پارشـــێو

0

ئارام حەسەن

حەمەی فەقێ ڕەسوڵ و فاتێی هاوسەرینی، تەمەنیان هەڵکشابوو، کچ و کوڕەکانیان چوبوونە ماڵ وحاڵی خۆیان… حەمە ئەوەندە حەزی لە خواردنی بنکڕ بوو، خەڵکیی بە (حەمەبنکڕ) ناویان دەهێنا، پیاوێکی لاوازی خەوخۆش، ئیشی کردباو نەیکربا، ئەو هەر ماندوو دەردەکەوت، فاتێی هاوسەرینیشی کتومت خووی ئەوی گرتبوو، لە شەوانی مانگی ڕەمەزاندا، پارشێوان زۆر بە زەحمەت وەخەبەر دەهاتن.. شەوێک لەو شەوانە، وەختێ وەخەبەردێن، ڕێک کاتی بانگی بەیانییە، حەمە لە پێخەفەکەی دێتەدەرێ و بەپەلەپەل بە فاتێ دەڵێت: ــ “ئا هەستە کچێ.. ڕێ بە سۆفی عەلادین بگرە، با جارێ بانگ نەفەرموێ” ڕێگەی مزگەوت کەوتبووە بەردەم ماڵی حەمە، کاتێک فاتێ بە هەڵەداوان دەچێتە دەرێ، لەبەر دەرگا تووشی سۆفی عەلادین دەبێت و پێیدەڵێت: ــ “خوا بمکا بە قوربانی سەرت، مەڕۆ بۆ مزگەوت، بە قورعانی عەزیم ئێستا خەبەرمان بۆوە، ئەمشەویش یارمەتیمان به، جارێ بانگ مەیە، با تیکەیەک نان بخۆین” سۆفی عەلادین سەرێک بادەداو وەڵامی دەداتەوە: ــ “باشە براژن گیان… بەڵام لە چارەکە سەعاتێک زیاتر، ناتوانم خاترتان بگرم، ئا لێرەیا خۆم مەشغوڵ ئەکەم، دوایی یەکسەر بانگەیەم، بە ناوی ئەو خوایه ئەمه ئاخرجارە یارمەتیان بەم”

Leave A Reply

Your email address will not be published.