دوو کیلۆ پەتاتە

0

 دوو کیلۆ پەتاتە

ئارام حەسەن

لە قاوەخانەکە دانیشتبووم، پیاوێکی گەنمڕەنگی باڵابەرزی لاواز، بە کراسێکی سپی چڵکن و پانتۆڵێکی ڕەشی چرچەوە لەبەردەم مێزەکە ڕاوەستا، ڕەنگی مووەکانی سەر و سمێڵی ماشوبرنجی بوون، خودی شەکەتبوون لە چاوەکانیدا دەدرەوشایەوە، دەستە ماندووەکانیشی دەلەرزین… بەدەم تەماشاکردنمەوە دەستی درێژکرد بۆ تەوقەکردن، گوتی: ــ “ئەزانم نامناسی، من کەسێکی ونم، مەپرسە کێم و کێ نیم، لێگەڕێ با هەر ونبم و کەس نەمناسێ، بەڵام من جەنابت ئەناسم، تۆ ئارام حەسەنی” ــ “بەڵێ ئەوم، فەرموون دانیشن قاوەیەک بخۆنەوە” ــ “سوپاس، من چایی ئەخۆمەوە” پیاڵەکەی هەڵگرت، دەستیکرد بەقسەکردن، دڵی زۆر پڕبوو، وەک ئەوەی تەواوی ئەم سەرزەمینە بەسەر شانی ئەوەوە بێت. گوتی: ــ “من لە ساڵانی هەشتاکانەوە ئەنووسم، بەڵام وەختێ بەهەزار دەردەسەری و کوێرەوەری دیوانە شیعرێکم بەچاپ گەیاند و خستمە بازاڕەوە، دوو کیلۆ پەتاتەی نەکرد بیبەمەوە بۆ مناڵەکانم” ــ “جەنابتان کێن؟” ــ “بۆ خۆناساندن نەهاتووم، تەنیا ئەمەوێ ئەوە بزانی، کە من زۆر هیلاکم، لەوەتەی هەم بەدوای نانا ڕائەکەم، هەربۆیە پێشتر لە شیعرێکا بە (خوا)م وتووە: ((وەره خوارەوە تۆش وەکو من ڕاکە بەدوای نانێڪا بزانم گەر دەستت نەکەوت چۆن ئەتوانی ڕووبکەیتەوە ئاسمان)) دواتر پیاڵەکەی دانا و هەستا، تەوقەیەکی تری لەگەڵ کردم، ئیتر بێئەوەی پێمبڵێ کێیە، بەرەو جادەی مەولەوی ڕۆیشت!

Leave A Reply

Your email address will not be published.