چارەسەری قەیرانەکان خۆبەڕێوەبەری شوورایی یە

0

چارەسەری قەیرانەکان خۆبەڕێوەبەری شوورایی یە

عبدالرحمن رەسول

زۆرینەی مرۆڤەکان باس لەچەوسانەوەو نابەرابەری و سەکوت و هەژاری و بێکاری وئاوارەیی دەکەن و بەنووسین و قسە بەرگری لەئازادیخوازی و مافەکانی مرۆڤە هەژارەکان دەکەن، بەڵام ئەمە کافی نییە، چونکە کۆمەڵگەکان تەنها بەنووسین و قسەکردن ناگۆڕێن، بەڵکو نووسین و قسە بۆ هەڵوێست دەربڕین ئەوە بەشێکە لەلایەنگری مرۆڤ بەڕەوتی ئازادیخوازی و مرۆڤ دۆستی. بەشە گرینگەکە دەکەوێتە سەرئەوەی کەمرۆڤە ئازادیخواز ویەکسانیخوازو مرۆڤدۆستەکان چەندە دەتوانن کە هەنگاوی کرداری بنێن وشەقامەکانی شارەکان گەرم بکەن، بەدەنگ هەڵبڕین لەپشتیوانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هەژارانی کۆمەلگاکەیان. هیچ کاتێک و سەردەمێکی مێژوویی هێندەی ئێستا خەڵکی کوردزمان کەسانی پسپۆڕ و شارەزاو دەروونناس وکۆمەڵناس و نووسەر ولێکۆڵەر و وەرگێر و زمانزان وئەکادیمی و دوکتۆرایی نەبووە، بەناو ئازادیخوازو مرۆڤدۆست ومرۆڤ پەروەری نەبووە، بەڵام هیچ کاتێکیش کۆمەڵەای کوردستان لەناو قەیران وکێشەو هەژاری و بێکاری و شەرو ئاوارەییدا نەبووە. ئەگەر نەتواندرێت مناڵێکی هەژار و برسی تێربکرێت ئەمانەسوودی چییە؟ ئەگەر نەتوانێت بەر بەگەشەی نابەرابەری و سەرکوت و بێکاری وهەژاری بگیرێت ئەمانە سوودی چییە؟ پێویستە لەشوێنێک خاڵێک دابندرێت بەیەکەوە بەتێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتووانە هەموولایەک بڵێین ئیتر بەسە. با ئەوجارە نۆرەی دەسەڵات و سیستەمی خەڵک بێت، کەخەڵک خۆی کۆمەڵگە ئیدارە بدات لەئیدارەیەکی شووراییدا. هەرخودی خەڵک خۆی ڕاستەوخۆ چاودێریش بێت بەسەر ئیدارەدان و بەڕێوەربردنی کۆمەڵگەدا کە لەلایەن شووراکانی خەڵکەوە بەڕێوە دەبرێت.

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی لەدوایی نەمانی کۆمەڵگەی سەرەتایی کاتێک چەوسانەوە  سەرکوت وچەوسانەوەو نابەرابەری بەهۆی زاڵبوونی هێزەوە دەستی پێکرد، کە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە قۆرغ کرا و بەزۆر بەملهوڕی لەلایەن کەمینەیەکەوە دەسەڵاتیان بەزەبری هێز سەپاندووە بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا، ئەم کەمینەیە بیروباوەرە ئەفسانەیی و دینییەکان و نەتەوە وخێڵایەتی کۆمەڵگە بۆ بەرژەوەندی خۆیان کە لەدەسەڵات دابوون بەکارهێناوە، لەسەردەمی ئێستای گەشەی زانست وزانیارییەکانیشدا کەسەردەمی گەشەی سەرمایەدارییە زۆر بەباشی دەبیندرێت، ئەگەر چاوێک بە چیرۆکە ئەفسانەیی ومەزهەبییەکاندا بگێڕین باشتر ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەم جۆرە مەزهەب وبیروباوەرو فکرانە زۆر کۆنەپەرستانەو دژە مرۆڤایەتییانە بەرگری لەمانەوەی کەمینەی خەڵک دەکەن لەدەسەڵاتدا بەچەندەها لەمپەرو گیروگرفت دادەنێن بۆگەشەی ئازادی  بۆ بیرکردنەوەو داهێنانێک کەخزمەت بە کرانەوەی عەقڵی مرۆڤەکان و ڕزگاربوونی مرۆڤەکان لەچەوسانەوە بکەن. سەرئەنجام هەموو ئەمانە خزمەتی کەمینەک دەکەن لەخەڵکی کۆمەڵگە  کە لەڕێگەی شەرعیەتی حیزبەوە چوونەتە ناودەسەڵات چ لە ڕێگەی کودەتاوە بێت یان هەڵبژاردنی فێڵ ودزی و درۆینەی پەرلەمانی بێت دواتر ڕوونتر دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی حیزب بۆ بەرژەوەندی حیزب و لەناوحیزبیشدا بۆکەمینەیەک لەسەرکردایەتی و سەرۆک و سکرتێرەکانی حیزب بەکارهاتووە. زۆرینەی حیزبەکان ئەمە ئاکاریان بووە لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیان زۆر خراپ وسلبی کۆمەڵگەیان شێلاوە و زۆرینەی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەیان بەتوندترین شێوە چەوساندۆتەوە و شیلەی گیانیان مژیون بەتایبەت چینی هەژاران وکرێکاران وبێکاران وزەحمەتکێشان ودەست فرۆشانی کۆمەڵگە. سەرجەم ئەو ململانێی لەنێو حیزبەکانی بۆرژوازی وبەناو دیموکراتخوازەکانیش هاتۆتە پێش بۆ پاراستنی چەوسێنەرو نۆژەنکردنەوەی سیستەمی چەوسێنەربووە. ئەگەر لەوڵاتانی سەرمایەدار بەجۆرێک مرۆڤ وەک کاڵاو شمەکی لێ بەسەرهاتووە کەهەر کەسێک سوودی گەشەی سەرمایەداری نەبێت پەراوێز دەخرێت و بەپلە دوو دادەندرێت، هەربەهۆی ململانێی ناتەندروست و نامرۆڤانەوە کە بەجۆرێکی چاوچنۆکانە سیاسییەکان دەبنە بازرگان وخاوەن کۆمپانیا وپارە و سامانی گشتی بە ئارەزووی خۆیانەوە بەهۆی یاساکانی بازاڕی ئازادەوە کەتەنها مەبەستیان قازانجی سەرمایەو پارەیە لەکاری سیاسییاندا، نەک ڕاستگۆیانە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی بکەن، هەربۆش دەبینین ساڵانە ڕێژەی هەژاران و برسییەکان ونەخۆشییە دەروونی و درێژخایەنەکان لە جیهانی مرۆڤایەتی زیاد دەکات، وێرانکردن و لەناوبردنی ژینگەی جوانی سروشت و پیسبوونی ئاو و هەوای پاک ڕۆژانە گەشەی پێ دەدرێت، بەردەوام جەستەی پاکو ناسکی مناڵان و مرۆڤەکان لەناو دەبات، بەجۆرێک کەدەرمان و دکتۆرەکانیش ناتوانن چارەسەریان بکەن هەر بۆیە بەشێنەیی رۆژانە گیان لەدەست دەدەن بەهۆی پیسبوونی ژینگە و ئاو وهەوا و سروشتەوە..

لەوڵاتانی ڕۆژڵاتی ناوەراست و عێراق و ئێران و کوردستان بارودۆخی مرۆڤایەتی زۆر وێرانترو سەرگەردانترە. سەرجەم ململانێ حیزبییەکان لەپێناوی باشتر هێشتنەوەی  سیستەمی خێڵایەتی ومافیاگەرایی بووە. ململانێکانیان بۆتێکشکاندنی نوێبوونەوەو نەشونمایی ئازادی و بەرابەری بووە، بیروباوەڕەکان وفکرو مەزهەبەکان بەئاراستەی لەچاڵنانی نوێگەری و ڕۆشنگەری و ئازادییەکان بووە و شەرعییەتدان بووە بەبەرزبوونەوەی هەژاری ونەهامەتی و کێشەو قەیرانەکان بووە، ئەمەش تەنها لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی فکری کۆنەپەرستی ودژە مرۆڤایەتییەکانیان بووە.

هەمووئەمانەی سەرەوە لەچوارچێوەی هێلانەی  دەسەڵات و سیستەمی سەمایەداری (دینی و نەتەوەیی وخێڵایەتی و حیزبی دا) پارێزگاری لێکراوە و هەتا سیستەمی سەمایەداری بمێنێت ئەم پارێزگاری کردنەش دەمێنێت، چونکە لەبەرژەوەندی دەسەڵاتە کە کۆمەڵگە پارچە پارچە بێت.  مرۆڤەکان سەرسەختانە لەململانێ دابن لەگەڵ یەکتریدا لەبەر ململانێکانیان لەسەر دین وحیزب و نەتەوە وخێڵ و یان خاوەن بیروباوەری بەدین لەگەڵ بێدین، گرینگ لای دەسەڵاتداران ئەوەیە کە خەڵک سەرقاڵی ململانێ و دووبەرەکی یەکتری بێت بۆئەوەی بەلای گۆڕانی سیستەمی چەوسێنەردا نەچن. هەتا خەڵک نا وشیار بێت بەم جۆرە کۆمەڵگە لەناوکێشە وقەیراندا دەمێنێتەوە. ئەمانیش کە کەمینەی کۆمەڵگەن بەناوی سەرۆک و سکرتێرەکانەوە و بەناوی سەرۆکی دەوڵەت وهەرێم وحکومەت و وەزیرەوکانەوە دزی وتاڵانی لە کۆمەڵگەدا بکەن خۆیان زۆر باشتر سەرمایەدارتر بکەن وکۆمپانیاو ئەپارتمان و ئوتێل و میوانخانە و باڵەخانەی نموونەی بۆخۆیان بکڕن دواتریش  هەرخۆیان گاڵتە بەخەڵکی هەژار وبێکار بکەن بڵێن ئەوانە تەمبەڵ و تەوەزلن، ئێمە خزمەت دەکەین وکۆمەڵگا بەڕیوە دەبەین، ئەمەیە دەسەڵاتی حیزب کە کۆمەڵگە وێران دەکات و هەتا بشمێنێت زیاتر وێرانی دەکات وئیرادەی مرۆڤایەتی بوونی تێکدەشکێنێت.

پرسیارێک هەیە کەپێویستە هەموومرۆڤێک کەدڵی بۆ ئازادی وبەرابەری لێدەدات وەڵامی بداتەوە ئەویش ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەدا کێشەی خەڵک هەیە یان کێشەی حیزب؟

ئەگەر کێشەو قەیرانی حیزبی هەیە ئەوە حیزبەکانن دەبێت خۆیان چارەسەری خۆیان بکەن،  نەک خەڵکی کرێکار و زەحمەتێش و دەستفرۆشان خۆیانی پێ سەرقاڵ بکەن لەبەرئەوەی بەچارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی حیزبەکان هەرتەنها حیزبەکان قازانج دەکەن، نەک خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێش. کەواتە پێویستە هەربەشە خۆی چارەسەری کێشەوگرفتەکانی خۆی بکات. کاتێک خەڵك ناڕازی یە دەبێت بزانێت لەچ نارازی یە وبۆچی ناڕازییە؟ لەگەڵ کێ ناڕازییە؟ پێویستە خەڵکی نارازی وشیارانە هەنگاو بۆ هێنانەدی داواکاری و مافەکانی بنێت ئەویش پێویست دەکات سەرجەم ئەوانەی کە ناڕازین لەدەوری یەکتری کۆببنەوە و جۆری وداواکارییەکانیان یەکبخەن و بیسەلمێنن کە ناڕەزایەتی خەڵک بۆ خواست و داواکاری خەڵکە، نەک بۆحیزبە و سەرۆکی حزبەکانە. دواتر حزبەکان و سەرۆکی حیزبەکان و ئەگەر ڕاستگۆن و درۆناکەن لەگەڵ خەڵک دەتوانن دڵسۆزانە پشتیوانی لە خواست و داواکارییەکانی خەڵکی ناڕازی بکەن، بەڵام خەڵک خۆی نوێنەر و ڕابەری ناڕەزایەتییەکان بێت دواتر هەر خەڵکی ناڕازی ئیدارەی نارەزایەتییەکان گەشەپێبدات .

کاتی باسی ئیدارەدان دەکەین، پێویستە چۆنێتی ئیدارەدانی دەسەڵاتی خەڵک لەسەرەتاوە بەجۆرێک ڕێکبخرێت کە دەسەڵاتی خەڵک بەهێز بکات .

خەڵکی ناڕازی لەچەوسانەوە لە وهەنگاوانەوە دەست پێبکەن کە گەشە بەیەکگرتوویی دەدات لە تێکۆشان لەدژی چەسانەوەو نابەرابەری وسەرکوت وکوشتنی ژن  و ڕۆژنامەنوس وکەسانی ئازادیخواز بێنە مەیدان. ژنان و پیاوان شانبەشانی یەکتری هەنگاو بۆچارەسەری کێشەو قەیرانەکان بەرن بەیەکەوە نەخشەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەئەستۆ بگرن ڕاشکاوانەو دڵسۆزانە هەنگاو بۆ جێگیردنی دەسەڵات وسیستەمی گشتی خەڵک بەرن، سوود لەمێژوو وەربگرین نەخشە ڕێگا بۆ تێکۆشانی ئێستا وداهاتوو دابندرێت. تاکەکان و هەڵسوڕاوان خۆ دووربگرن لە ململانێی حیزبایەتی و شەڕە حیزبی. ئیتر بەسە ململانێی فکری وبۆچوونە جیاوازەکان وەلابنێن تەنها گرینگی بەخواست وداواکاری خەڵکی ناڕازی بدرێت، ئەمە بەجۆرێکە کە کۆمەک بە بەرەو پێشچوونی نەخشە ڕێگای شارستانی پێشکەوتووانەی ئازادیخوازان دەکات کەشان بەشانی خەڵکی زەحمەتکێش و بێکار و کرێکار و هەژار شەقامەکانی شارەکان پڕ بکەن لەبانگەوازی تێکۆشان. پێویستە بەجۆرێک تێکۆشان بکرێت نەک جیاوازبێت، بەڵکو پێچەوانە بێت لە هەڵسوڕانی خێڵایەتی و حیزبایەتی. ئەو تێکۆشانەی کە ئەنجام دەدرێت گۆڕانکاری بکات لەجۆری سیستەمی چەوسێنەر و کۆمەڵگە لەڕووی سیاسی و پەروەردەیی و فەرهەنگی. جۆری تێکۆشان زۆر گرینگە ئەویش کاتێک دەڵێم پێچەوانە خێڵایەتی و حیزبایەتی واتە دەسەڵات بۆ خودی خەڵک ئامادە بکرێ و خەڵک خۆی بتوانێت سیستەم و یاساکان دابنێت و بەرگری لێ بکات. باشترین نەخشەڕێگا بۆ تێکۆشانی هاوبەشی یەکگرتووانەی ئازادیخوازان ئەویش تێکۆشانە بەجۆری  شوورایی کە هەر لەسەرەتاوە خەڵک هانبدرێت بە جۆری شوورایی نەخشە ڕێگای تێکۆشانەکانیان جێبەجێ بکەن. کاتێک تێکۆشانی شوورایی هەموو ناوەندەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی گرتەوە ئەو کات زۆر بە ئاسانی خەڵک خۆی دەتوانێت دەسەڵات ئێدارە بدات و سەربەخۆبێت و بەرگری لە دەسەڵات و یاسا وسیستەمە پێشکەوتووەکەی بکات. ئەم خاڵەیان زۆر گرینگە ئەویش ئەوەیە ناکرێت بەهیچ جۆرێک پەلە لەم جۆرە تێکۆشانە بکرێت بۆئەوەی هەر هەنگاوێک کە چۆوە پێشەوە هەرگیز نەگەڕێتەوە.. بۆ هەرقۆناغێک جۆرێک تێکۆشانی گشتگیر پێویستە، گرینگ ئەوەیە چەندە مرۆڤەکان دڵسۆزانە وخۆبەخشانە ئامادەیی کاری تێکۆشانی لەوجۆرەی هەیە کە نەئیمتیاز وەردەگرێت نەبەرپرسیارێتی وسەرۆکایەتی، بەڵام ئامادەی کارو تێکۆشانی خۆبەخشانەی هەیە کەئازادیخوزانەو ڕادیکاڵانە لەمەیداندا بانگەوازی تێکۆشان دەکات ئەمە چارەسەرە لەم قۆناغەدا دەتواندرێت لەتێکۆشانی هاوبەش ویەکگرتووانەی خەڵکی ناڕازی دا کۆمەڵگە لەم کێشەو قەیرانانە ڕزگاربکەین. بۆیە  بەرزکردنەوەی دروشمی نان، کار، ئازادی زۆر گرینگ وپێویستە بۆگشتگیرکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بەگشتی، پێویستە هەموومان بەیەکەوە دەست لەناو دەست لەخەمی هێنانەدی نان و کارو ئازادی دا بین، هێچمان زەرە ناکەین کەخاوەن بیروباوەڕو فکری جیاوازین، بەڵام هەموومان بەگشتی و هەژاران وبرسی وبێکاران بەدەست ڕاگەیشتنیان بە مافەکانیان قازانج دەکەن وکۆمەڵگەی کوردستان بەرەو نوێ بوونەوەو پێشکەوتنی زۆرباش دەچێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.