دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاری کارەبا ناڕەزایەتی لە شارەکانی باشووری عێراق دەستی پێکرد

0
ئەحمەد عبدالستار
 
ئەمڕۆ ٣٠ی حوزەیران لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو نەبوونی خزمەتگوزاری کارەبا، خەڵکی ناسریە دژ بە ئیدارەی گەندەڵی حزبەکان هەڵسان.
خۆپیشاندەران لە قەزای الاسلاح هەستان بە سووتانی دەروازەی ئەنجوومەنی شارەوانی، دوای ئەوەی ئەندامانی ئەنجوومەن لە ناویدا گەمارۆ درابوون. سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانی لە الاسلاح فەیسەل جاسم بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گووتی “خۆپیشاندەران دەروازەی باڵەخانەی ئەنجوومەنیان ئاگر تێبەردا، لەکاتێکدا ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەن لەناو باڵەخانەکەدا بوون”. سەرۆکی ئەنجوومەن داوای لە هێزەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە کردووە تا فریای باڵەخانەکە بکەون بۆ ئەوەی بنایەکە هەمووی نەسووتێت. جەختی لەوەش کردەوە کە دەزگا ئەمنیەکان بەرپەرچی هاوڵاتیانیان نەکردۆتەوە لەسەر ئەو هەڕەشەیە بۆسەر باڵەخانەی ئەنجوومەن. ئاماژە بە هیچ بریندار و خنکان و سووتانی کەس نەکراوە لە نێو ئەندامانی ئەنجوومەن، جگە لە برینداربوونی پۆلیسێک لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە.
هەروەها لە سوق الشیوخدا، خەڵکی ئەو قەزایە لەسەر خراپی کارەبا و زیادبوونی بڕانی کارەبا لەو شارە خۆپیشاندانیان کرد. لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەوشارە بەڵێنیان دابوو کە بەپەلە کێشەکە چارەسەر دەکەن. خۆپیشاندەران لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی شارەوانیدا کۆبوونەوە و لافیتەکانیان لێی نووسرابوو (سەرەڕای گەرما و بەڵاکان، نۆرەی نەبوونی کارەبایە)، (داوای خزمەتگوزاری کارەبا دەکەین)، (سەبر سنووری هەیە، بەسیەتی بەڵێندان بە هاونیشتمانیان).
یەکێک لە خۆپیشاندەران بەناوی عمران سەگبان بۆ تۆڕی
هەواڵی ناسریە گووتی” ئەمڕۆ هاتووینە دەرەوە بۆ داوای مافی ڕەوای خۆمان لەوانە کارەبا؛ سەرەڕای بەڵێنی دەسەڵاتداران بۆ چاکردنی لە ماوەی ١٦ ساڵدا”.
Leave A Reply

Your email address will not be published.