دیمانە لەگەڵ لەتیف مستەفا ئەمین؛ ناسراو بە حاکم شێخ لەتیف ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەپرسی کەرکوک..
شێخ لەتیف: هەلومەرجی سەختی ژیانی خەڵکی کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی و نەبوونی حوکمی ڕەشید و نەبوونی لێپرسینەوە…
دیمانە لەگەڵ لەتیف مستەفا ئەمین؛ ناسراو بە حاکم شێخ لەتیف ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەپرسی کەرکوک..
بۆپێشەوە: دانیشتوانی شاری کەرکوک پێکهاتوون لە عەرەب و کوردو تورکمان و کلدان و ئاشوری، موسڵمان….تاد، چ ئیدارەیەک بۆ کەرکوک باشەو دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانی کەرکوک بکرێت؟
لەتیف مستەفا: نموونەیەکمان ھەیە لەسیستمی دیموکراتی ڕۆژئاوایی بۆ ئیدارەدانی شارێک کە فرە پێکھاتە بێت، بە شێوەیەک کە ھیچ پێکھاتەیەک پشتگوێ و پەراوێز نەخرێت، ئەویش ئەزموونی برۆکسلی بەلجیکایە و سێ پێکھاتەی نەتەوەیی سەرەکی تیایە تا رادەیەک وەک کەرکوکە، بۆیە پێویستە دوو ئەنجوومەن هەبێت: ئەنجوومەنێک بۆ ھەڵسوڕاندنی کاروباری بەڕێوەبردن و حوکمداری، و ئەنجومەنێکی تری ڕۆشنبیری و زمان ھەبێت لەھەرسێ پێکھاتەکان. ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن؛ حوکمداری شارەکە بەڕێوە دەبات وەک ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵام بە ھاوکاری و ڕاوێژی ئەنجوومەنی ڕۆشنبیری و زمانەوانی بۆ ھەموو ئەو بابەتانەی تابعی سیاسی یان نەتەوەیی یان تەنانەت خەدەمیشیان لەخۆگرتوە.
بۆپێشەوە: کەرکوک لەسەر دەریای نەوتە و سەرچاوەی داهاتێکی زۆر و زەوەندە، کەچی بێبەش لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانە، و دانیشتوانەکەشی لەهەلومەرجێکی سەختی ژیاندان، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
لەتیف مستەفا: بەکورتی؛ گەندەڵی و نەبوونی حوکمی ڕەشید و نەبونی لێپرسینەوەیە.
بۆپێشەوە: ڕێگاچارەی کارساز بۆ دۆخی کەرکوک چییە؟
لەتیف مستەفا: وەڵامی ھەردوو پرسیاری سەرەوە تا ڕادەیەک وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەداتەوە.
پێویستە بۆ ھەموو شارەکانی تری وەک موسڵ و دیالەش کە نموونەی شاری فرەپێکھاتەن ھەمان ئەزمونی بەڕێوەبردنی برۆکسلیان لەسەر جێ بەجێ بکرێت، نەک تەنھا کەرکوک.