بۆ نەتانهێشت ئێوارەیەکی دیکە لەگەڵ دایکی ئاشێکی سادەی پاشماوەی خواردنی نیوەڕۆ بخوا

0

بۆ نەتانهێشت ئێوارەیەکی دیکە لەگەڵ دایکی ئاشێکی سادەی پاشماوەی خواردنی نیوەڕۆ بخوا

سۆرانی مامە حەمە… دووبارە و چەند بارە دیسانەوە چۆن بنووسم کە ناتوانم هیچ بنووسم؟ پێموایە ئەگەر بەکورتی بنووسم لە وتە بەها بەرز و پڕ ماناکەی مارکس زیاتر نەنووسم کە” ئینسان گەورەترین سەرمایەیە”. بەڵام چۆن دەبێت بێدەنگی و کورتکردنەوەی ڕستە و  کەم هەڵوێستی و …تاد هەڵبژێرم لەبەرامبەر خەمساردی ئەو دەسەڵات و ملیشیایانەی بەردەستیان کە ڕۆژانە ئەگەر خۆشەویستێکمان یا ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگەیەمان لانی کەم ژیانی لێ بسەننەوە یان ژیانێکی مردوو ئاسای پێ ڕەوا ببینن.

ئاخر سۆران دەیویست مناڵان بێ شیرنەبن، ئینسانەکان بێ سەرپەنا نەبن، گەنجان بێ گۆرانی  و خۆشی نەبن، مووچە خۆران بێ مووچە نەبن، ئینسانەکان بێ ئومێد و ئامانج نەبن، ئەو دەیویست خاوەن ئیرادەبین. ئێدەباشە … بۆ نەتانهێشت ئێوارەیەکی دیکە لەگەڵ دایکی ئاشێکی سادەی پاشماوەی خواردنی نیوەڕۆ بخوا.

بۆ واتانزانی هەر سۆران لەو قەڵەمەی بەدەستەوە بوو، تیژ کرابۆوە بۆ ژماردنی تاوانەکانتان، ئەی نەتان بینی سەردەستیش قەڵەمێکی دیکەی پێ بوو، کاوەش هەروا، ئەی قەڵەمەکی ویداد، بۆ بەکر عەلی دەڵێن چی…

تازە ئێوە ناتوانن کارگەکانی قەڵەم داخەن، قەڵەمەکان تازە سوور هەڵگەڕان و هەر بەسوور دەنووسن، تازە ئەو ڕووبارە سوورە بوو بەڕووبار و بەشی شیعر و چیرۆک و شانۆ و مێژوو دەکات و تا نەتانکاتە مێژووی لەبیرچوو وەستانی نابێ و ئاڵ دەبێ بۆ گەردەنی دنیایەکی بێ ئێوەی چاوجنۆک و بێ ویژدان و بێ هەست .

ئێوە ناتوانن سۆرانەکان لە تابلۆکان داشۆرێنن، لەپەیکەرەکانی بتۆرێنن، لە وشەی شیعری بتۆرێنن، لە قارەمانی ڕۆمان و چیرۆکی بسڕنەوە، لە تیشکی ڕووناکی بگرنەوە. ئێوە تەنیا ڕووناکی سەرخۆتان ڕەشتر دەکەن، ڕەشتر دەپۆشن، ڕووتان نابێ پێبکەنن، تەنیا بۆ نزم دەڕاوانن.

کاوان قادر

Leave A Reply

Your email address will not be published.