییەکەی ئەو پێکھاتە نەخۆشە، زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە رێبەر و سەروەری پارچەیەکی کوردستانە، بەڵام دەبینین ئێستاکەش ھەر ئەو کەسانە دەسەڵاتدار و بڕیاردەری سیاسی، ئیداری و ئابوورین کە چل ساڵ لەمەوبەر لە شاخ و سەنگەر بوون و ھەندێکیان پەلەقاژەی مەرگ ئەکەن، بەڵام دەست لە ئەڵقەکانی دەسەڵات بەرنادەن. لەوەش خراپتر ھەموو مناڵ و خزم و کەسوکاریان لە جومگەکانی حکومەت و حیزبا جێگیر کردووە، سەروەت و سامانێکی زۆر و زەوەندیان بۆ خۆیان و بنەماڵە و داھاتوویان پاشەکەوت کردووە و گەراشیان بۆ دەسەڵاتداری و سەروەرایەتی و ئاغایەتیی پشتاوپشتیان بەسەر خەڵکی کوردستانەوە ناوەتەوە، کەچی خەڵکی کوردستان ئێستاش لە پێتەختی ھەرێمەکەی و ناوەندی پارێزگاکانیشی خەون بە کارەبای بەردەوام، بیمەی تەندروستی، بیمەی سەرەتایی و ئینسانیی دیکەوە ئەبینێ. ھەتا ئێستاش زیاتر لە نەوەد لەسەدی کاڵای بازاڕەکانی کوردستان ، ھەر لە پەتاتە، تەماتە، سەوزە و رزق و رۆزی و پێداویستیی رۆژانەی خەڵکەوە بیگرە لە دەرەوەی کوردستان ھاوردە ئەکرێ و ئەمەش بە تەعبیرێ یانێ دەست لە بنی ھەمانەکەوە درچووە. ئەم سیاسەتی حیزبایەتی، کوردایەتی و دەسەڵاتداری و بەڕێوەبەرییەی لە ھەرێمی باشووری کوردستان ھەیە، نمونەیەکی ناشیرین لە رزگار بوون و ئەزمونی دەسەڵاتداریی خۆماڵی بوو کە پیشانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەواوی گەلانی تری دونیا دراوە.
ڕۆژنامەنووس : شوانە حەسەن ئەبوبەکر