١٤/٧ بۆیە ڕوویدا تا بتوانن ئەمڕۆ بخوڵقێنن! دیمانە لەگەڵ تاهیر حەسەن سکرتێری ئەوکاتی ڕیكخراوی کوردستانی حزب سەبارەت بەڕووداوی ١٤/٧/٢٠٠٠

0
١٤/٧ بۆیە ڕوویدا تا بتوانن ئەمڕۆ بخوڵقێنن!
 
دیمانە لەگەڵ تاهیر حەسەن سکرتێری ئەوکاتی ڕیكخراوی کوردستانی حزب سەبارەت بەڕووداوی ١٤/٧/٢٠٠٠
 
بۆپێشەوە: ١٤/٧ بۆ ڕوویدا؟ هۆکارە سەرەکیەکانی کامانەبوون؟.
تاهیرحسەن: ١٤/٧ بۆیە ڕوویدا تا بتوانن ئەمڕۆ بخوڵقێنن!. ئەوڕۆژگارە ڕەشانەی ئەوێ ڕۆژێ، تراژیدیای ئەمڕۆی ژیانی خەڵکی کوردستانیان دروستکرد!. هیچ دەسەڵاتێک لە هیچ شوێنێکی دنیادا ناتوانێت لەشەو و ڕۆژێکدا سەرکوت و کۆنەپەرستی و قانوونی دژی ئینسانی وبێکاری وبێ نانی ودزی وفەسادی وتاڵانی ئاشکرا، بکاتە سیمای ئاشکرای دەسەڵات وکۆمەڵگە. ئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردستانی بەم تراژیدیا ئینسانیەی ئێستا گەیاندووە، ڕابردوویەکی ڕەش و نەگریسی هەیەو وێستگە لەدوای وێستگەی بە خوێن و موقاوەمەت نووسراوەو ئەوانیش وان بە تەوێڵی سەرانی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتیەوە.
سەرکردایەتی یەکێتی دەیزانی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەریکە کۆمۆنیزم دەبێت بە دیاردەیەکی کۆمەڵاتی بە هێزو دەچێتە نێو ژیان وخەباتی کرێکاران وژنان ولاوان ودەستەنگانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە، خەریکە وەک ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕو جیاواز قامەت ڕاست دەکاتەوەو ڕۆژ بە ڕۆژ شانسی ئەوە پەیدا دەکات، کە کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە ناڕەزایەتیەکانی خۆیان لە ڕێگای ئەوەوە ببەنە پێشەوە. لەم ڕەوەندەدا بۆنی مەرگی دەسەڵاتیان کرد، بۆیە وەک کردەوەی هەمیشەییان کەوتنە چنینی چەندین سیناریۆی ڕەزیلانەو گێچەڵی جۆراوجۆر. لەسەرەتادا ڕێگای قانوونیان گرتەبەر و و وستیان لە ڕێگای دادگاوە چالاکی ئاشکرای حزب قەدەغەبکەن! ،بەڵام دوای ئەوەی لەم مەیدانەدا بەرگەیان نەگرت و شکستێکی ئابڕووبەرانەیان، لەدەرەوەو ناوەوەی کوردستان لە ئاستێکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا خوارد، ئینجا کەوتنە هێز کۆکردنەوەو گێچەڵی سەربازی. ئەمەش بە هیچ شێوەیەک شتێکی تازە نەبووەو نییە لەکردەوەی سەرکردایەتی یەکێتی وسەرانی بزووتنەوەی کوردایەتیدا. مێژووی ڕەش و پڕ لە تاوانیان لێوان لێوە لە دەستبردن بۆ چەک دژی نەیاری سیاسیان. ئەمانە کاتێک لە شاخ ودۆڵەکانی کوردستان بوون و بێجگە لەخۆیان کەسی تری لێ نەبوو، لەسەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی چەکیان، خەریکی یەکتربڕانەوە بوون. چ حزبێک هەیە لە کوردستان یەکێتی وپارتی گێچەڵی سەربازیان پێ نەکردبن؟!.
بەڵام جیاوازیەک کە١٤/٧ لە هەموو ئەوانیتر جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە بەخەتی ڕەش لەسەر سپی بە ئیمزای نوێنەری سەرکردایەتی یەکێتی لیوای مافناس “نەزەر عەلی ئەکبەر” نووسراوەو دراوە بە دادگای سلێمانی کە، بەو هۆیەوە کە: حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کار دەکات بۆ جیابوونەوەی کوردستان لە ڕێگای ڕاپرسیەکی جەماوەری خەڵکی کوردستانەوەو بۆ ئەم مەبەستە خەریکی کۆکردنەوەی ئیمزای پشتیوانییە لە نێو خەڵکدا، ئەمەش دژی دەستووری عێراقە (دەستووری سەردەمی بەعس) و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەخاتە مەترسی!. هاوکات حزبی ناوبراو کاردەکات بۆهەڵوەشانەوەی یاسای باری کەسێتی عێراقی و لە جێگای یەکسانی ژن وپیاو دەکاتە بنەمای قانوونی نوێ ولەم بارەیەوە پڕۆژە یاسایەکیشیان بڵاوکردۆتەوە، ئەمەش دیسان دژی دەستووری عێراق و عورف وعادات وبنەماکانی ئیسلامەو کۆمەڵگە بەرەو فەسادی دەبات، بۆیە دەبێ هەڵسوڕانی حزبی ناوبراو قەدەغە بکرێت.
کاتێک ئەم بەهانەیەی یەکێتی کەوتە بەر نەفرەتی کۆمەڵایەتی فراوانی جەماوەری کرێکاران و لاوان و ڕۆشنبیران و ئەدیبان وخەڵکی ئازادیخوازو مۆدێرنی کوردستان چ لەدەرەوەو چ لەناوەوەی کوردستان. ناچار دەعوانامەکەیان لە دادگا کێشایەوەو ئینجا وەک کردەوەی هەمیشەییان دەستیان دایە چەک. بەڵام هێشتا ئەمە ڕواڵەتی مەسەلەکە بوو، ڕووداوەکانی ڕۆژانی دواتر پەردەی لەسەر جەوهەری مەسەلەکە هەڵدایەوە، کە هیوادارم لە درێژەی گفتوگۆکەماندا فرسەتی باسکردنیمان هەبێت.
بۆپێشەوە: بۆ هەوڵ نەدرا ڕێگە لە بیانووەکانی یەکێتی بگیرێت و نەگات بە هێرشی سەربازی و چەکدارانە بۆ سەر حزب؟
تاهیرحسن: ئێمە لەپێناو بەرگرتن بەهەڵگیرساندنی شەڕ، تەواوی هەوڵێک کە لە چوارچێوەی پرەنسیپی سیاسی و ئینسانیماندا جێگای دەبووەوە، دامان و هیچ درێغیمان نەکرد. ئێمە شکمان لەو ڕاستیە نەبوو، کە بۆ سەرکردایەتی یەکێتی و لەپێناو بچوکترین ئامانجی کۆنەپەرستانەیاندا، بێبایەخترین شت لەلایان، ئینسانە. ئەوان لە جەنگی چوارساڵەی ناوخۆیاندا، زیاتر لە ١٠٠٠٠ ڕۆڵەو گەنجی کۆمەڵگەیان کردە قوربانی شەڕی دەسەڵات و کەپکی حەمەد ئاغاو دەربەندی گۆمەسپان…!.
هەڕەشەی چەکدارانەو ڕاگرتنی لوولەی چەک بەسەرسەری کۆمەڵگەوە، ڕەگی مانەوەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی یەکێتی وپارتیە بەسەرسەری خەڵکەوە. بەبێ هەڕەشەی چەک ناتوانن یەک سەعات مانەوەی خۆیان وەک حزب و دەسەڵات مسۆگەر بکەن.
بەڵام سەرباری ئەم ڕاستیانە، ئێمە وەک ئاخرین هەوڵەکانمان بۆ ڕوونەدانی شەڕ، وەفدێکمان پێکهێنا لە هاوڕێیان( عوسمانی حاجی مارف وفوادصادق و من) وچوین بۆ ماڵی (نەوشیروان مستەفا)، کە ئەوکات جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بوو. دوای قسەوباسی بێ توێکڵ و بێ پەردە، دوای ئەوەی کە نەوشیروان مستەفامان خستە بەرامبەر وەڵام دانەوەی بێ ئەملاولای ئەو پرسیارەی کە “ئێوە چیتان لە ئێمە دەوێ وبۆچی ئەم هەموو چەکدارەتان لە ئێمە کۆکردۆتەوە”، وەک ئەوەی ڕێگایەکی دووری بۆ نزیک کرابێتەوە، بێ سێ و دوو وتی: “( ڕژێمی بەعس وجمهوری ئیسلامی ئێران) زۆر ناڕەحەتن بە بوونی ئێوە لەم ناوچەیە، ئێمەش شەڕی ئەم دووانەمان پێ ناکرێت!”.
ئێمە ئیتر تێگەیشتین کە سەرکردایەتی یەکێتی وەک عادەتی هەمیشەیی سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی، تەنیا مقاشێکی جێبەجێکردنەو داواکە لە شوێنێکی ترەوەیەو بەهانەکە هی خەڵکی ترەو ئەوەش بە ئێمە نابڕدرێ. بۆیە هەر دوای هەڵکوتانە سەرمان وکوشتنی پێنچ هاوڕێی دڵپڕ لەهیوای ئێمە بە ڕۆژی ڕووناک و لە نێوچەقی شاری سلێمانیداو داخستنی بارەگاکانی ئێمە بەزۆری چەک و تاڵانکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان وسەنتەری پارێزگاری ژنان وسەنتەری منداڵان و فڕێدانە سەرجادەی ژنان ومنداڵانی پارێزراوی نێو سەنتەرەکان!!. ڕۆژی دواتر(ڕەمەزان زادە) پارێزگاری ئەوکاتی شاری سنە بە نوێنەرایەتی جمهوری ئیسلامی ،سوپاس و دەستخۆشانەی بە(محەمەدی حاجی مەحمود) دانارد بۆ تاڵەبانی و ڕۆژنامەی (کەیهان) ی چاپی تارانیش سوپاس نامەکەو پێزانینەکەی جمهوری ئیسلامی بڵاوکردەوە.
بۆپێشەوە: ڕاستە یەکێتی نیشتیمانی هێرشی کردە سەر حزب، بەڵام کاراکتەری سەرەکی لەم هێرشەدا کێ بوو؟.
تاهیرحسن: شک لەوەدا نییە، کە لەنێو ڕابەری هەموو حزبێکی سیاسیدا، کەسانێک هەن کە جێگاو ڕێگایەکی بەرجەستەتریان لە ئاڕاستەکردن و بەڕێوەبردنی سیاسی ئەو حزبەدا هەیە. (نەوشیروان مستەفا) لە دوای جەلال تاڵەبانی کەسی دووەمی بێ ڕکابەری نێو سەرکردایەتی یەکێتی بوو. دەسەڵاتی بەسەر تەواوی جومگەکانی ئەو حزبەدا دەشکا. بۆیە نەخشەکێشان وبڕیاردان بە هێرشی سەربازی بۆ سەر حزبی ئێمەو خوڵقاندنی ناڕەوای کارەساتی ١٤/٧ بە تەواوی لە ئەستۆی (نەوشیروان مستەفا)دایە. وەک جێبەجێکەرانی مەیدانی ڕاستەوخۆش (سەرکەوتی کوبە) لێپرسراوی ئەوکاتی ئاسایشی سلێمانی، و(خەسرەو گوڵ محمد) لێپرسراوی دەزگای زانیاری، لە لیستی یەکەمدان.
بۆپێشەوە: دەتوانن ووردەکاری زیاتر لەسەر ڕۆڵی (نەوشیروان مستەفا) لەو ڕووداوەدا بخەنە ڕوو؟.
تاهیرحسن: من پێشتر باسی ڕۆڵ ودەسەڵاتی (نەوشیروان مستەفا)م کرد لە نێو سەرکردایەتی ئەوکاتی یەکێتیدا. ئەوەی لە ١٤/٧ دا یەکێتی بەناڕەوا بەرامبەر حزبی کۆمۆنیست ئەنجامی دا، (نەوشیروان مستەفا) بەنەخشەیەکی پێشتر بۆداڕێژراو و بەچاوێکی کراوەوەو بە ئامانجێکی دیاریکراو وبەوپەڕی ئیرادەوە بەرامبەر بە کۆمۆنیزم وحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئەنجامی داوە. ئەو دەیتوانی هەمان داواکەی بەعس وجمهوری ئیسلامی وەک خۆی وتی شەڕی ئەوانمان پێ ناکرێ، جێبەجێ بکات وکەسیش نەکوژرێ. ئەو دەیتوانی تاوانەکە کەمتر خوێناوی بێت، کەمتر دژی ئینسانی بێت، ئەو بەدەستی بوو تۆمارکردنی ڕسوایی بۆ سەرکردایەتی حزبەکەی و خۆی بۆ مێژووی هەتا هەتایە، کەم شەرم ئاوەرتر بێت و بواری ئەوەی تێدا بێت کەسێک پشتیوانی بکات، بەڵام نەیکرد. چونکە ئامانج لەپیلانەکە ئەوە بوو، کەگورزێکی وەها خوێناوی و کوشندە لە حزب بدەن، کە پشتڕاستکردنەوەی بۆ ئایندەیەکی نادیار دوا بخەن و ئەو کۆسپە گەورەیە لەسەر ڕێگای داسەپاندنی دەسەڵاتی میلیشیاییان لاببەن و ئاسۆی ناڕەزایەتی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە کوێر بکەن. ئەوەی لە ژێرفەرمان وڕابەرایەتی (نەوشیروان مستەفا) دا ڕوویدا، بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەوڕاستیەیە، کە (نەوشیروان مستەفا) چەندە دژی کۆمۆنیزم و ڕەوتی چەپی کۆمەڵگەو سۆشیالیزم وئینسانی ناڕازیە.
وەرن ئێوە دوور لە هەر دەمارگیریەکی عەقیدەتی وحزبی و ئیدیۆلۆژی، کڵاوی خۆتان بکەن بە قازی و بڕیار بدەن:
نزیکەی مانگێک بەر لە ١٤/٧ تەواوی بارەگاکانی حزبیان بە سەدان چەکدار گەمارۆدا، هەرکەسێک، ژن، منداڵ، پیر، گەنج سەردانی بارەگای حزبیان بکردایە بێ هیچ لێپرسینەوەیەک دەستگیردەکران!، زیاتر لە ١٥٠ کەس لە کەسوکاری هاوڕیان ومیوان کە بۆ سەردانی بارەگای حزب هاتبوون بەبێ هیچ تاوانێک خرانە زیندان. ئاو و کارەباو تەلەفۆنی تەواوی ئەو کۆڵانەی بارەگاکانی حزبیان تێدابوو بڕا!. پاشان ڕۆژی ١٤/٧ کاتێک سەیارەیەکی حزب دەگەڕایەوە بۆ کۆمیتەی ڕابەری ڕێکخراوی کوردستان، لە نزیک ئەمنەسوورەکەی سلێمانی خرایە بۆسەیەکی لەپێشدا ئامادە کراوەوەو درانە بەر دەستڕێژی گوللە، هاوکات دەستڕێژی گوللە بۆ سەر کۆمیتەی ڕابەری دەستیپێکردو بەم جۆرە پێنج هاوڕێی ئێمەیان بە ڕۆژی ڕووناک خەڵتانی خوێن کرد. بەمەشەوە نەوەستان هەر ئەو شەوە تەرمی هاوڕێیانی گیان بەختکردووی ئێمەیان کرد بەژێر گڵەوەو نەیاندایەوە بە ئێمەو کەسوکاریان، تا دوانیگای ماڵئاواییان لێبکەین، تەنانەت لە پزیشکی دادوەری سلێمانیش وەک هاووڵاتیش ناوەکانیان سڕینەوە، وەک ئەوەی ئەم ئینسانانە هەر نەبووبن!!.
پاشان هێزێکی ئاسایشیان لە سەر گڵکۆی هاوڕێیان جێگیر کردو تەنانەت سەردانی گۆڕستانیشیان لە کەسوکارو هاوڕێیانیان قەدەغە کرد. ئێمە ڕۆژی دواتر نەخشەی ئەوەمان دانا، کە پێنچ تابووتی ڕەمزی دروست بکەین وبۆ ناڕەزایەتی لەدژی ئەو بەربەریەتە بە ڕێپێوان بەناو شاردا بچین بۆ سەر گڵکۆی هاوڕێیان.
بەڵام هەرکەچەقۆکێشەکانی نەوشیروان مستەفا بۆنی ئەوەیان کردبوو، کە نیازی بەرنامەیەکی وەهامان هەیە،(وەستاحسن) ی ئاسایشیان نارد وپێی ڕاگەیاندین، کەئەگەر کارێکی وەها بکەن، هەرچی لەنێو جادە بێت دەیدەنە بەر دەستڕێژی گوللەو دەیکوژن!. دوو سێ ڕۆژ دوای هێرشەکە، وەفدێکی ڕابەری حزب کەبە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو بارگرژیە سەردانی سەرکردایەتی یەکێتیان کرد، دوور لە کەمترین پرەنسیپی سیاسی وئەخلاقی، وەفدی حزبیان بە بارمتە گرت!!.
ئێستا ئێوە بڵێن، ئەم کردەوەیە ڕژێمی بەعسی شەرمەزار نەکردووە؟، ئایا بە ڕاستی ئەگەر کەسێک ویژدانی بە بەرژەوەندیەک هەڕاج نەکردبێ، شەرم ئاوەر نییە ئەندامی ئاوها حزبێک بێت؟!.
بۆ پێشەوە: هێرشی یەکێتی بۆ سەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، چ کاریگەریەکی لەسەر کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی و کەشی کۆمەڵگەی کوردستان هەبوو؟.
تاهیرحسن: حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کۆسپێکی گەورە بوو لەبەردەم داسەپاندنی دەسەڵاتی میلیشیایی و عەشیرەتی یەکێتی و پارتیدا، ئەوان بۆ هەر نەخشەو سیاسەتێکیان، بۆ هەر هێرشێکیان بۆسەر سفرەی خاڵی کرێکاران ودەست تەنگانی کۆمەڵگە، ئێمەیان لە پشتی خەڵکەوە دەبینی وناچاربوون وەڵامی ئێمە بدەنەوە. تیرۆری هاوڕێیان (شاپوور وقابیل) بە هاوکاری ڕاستەوخۆی پارتی لە هەولێر و هێرشی ١٤/٧ لە سلێمانی، هەوڵدان… بوو بۆ لابردنی ئەو کۆسپە.
لەزانستی پزیشکیدا، کاتێک توێژەران وپسپۆڕان بێ توانا دەبن لە دیاریکردنی تایبەتمەندیەکانی ڤایرۆسێک یان بەکتریایەکی دیاریکراو، پەنا دەبەنە بەر ناسینی ئەو دژە تەنانەی کە جەستەی نەخۆشەکە لە دژی ئەو بەکتریایە ڕشتویەتی.
بۆئەوەی کاریگەری هێرشی ناڕەوای ١٤/٧ بەسەربزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک و مۆدێرنیزمی کۆمەڵگەوە بزانین، تەنیا تەماشای لیستی هەڵکشاوی ساڵ لە دوای ساڵی قوربانیانی کوشتنی نامووسی بکەن!، تەماشای لیستی تیرۆری ئازادیخوازان وڕۆژنامەنووسان بکەن!، تەماشای پاشەکشەی فەرهەنگی و سیاسی کۆمەڵگە بکەن!، تەماشای برەوی هەرچی زیاتری ڕەوتی کۆنەپەرستی ئیسلامی وقەومی بکەن!، تەماشای بڕینی مووچەو شکاندنی کەرامەتی ئینسانی بەشی هەرەزۆری دانیشتوانی کۆمەڵگەو موحتاجی پارووە نان و دکتۆر ودەرمان بکەن!. تەماشای دزی و تاڵانی ئاشکراو بێ سڵەمینەوەی مافیاکانی دەسەڵات بکەن!، تەماشای بێ ئاسۆیی وئالوودەبوونی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران و مامۆستایان و ژنان ولاوان بکەن، بە ناسیونالیزم وقەمی گەرایی!.
هێرشی یەکێتی بۆ سەر حزب، پشتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران وزەحمەتکێشانی چۆڵ کرد، تا بتوانن کۆمەڵگە بەم مەئساتەی ئێستا بگەیەنن. بەهەق کاریگەری ئەو هێرشە بە تەواوی جەستەی کۆمەڵگەوە هەتا ئێستا دیارەو برینەکەی پڕ نەبۆتەوە.
بۆ پێشەوە: کاردانەوەی جەماوەری و حزب ولایەنە سیاسیەکان بۆسەر حزبی کۆمۆنیست چۆن بوو؟.
تاهیرحسن: ئەوەی کە سەرکردایەتی یەکێتی ناچار کرا دەعوانامەکەی لە دادگای سلێمانی شکستخواردوانە بکێشێتەوە، جگە لە ڕاوەستاوی سیاسی حزب و ڕابەری، بەدەنگەوە هاتن و پشتیوانی جەماوەری بەرەی پێشکەوتوخوازی کۆمەڵگە بوو لە هەڵمەتێک کە ڕابەری حزب بۆ پەردەهەڵماڵین لە ناوەڕکی کۆنەپەرستانەی نەخشەکەی یەکێتی دەستی دابوویە. سەدان ئیمزای ناڕەزایەتی و بەیاننامەی تاک و دەستەجەمعی ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان کرانە سەر سەرکردایەتی یەکێتی. تەنانەت چەندین ئینسانی شەریفی ناو یەکێتی نامەی ناڕەزایەتیان بڵاوکردەوە، لەوانە(شێرکۆ بێکەس). تا ئەو ڕادەیەی (جەلال تاڵەبانی) ناچار بوو بانگیان بکات و پاساوی ڕەزیلانە بۆ تاوانەکەیان بهێنێتەوە، بەڵام هیچ حزبێکی سیاسی لە کوردستان یان جورئەتیان نەبوو بەڕەسمی ئەو تاوانە مەحکوم بکەن، یان بێدەنگیان ناڕاستەوخۆ لایەنگریان بوو لەو تاوانە!.
شکستە سیاسیەکەی یەکێتی ئاستێکی فراوانی کۆمەڵایەتی بەخۆوە گرت و ناو و ناوبانگی حزبی چەند ئەوەندەی تر گەورە کرد، بۆیە سەرکردایەتی یەکێتی هەوساری پچڕاندو کەوتە گرتنە بەری ڕێگای بوودەڵەی سەربازی.
ئەمڕۆ ١٩ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر کارەساتی ١٤/٧ دا، لە ڕوانگەی ئێمەوە هێشتا دەرگای دادگایەکی ئاشکرای جەماوەری لەسەر پشتە، هەروەکو چۆن ئامانج لە خوڵقاندنی تاوانی ١٤/٧ پرسی کۆمەڵگە بوو، هەر ئاوهاش چارەسەری ئەو کێشەیە پرسی کۆمەڵگەیە. گێچەڵی سەربازی سەرکردایەتی یەکێتی بە حزبی کۆمۆنیست لەسەر بیروباوەڕو ئیدۆلۆژی جیاواز نەبوو، بەڵکو لەسەر پرسی گەرمی کۆمەڵگەو لەسەر داوای جمهوری ئیسلامی و ڕژێمی بەعس بوو. ئەوانەی ئەم تاوانەو سەدان تاوانی تریان ئەنجام داوە، ئێستا لە چەقی شارەکاندا مەزارگەو پەیکەریان بۆ دروستکراوە!!.
هەرکاتێک هاوسەنگی هێزی جەماوەری کرێکاران وزەحمەتکێشان و بێبەشانی کۆمەڵگە لەگەڵ دەسەڵاتداران بە قازانجی خەڵک و کۆمەڵگە گۆڕا، ئەوکات گوێی هەموو بکوژو دزو جەللادەکان دەگرین ولە چەقی شارەکاندا دەیاندەینە دادگای جەماوەری خەڵک. ئەوانەش کە لە ژێر گڵدان، مێژووی ڕەش وپڕ لە تاوانیان دادگایی دەکەین و لە ویژدانی مێژووی کۆمەڵگەدا، ئەرشیفی دەکەین. هیوادارم ئەو ڕۆژە دوور نەبێت.
تەموزی ٢٠١٩
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.