دیمانە لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە هیرشی چەکدارانەی یەکێتی نیشتیمانی بۆ سەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەساڵی ٢٠٠٠ دا

0
تۆمەتبارانی کەیسی ١٤/٧/٢٠٠٠ چوونە بەردەم دادگا
 
دیمانە لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە هیرشی چەکدارانەی یەکێتی نیشتیمانی بۆ سەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەساڵی ٢٠٠٠ دا
 
بۆپێشەوە: پاساوی لێدان و هێرش بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لەساڵی
٢٠٠٠دا، بردنە دەرەوەی بارەگای چەکدار و نەهێشتی دیاردەی چەکداری بوو لەشارەکان، دوای ١٩ ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوەدا چی دەڵێن سەبارەت بەو پاساوە؟
 
عوسمان حاخی مارف: مەسەلەی بنەڕەتی لە کێشەی یەکێتی نیشتمانی لەبەرامبەر حیزبی ئێمەدا بە هیچ جۆرێک پەیوەندی نەبوو بەوەی دژ بە بارەگا چەکداریەکانمان بێت، بەڵکو مەسەلەی بوونی چەکدار لە بارەگاکانماندا تەنها پاساو و بیانویەک بوو کە یەکێتی نیشتمانی لە بەرامبەر حزبی ئێمەدا بەکاری هێنا، بیانوەکەی هێندە نابەجێ و قێزەوەن بوو، کە بوونی بارەگای چەکداری لەسەرجەم شارەکانی کوردستاندا دیاردەیەکی بەرچاوو فراوان و فەرمی بوو، بۆ هیچ لایەنێک گرفت و بەربەست نەبوو، بەتایبەتی کە خودی یەکێتی نیشتمانی لە هەموو گەڕەک و کۆڵانێک لە تەواوی کوردستاندا بارەگای چەکداریان دامەزراندبوو کە تا ئێستاش دیاردەیەکی ناشارستانی و نەرێنیە.
مەسەلەی بنەڕەتی لە هێرشێکی چەکداری نابەرابەر بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی ئێمە و کوشتنی پێنج هاوڕێمان، ڕاشکاوانە پیلانێکی پێش وەخت داڕێژراو و بەڵگەی سیاسی هەبوو بۆ لێدان لە ڕۆڵ و جێگاورێگای کۆمۆنیزمی کرێکاری، کەلە کوردستان و عێراق و ئێراندا دەنگدانەوەیەکی ڕولەپێش و پێشڕەوی دیاری هەبوو، پیلانێکی ئاشکرا کە گەشەی بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری نە بەکۆماری ئیسلامی ئێران قەبوڵ دەکرا، نە جێگای ڕەزامەندی حکومەتی بەعسی ناسیونال فاشستی عێراق بوو، هەر بۆیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئەم پیلانەی بە ڕۆژی ڕوناک و بە هێزێکی زەبەلاحەوە جێبەجێ کرد، تا گورزێکی توند بدات لە بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە گشتی و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بەتایبەتی.
بۆپێشەوە: لەدوای هێرشی یەکێتی بۆسەر بنکەو بارەگاکانی حزبی کۆمۆنیست و یاساغ کردنی چالاکی و هەڵسورانی، هیچ جۆرە پەیوەندیەک لە نێوان یەکێتی و حزبی کۆمۆنیستدا نەما، لە ئیستادا پەیوەندی حزبی کۆمۆنیست و یەکێتی چۆنە؟
عوسمانی حاجی مارف: بەحوکمی ئەوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق وەک لایەنێکی سیاسی کەلەمەیدانی شانۆی سیاسی عێراقدا هەوڵی ڕێکخستن و ڕابەریکردنی ناڕەزایەتی کرێکارانی داوە لەبەرامبەر ڕژێمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرجوازیدا، هیچ پەیوەندیەکی هاوبەش لەبەرژەوەندیەکانی خەباتی کرێکاراندا نەبۆتە پێداویستیەکی سیاسی بۆ پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیدا، لە هەمان کاتدا حیزبی ئێمە بەگوێرەی هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئسوڵی پەیوەندی نێوان لایەن و هێزە سیاسیەکان هەوڵی داوە بۆ مامەڵەو وەڵامدانەوە بە هەر کێشەو جیاوازیەکی سیاسی نەگات بە شەڕی چەکداری، بەڵام یەکێتی نیشتمانی وەک هیزێکی ناسوێنالیستی میلیشیایی لەبەرامبەر هەر هێزێکی سیاسیدا جیاوازی و کێشەکانی بەچەک وەڵام داوەتەوە. هەر بۆیە نەتوانراوە پەیوەندیەکی ئارام و دروست لەنێوانماندا پێکبێت. وە مانەوەی ئەم کەیسەی ١٤/٧ لە هێرشکردنی یەکێتی نیشتمانی بۆسەر بارەگاکانی ئێمە لەلایەن یەکیەتیەوە، تا ئێستا هیچ پەشیمان بونەوەیەکی فەرمیان لەم کردارەیان نیشان نەداوە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە یەکێتی وەک حیزبێکی دەسەڵاتدار لەبەرامبەر ناڕەزایەتی و خواست و پێداویستیەکانی خەڵکدا، نەک هیچ بەرپرسیاریەک نانوێنێت، بەڵکو بەتوندی دەوری جدی هەیە لەسەر گۆشەگیرکردن و سەرکوت و بێ ئیرادەکردنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، ئەمە هۆکارێکی سەرەکیە بەو مانایەی ئێمە خۆمان لەڕیزی پێشەوەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریەدا دەبینین، بۆیە ناکرێ و ناتوانین پەیوەندی لەگەڵ هێزێکی سیاسیدا ببەستین کە هۆکاری سەرەکیە لە فەراهەم هێنانی فەزای ئەوپەری نمونەی جەردەیی و تاڵانی و دزی لەسەر حسابی بێکارکردن و هەژارکردنی ڕیزێکی بەرین لە جەماوەری کوردستان.
بۆپێشەوە: دوای ئەو هێرشە چەکدارییەی یەکێتی بۆسەر حزب، چ کەسوکاری هاوڕییانی گیانبەختکردوو چ حزبی کۆمۆنیست داوای یاسایی لەسەر ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتی تۆمارکرد، ئەو دۆسیە یاساییە بەکوێ گەیشتووە؟
 
عوسمان حاجی مارف: لە ساڵی ٢٠١١ وە سکاڵایەک لەسەر کەیسی ١٤/٧/٢٠٠٠ دراوەتە دادگاو ئەم کەیسە وەک تاوانێک بە یاسا سپێردراوەو ناسێنراوە، ئەوەی ڕاستی بێت، پڕۆسەی ئەم سکاڵایە و مامەڵەیەک کە لە دادگاوە بەڕێوەدەچێت و بەرامبەر ئەم کەیسە دەکرێت، دەرگیری فەرامۆشی و بێ بایەخیەکی زۆر بووەتەوە، دیارە لەم بارەیەوە هەموو دەزانین کە دەسەڵاتی دادگا و یاسا سەربەخۆ و سەروەر نییە، لەم چوارچێوەیەدا ئاشکرایە کە سکاڵای ئێمە لەسەر ئەم کەیسە وەک زوربەی زۆری ئەو سکاڵایانەی کە لەبەرامبەر حیزبە دەسەڵاتدارەکان و بەرپرسەکانیاندا کراوەو دەکرێت، ئایندەیەکی ناڕۆشن و نادیاری دەبێت. بەڵام ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێبدەین، لەسەرەتای ئەم ساڵدا لەدادگای نەهێشتنی تاوان، ئەم کەسانە وەک تۆمەتبار بانگهێشت کراونەتە بەردەم دادگا و وتەیان وەرگرتوون (خسرەو گوڵ، سەرکەوتی کوبە، سەعدی ئەحمەد پیرە، مستەفای سەید قادر، عومەری سید علی)، ئەوەی شایەنی باسە ئەم کەسانە کە چونەتە بەردەم دادوەر ئەوەیان ڕاگەیاندوە کە بەرپرس نین لەم تاوانەو ئاگادری نین، هەڵبەتە ئەگەر دادگا بەردەوامی بەپرۆسەی لێکۆڵینەوەو دادگایی ئەم کەیسە بدات، ئێمەش بەڵگەو شایەتمان هەیە.
 
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.