داخستنی سەنتەر و ڕێکخراو ژنانی لە پشتیوانیەکی گەورە بێبەش کرد! دیمانە لەگەڵ نازەنین ساڵح بەرپرسی ئەو کاتی سەنتەری پاڕیزگاری لە ژنان، سەبارەت بە هێرشی یەکێتی بۆ سەر رێکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەر لەساڵی ٢٠٠٠دا

0
داخستنی سەنتەر و ڕێکخراو ژنانی لە پشتیوانیەکی گەورە بێبەش کرد!
دیمانە لەگەڵ نازەنین ساڵح بەرپرسی ئەو کاتی سەنتەری پاڕیزگاری لە ژنان، سەبارەت بە هێرشی یەکێتی بۆ سەر رێکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەر لەساڵی ٢٠٠٠دا
 
بۆپێشەوە: بۆچی هاوکات لە هێرش بۆ سەر نوسینگەکانی حزبی کۆمۆنیست، یەکێتی هێرشی کردە سەر رێکخراوەی سەربەخۆ ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری لە ژنان؟
نازەنین ساڵح: لەوکات و ساتەدا تاکە حزبی سیاسی کە بەڕۆشنی بەرگری لەماف و داخوازییەکانی ژنان دەکرد، بەرۆشنی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان لە بەرنامەیدا جێگیر ببوو. حزبی کۆمۆنیست بوو. تەنانەت لە پێکهاتنی ڕیکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتاندا دەوری بەرچاوی هەبوو.
بە جیا لەوانە حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری ئیراق پاڵپشتی گەورەی مالی ومەعنەوی وە پارێزگاری لە ریکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری ژنان ئەکرد، وە بەشێکی زۆری ئەندامان و هەڵسوراوانی کادری رەهبەری حزب بوون. ئەو نزیکیەی نێوان حزب و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان، لەسەر مافەکانی ژنان، وای کردبوو، کە یەکێتی وەکو کۆمیتە یان ڕێکخراوەیەکی حزبی تەماشای رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەر بکات…
بەڵام هۆکاری سەرەکی لێدان لە ڕێکخراو و سەنتەر ڕۆڵی بەرچاوی رێکخراو سەنتەر بوو لە مافەکانی ژنان و ڕزگارکردنی ئەو ژنانەی هەڕەشەی کوشتنیان لەسەر بوو، وە ناسراو بوون و خۆشەویست بوونی رێکخراو بوو لە ناو کۆمەڵگەدا، لە کاتێکدا یەکیتی و حزبەکانی تر رێکخراوەی ژنانی خۆیان هەبوو… یەکێتی و هەموو حزبە ئیسلامیەکان زۆر تورە بوون بە بوونی رێکخراو و سەنتەر و ئەو دەورەی دەیان گێرا… هەموو کەس بیریەتی کە بەئێمەیان دەوت بەرگری لە بەرەڵایی و بێ ئەخلاقی دەکەن… وە زۆر توڕەبوون لەوەی ئێمە بەهێزی چەکداری سەنتەر خۆیەوە ژنانمان لەژێر سایەی ئەواندا رزگار دەکرد و لەخانەی ئەمنیدا دەمان پاراستن کە شاراوەبوون لە چاوی دەزگای ئاسایش… ئەمانە هەموو هۆکار بوون تا یەکێتی هێرش بکاتە سەرمان. کە لەحزب درا، سەنتەر و ڕێکخراو پشت و پەنایان نەما، بۆیە زۆر ئاسان توانیان هەڵسورانی رێکخراوە جەماوەریەکانی وەکو ژنان و مناڵان… قەدەغە بکەن وە نوسینگەکانمان داخەن.
بۆپێشەوە: هێرش بۆسەر سەنتەر و رێکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان، چ کاریگەرییەکی لەسەر پرسی ژنان و مافەکانیان دانا؟
نازەنین ساڵح: بەبڕوای من ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان وە سەنتەری پارێزگاری ژنان کاریگەری و فشاری زۆرگەورەیان لەسەر کۆمەڵگەی کوردسان دانابوو بەکارکردن لەسەر گۆرینی یاساکانی ئەحوالی شەخسی وە کارکردن بۆ بەدیهێنانی یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو، وە پارێزگاری بێقەیدوشەرت لە ژنانیک کە هەڕەشەی کوشتنیان لێ ئەکرا وەیان کێشەی کۆمەڵایەتیان هەبوو.
بەبڕوای من کەسانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی تر هەبوون چ لەریزی رێکخراوەکانی تر وەیان سەربەخۆ بوون، بەڵام سەر بەئەحزابی داکەوتوو بوون و دژ بەمافەکانی ژنان بوون، بۆیە دەبوو رەزامەندی حزبەکانیان وەرگرن بۆ هەرکارێک کە بیکەن.
بۆیە بەقەدەغەکردنی کارو هەڵسوڕانی حیزب و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان وەسەنتەری پارێزگاری لە ژنان و داخستنی نوسینگەکانی، بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان زۆر چووە دواوەو پاشەکشەی پێکرا، وە پرسی ژن بەو ڕادەیەی پێشوو رۆڵی بەرچاوی نەما، وە ژنان ئەوپشت و پەنایەیان نەماو کاریگەری خراپی لەسەر ژنان لە کۆمەڵگەدا دانا بەگشتی .
بۆپێشەوە: دوای لێدان و دەست بەسەراگرتنی نوسینگەی سەنتەری ژنان، چارەنووسی ئەو ژنانە چی بەسەر هات کە لای سەنتەر و لەخانە ئەمنەیەکان بوون؟
نازەنین ساڵح: داخستنی سەنتەر ژنانی لە پشتیوانیەکی گرنگ بێبەش کرد، هەر ژنێک هەرەشەی کوشتنی لەسەر بوایە و ئیمە ئاگادار بووینایە دەچوین و رزگارمان دەکردو لەسەنتەر یان لە خانە ئەمنەکان دەمان پاراست، یان کێشەکەمان چارەسەر دەکرد. داخرانی سەنتەر ژنانی بێبەش کرد لەوەی شانسی رزگاربونیان هەبێت لەڕیگای سەنتەرو رێکخراوی ژنانەوە.
هەموو ئەو ژنانە بران بۆ ئاسایش و دواتر برابوون بۆ سەنتەری نەوای سەر بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان، وە دواتر بەشێک لەو ژنانە ڕایان کردبوو بەهۆی مامەڵەی خراپی بەرپرسانی خانەکە (بەپێی قسەی ئەو ژنانە خۆیان کە ڕایان کردبوو).
هەر دوای داخستنی سەنتەریش یەکێک لەو ژنانەی کەپێشتر لەسەنتەر بوو بەناوی “نەسرین” لەلایەن براکەیەوە کوژرا.
بۆپێشەوە: کارادانەوەی ڕێکخراوە ژنانەکانی ئەوکاتە چۆن بوو؟
نازەنین سالح: دوای داخستنی سەنتەر و ڕیکخراو ئێمە هەیئەتێکمان پێکهێنا بۆ پەیوەندی بە سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنان وە مافی مرۆڤ کە من یەکێک بووم لە هەیئەتەکە، ئامانجمان دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش بوو وە لەهەوڵی کۆکردنەوەی ئیمزا بووین بەدژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هەموو ئەو ڕێکخراوانە هاوخەمی خۆیان دەربڕی وە وتیان یەکێتی نیشتیمانی ئاگاداری کردوین کە بەهیچ جۆرێک هاوکاریتان نەکەین، دوای چەند ڕۆژ بەرپرسی ئاسایش ناردی بەدوای من و پێی وتم زۆر ئاگامان لێیە خەریکی چین وە چەکدارەکانمان بەدواتانەوەن، بۆیە بەڕەسمی پێتان ڕادەگەیەنین کە هەڵسوڕانتان قادەغەیە و بۆمان هەیە دەستگیرتان بکەین.
بۆپێشەوە: بۆچی دواتر هەوڵنەدرا ڕیکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان دروست بکرێتەوە؟
نازەنین سالح: راستی رێکخراو سەنتەر بۆیە دەیانتوانی کار بکەن، چونکە حزب بەهەموو شێوەیەک لەپشتیان بوو، دوای ریگەنەدان بە کارو چالاکی حزب، پێم وانییە رێگایان دابا ڕیکخراو یان سەنتەر دەست بەکار بکەنەوە. وە ئەگەر رێگەشیان دابا بەوەی رێکخراو و سەنتەر دریژە بەکاری خۆیان بدەن بەبێ حزب سەرکەوتن و دەوری باشی نەدەبوو. خۆشتان دەزانن پاش ئەوەی حزب لێیدرا، بەداخەوە زۆربەی کادر و ئەندامانی حزب و رێکخراو سەنتەر روویان لە ئەوروپا کرد… ئەوانە هەموو هۆکار بوون کە نەتوانرێت کار بۆ دروستکردنەوەی ریكخراو بکرێت. پێویستە ئیستا کە حزبی کۆمۆنیستی كوردستان هەیە، هەوڵ بدات ژنانێک کە هەن تەشجیعیان بکات و پشتیوانیان بکات رێکخراوەی ژنان دروست بکەن لە ناوخۆی کوردستان. زۆر پێویستە ڕیکخراوێکی ئازا و پیشکەوتنخواز هەبێت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.