دیمانە لەگەڵ ستار محەمەد قادر  نووسەر و رۆژنامەنووس سەبارەت بە پرسی کەرکوک…

0

ستار محەمەد: لەئێستادا پارێزگار کورد بێت یان غەیرە کورد، هیچ لەبارودۆخەکە ناگۆڕێت، چونکە مەلەفی ئەمنی لەژێر دەست و دەسەڵاتی قائیدی عەمەلیاتدایە…

دیمانە لەگەڵ ستار محەمەد قادر  نووسەر و رۆژنامەنووس سەبارەت بە پرسی کەرکوک…

بۆپێشەوە:  پارێزگاری کەرکوک چ ئەرکێکی لەسەرشانە و دەبێ چۆن مامەڵەی دۆخی کەرکوک بکات؟ هەروەها ئەگەر پارێزگار کورد بێت وەکو پێشوو، تاچەندە دەسەڵاتی دەبێت لە هەلومەرجی دوای ١٦ ئۆکتۆبەردا؟

ستار محمەد قادر جاف: پارێزگاری کەرکوک وەکو پارێزگاری هەر یەکێک لەپارێزگاکانی عێراق، ئەرک و دەسەڵاتەکانی لەچوارچێوەی دەستوورەوە بۆی دیاریکراوە. پارێزگار وەکو سەرۆکی یەکەی ئیداریی بەرپرسی یەکەمی مەلەفی ئەمنیە و دەسەڵاتی لادان و دانانی بەرپرسە ئەمنیەکانی هەیە. ئەرکی سەرشانی پارێزگار، ئەرکێکی میحوەریە، واتا کارامەیی و شارەزایی و دڵسۆزی ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێت لە ئاوەدانکردنەوە و گۆڕینی سیمای شارو هەموو سێکتەرەکانی دیکەدا… پارێزگار پیادەی دەسەڵاتەکانی خۆی دەکات، بەڵام نابێ دوای دەسبەکاربوونی وەکو کادیرێکی حزبی یان مەکتەب سیاسیەک خۆی بنوێنێ و مامەڵە بەپۆستەکەیەوە بکات. لەئێستادا پێموایە پارێزگار کورد بێت یان غەیرە کورد، هیچ لەبارودۆخەکە ناگۆڕێت، چونکە مەلەفی ئەمنی لەژێر دەست و دەسەڵاتی قائیدی عەمەلیاتدایە، و ئەوەی دۆخی کەرکوک دۆخێکی ئیستیسنائیە و لەدوای شازدەی ئۆکتۆبەرەوە ئەو دەسەڵاتە لەپارێزگار سەندراوەتەوە.

بۆپێشەوە: بۆ ناکرێت پارێزگاری کەرکوک مەسیحیەک، یان کلدان و ئاشوریەک بێت؟ بۆچی یەکێیتی و پارتی هەر پێ لەسەر پارێزگاری کورد بۆ کەرکوک دادەگرن، لە حاڵێکدا ئەزموونی پارێزگارە کوردەکان، ئەزموونێکی شکستخواردوو گەندەڵی و دزی و تاڵانی و نائەمنی و تەفرەقەخوازی بووە؟

ستار محمەد قادر جاف: بەرای من بەم رەوشەی ئێستاوە بۆ پارتە کوردیەکان وا باشترە لەدەلاقەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەوڵبدەن ڕەوشەکە ئاسایی بکەنەوە، باشترە لەوەی بەدانانی پارێزگارێکی کورد، شەرعیەت بە واقیعی باڵا دەستی سوپای عێراق بدەن لەکەرکوک. واقیعی کەرکوک بەدەر نییە لەواقیعی هەولێرو سلێمانی، هەڵبەتە کورد لەدوای ڕووخانی بەعس، نەیتوانی مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ کەرکوکدا بکات، هەمان ئەزموونی خۆیان، هێنا لەکەرکوک دووبارەیان کردەوە، ئەو ململانێ پڕووکێنەرەی ئەوان هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کورد بەگشتی و پارێزگار بەتایبەتی بکەوێتە ژێر هەژموونیانەوە. سەردەمی مافناس عەبدولڕەحمان مستەفا، وەکو پارێزگارێک، ئەگەر ململانێی حزبی نەبوایە و پارتە کوردیەکان پشتگیرییان بکردایە؟ سەردەمێکی زێڕین بوو، چونکە ئەو پیاوە بەهەموو هێزیەوە هەوڵی دەدا خزمەت بکات، بەڵام ڕێگری لێدەکرا. بەنیسبەت دانانی پارێزگار لەنەتەوەکانی دیکە؟ بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن کورد زۆرینەی کورسیەکانی ئەنجومەنی شارەوانی بردۆتەوە و زۆرینەی ئەم شارەیە، ئەوەیش مافێکی شەرعی خۆیەتی کە پارێزگار لەکورد بێت.  کێشەکە لەوێدا نییە کێ دەبێ و کێ دادەنرێت؟ لەوێدایە دەبێ پاڵپشتی بکرێت، چونکە هەموومان واقیعی عێراق دەزانین، ئێمە ئەزموونی پارێزگاکانی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش لەبن دەستماندایە، هەر پارێزگارێک دەسکراوە بووبێ و پاڵپشتی کرابێت، توانیویەتی کاری گەورە و باش ئەنجام بدات، چونکە دوا جار سەرکەوتنەکە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، لەهەر شارێکیش پارێزگار وەکو بووکەڵەیەک بەدەست بەرپرسە حزبیەکانەوە گەمەی پێ کرابێت، بەزەحمەت توانیویەتی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری باش بەئەنجام بگەیەنێت. بەپێچەوانەوە خیتابی ڕۆشنبیرانی کورد و بگرە پارتە کوردیەکانیش لەپێناو ڕازیکردنی دڵی نەتەوەکانی دیکە، گوتاری پێکەوە ژیان و ئاشتی بووە. بۆ بابەتی شکستخواردوو یان ئەزموونێکی سەرنەکەوتوو، خۆ خودی عێراق نغرۆیە لەشکست، ئەوە واقیعی ئەم وڵاتەیە، تا ململانێی حزبی و تائیفی هەبێت، دەبێ پەرچەمی شکست دابهێنین. پێموایە تا دۆخی کەرکوک ئاسایی نەکرێتەوە و لەنێو هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان وێنە و وێنایەکی دیکەی بۆ نەکێشرێت، بەسانایی گرێ کوێرەکان ناکرێنەوە. چونکە کەرکوک ڕەهەندی نێودەوڵەتی و هەرێمی بەسەریەوەیەتی و رێگا نادەن ئەو ڕەوشە بەدڵی ئەم یان ئەو یان هەمووان گوزەر بکات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.