دەسەڵات و تاڵانی داهاتی کوردستان سەرچاوەی سەرەکی ململانێ و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتییە!

0

دەسەڵات و تاڵانی داهاتی کوردستان سەرچاوەی سەرەکی ململانێ و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتییە!

دوای زیاتر لە ٩ مانگ تێپەڕین بەسەر سیناریۆی هەڵبژاردنەکاندا!!، تا ئێستا پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە حكومەت!! پێکبهێنن.

دیارە سیناریۆی هەڵبژاردنەکان!! هێندەی ئابڕوچوون و دۆڕانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەبەرامبەر بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریدا خستە ڕوو، نیو ئەوەندە ڕەوایەتی بە مانەوەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی ئەم حزبانە نەدا… دەنگنەدانی نزیک بە سەدا هەفتای خەڵکی کوردستان و بایکۆتی فراوانی جەماوەری، لەدرێژەی ناڕەزایەتی و تورەیی جەماوەریدا بوو بەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی و سەرکوتگەرانەو نۆکەر پیشەیی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی. لەوەش واوەتر رەتکرنەوەی ئەو سیناریۆیە بوو کە هەر چوار ساڵێک پارتی و یەکێتی حزبەکانی تری بزوتنەوەی کوردایەتی وەرێی دەخەن، و هەر خۆشیان ئامادەنین ئاکامەکانی قبوڵ بکەن و واز لەدەسەڵاتی پشت بەستوو بەهێزی چەکدار و داهاتی و دزراو خۆبەستنەوە بە وڵاتانی ناوچەکە بهێنن و بەپێی ئاکامی دەنگدانەکان!! مامەڵە بکەن.

بانگەشەی حزبەکان، بۆ کوردستانێکی بەهیز، ئارام، تەبایی و یەکڕیزی!!، ڕەخساندنی هەلی کار، خزمەتگوزارییەکان، ئاوەدانی، سەرەوەری یاسا و دیموکراسی و ئازادی و دەیان وادەو بەڵینی تر تاد، تا ڕۆژێک بەر لەهەڵبژاردنەکان کاربردی هەیە و دوای هەڵبژاردنەکان، هەموو ئەمانە دەبنە نیشانەی دەسەڵاتی چاوچنۆک و نۆکەر پیشەی دەسەڵاتێکی میلیشیایی، کە ئەوەی بۆی گرنگ نییە و ئاوڕی لێنادرێتەوە ئەو بانگەشەو بەڵینانەیە کە ئەم حزبانە لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا سەخاوەتمەندانە تەخشان و پەخشانی دەکەن.

لەیەکەمین ڕۆژی دوای هەڵبژاردنەکانەوە… تا ئەم ساتە وەختە کە  زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیووە، هەموو کەسێکی هوشیار و ویژدان بێدار دەزانێت و گەواهی بۆ ئەو راستیە دەدەن کە ململانێی سەرەکی نێوان حزبەکان بەگشتی و نێوان پارتی و یەکێتی بەتایبەتی… لەسەر بەشی زۆرتری دەسەڵات و تاڵانی و پچرینی رەوایەتییە بەو دەسەڵاتە میلیشیاییەی لەهەرکام لە زۆنەکانی زەرد و سەوزدا، دایان سەپاندووە بۆ وەرگرتنی شەرعیەت و ئۆکەی دنیای فەرمی بۆ مامەڵە لەگەڵ کردنیان.

ململانێ لەسەر پۆستەکان، ئەو پۆستانەی جومگەکانی دەسەڵاتداریتی دەچەرخێنن و کێبەركێ بۆ دەست بەسەراگرتنی داهات و سامان و بەتایبەتیش کێڵگە نەوتیەکان و خاڵە سنوریەکان، سەرەکیترین و چەقی ململانێکانە.

ئەوەی بە ئاشکرا و لە ڕاگەیاندنی فەرمی و نافەرمی حزبەکاندا بەگشتی و پارتی و یەکێتیدا بەتایبەتی، دانی پیا دەنرێت، ڕیک نەکەوتن و نەسازانە لەسەر پۆستەکان… نەک خزمەتگوزاری و ئازادییەکان و ماف و ویستی زۆرو زەوەندی هاوڵاتیان… ململانێی لەسەر پۆستی جێگری حکومەت و ژمارەیان…. تا دەگاتە کیبەرکێی ئێستایان لەسەر پۆستی پارێزگای کەرکوک، بۆتە کۆسپ لەبەردەم پیکهێنانی حکومەتدا، بە وێنەی ماکیاژ و روپۆشێک بۆ شاردنەوەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی لەهەردوو زۆنی زەد و سەوزدا و بەرگی یاسایی کردن بەسەر دەسەڵاتداریتی لە هەرێمدا.

لەناو کایەی ئەو کێبەرکێیەشدا، بێشەرمانە باسی کەسایەتیەکان دەکرێت بۆ پۆستەکان… سەیرە پارتی کاندیدی یەکێتی بۆ پارێزگای کەرکوک بە پاساوی بەشدار لە رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەردا ڕەت دەکاتەوە… بەڵام باسێک لەو بەرپرسانە ناکات… کە گەورەترین کارەساتی مێژووی نوێییان لە شەنگالدا خوڵقاند و بوونە هۆی جینۆسایدی سەدان هەزار ئینسان بەدەستی داعش… باسی ئەو تاوانبارانە دەشارنەوە کە لەکارەساتی هەڵەبجەدا پێشلەشکریان بۆ سوپای پاسداران کرد و دەستی ژنانیان بۆ ئەڵقەو بازن بڕیوەو گەردنیان زامدارکرد بۆ ملوانکەی ملیان، باسی ئەوانە ناکەن پێش لەشکریان بۆسەر بۆڕیە نەوتەکانی” قودس و دڵی کوردستان” کرد، و سەرئەنجام دەیانەوێت تۆمەتبارانی ٣١ ئاب و دەیان تاوانی تر دیزە بەردەخۆنە بکەن…  کەهەموو ئەو بەرپرسە تۆمەتبارانە، لە پاڵ کرێگرتەکانی پێشووی دەسەڵاتی بەعسدا هەر ئێستا بەرپرس و مکرەمن. ڕەتکردنەوەی کاندیدەکانی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگای کەرکوک لەلایەن پارتیەوە بەهۆی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە بۆ شاردنەوەی تاوانی پارتییە لە ٣١ ئاب و پاشان کارەساتی شەنگالدا… پێداگری یەکییش لەسەر کاندیدەکانی وەستانەوەیە بەرووی زێدەرەویەکانی پارتیدا کە دەیەوێت بریار بەدەست لە زۆن و نفوزی جەماوەری یەکێتیشدا بێت. ١٦ ئۆکتۆبەرتاوانە، وەکو تاوانی هەڵەبجە و ٣١ ئاب و شەنگال و… تاد.

زیاتر لە ٩ مانگە… حکومەت پێک نایەت و دۆخی سیاسی کوردستان و هەریمیش هەر وەکو پێشووە، ئەمەش نیشانی دەدات بوون و نەبوونی حکومەت لەژێر سایەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیاییدا، هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆرێت و لەوەش واوەتر خودی حکومەت لە دۆخی کوردستاندا کارکتەرێکی زیادەیە نەک پێویست.

پارتی و یەکیتی، کێشەیان لەگەڵ یەکتری بەجیا لە دەسەڵاتی زۆتر و قەڵەمرەوی جوغرافیای فراوانتر، دەستگیر بوونە لە سەرچاوەکانی تاڵانیەکی زۆرتر و بەرینتر و قوتبیکردنەوەی دەسەڵاتداریتیان لەدەست نەوەکانی بنەماڵە دەستڕۆشتوەکان” بارزانی و تاڵەبانیەکان”.

بەهەر ئەندازەش ئەو دەسەڵاتە حزبی و میلیشیاییە، بەهێزتر بێت و جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی و سەرچاوەکانی تاڵانی پاوان بکات… بەهەمان ئەندازەش بێمافی و بێبەشی دەکاتە نسیب و بەشی زوربەی هەرەزۆری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکیشی کوردستان و سەرکوت و بێ مافییەکانیش، برەو پێدەدات.

توڕەیی و نەفرەتی جەماوەریش کە تا هاتووە رووی لەهەڵکشان کردووە، ڕیشەی لە نەفرەت لەو دەسەڵاتە و  تاڵانی و رووبەرووبوونەوەیە لەگەڵ دەسەڵاتی داهاتووی ڕەشتری ئەم حزبانە.

خەڵکی کوردستان، کە  بە ناڕەزایەتی لەشەقام و بە بایکۆت لە کایەی هەڵبژادنەکاندا… پەرچەمی نا بۆ دەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشییایی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیان بەرزکردۆتەوە، پێویستە نەک تەنها حزبەکان، بەڵکو خود بزوتنەوەی کوردایەتی وەکو بزوتنەوەیەکی بۆرژوازی و دژە کریکاری و دژە ئازادی و هەموو جۆرە ئازادیخوازییەک، بکاتە نیشانە. بزوتنەوەی کۆنەپەرستی کوردایەتی منداڵدانی پێگرتنی ئەو جۆرە لەو حزبانەیە کە نزیک بە ٣٠ ساڵە، ئەزمونی شکستخواردوی خۆی، کردۆتە ئەزمونێکی رەش.

خەڵکی کوردستان دوای ئەو هەموو ئەزمونەی بزوتنەوەی کوردایەتی نابێت هیچ خۆشباوەرییەکی بە ڕەوت و حزبە سیاسییەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بێت “بەدەسەڵات بەدەست و ئۆپۆزیسێۆنیەوە”… ئەم بزوتنەوەیە هەر ئەم جۆرە لە حزبی کۆنەپەرست و دژە ئینسانی و دژە ژن و نۆکەری لە ژینگەکەیدا سەوز دەبێت…

ململانیی هەمیشەیی نێوان یەکیتی و پارتی، لە تەبایی و لە کاتی ناکۆکیەکانیاندا، کێبەرکێی نێوان دووحزبی سەر بەیەک بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە” بزوتنەوەی کوردایەتی” لەسەر تاڵانی دەسەڵاتی زۆرتر…

 

کۆتایی یونی ٢٠١٩

Leave A Reply

Your email address will not be published.