یەکیەتی و پارتی دروستکەری ئەو واقیعە تاڵەی ئەمڕۆی کوردستان !!!

0

یەکیەتی و پارتی دروستکەری ئەو واقیعە تاڵەی ئەمڕۆی کوردستان !!!

ڕۆژنامەنوس: شوانە حسن ابوبکر

لە هزری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا راپەرین سەرەتای هەستکردن بوو بە ئازادی و دوورکەوتنەوە لە دەسەڵاتی رژێمی ستەمکار و داپڵۆسینەر. خەڵکی بەو رۆحیەتەوە ڕاپەڕینی کرد کە هەست بکەن لە ژیانی خۆیاندا بە ئازادی دەژین دەتوانن وەکو ھاوڵاتی ڕێزلێگیراو بژین، بەڵام ئەوەی جێگای داخە لە دوای بیست و هەشت ساڵ لە ئەزمونی ئەم حیزبانەی کوردایەتی، کوردستانیان لەگەڵ دەیان قەیران و کێشەی جۆراجۆردا بەرەو ڕووکردۆتەوە. کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەرەو قوڵبوونەوە دەچن، هەردوو حیزب لە نێو چوارچێوە و بەرنامەی ئیران و تورکیا و ئەمەریکادا هەلسوکەوت دەکەن لەگەڵ ناکۆکیی و بێ ئاسۆیی خۆشیاندا کۆمەڵگەیان بە خۆیانەوە بەرەو سەرگەردانی‌ و بێ ئاسۆیی و بێ ئومێدیی پاڵ پێوەناوە و ئەمەش بۆتە مەترسیی و دڵەڕاوەکێ بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵك و تاریککردنی ئایندەی سیاسی و کۆمەڵایەتیان. لە کوردستاندا هێشتا خەڵکی نیگەرانە لە نەبوونی ئازادی و خزمەتگوزاریی و ھەبوونی بێکاریی و ناسەربەخۆیی دادگاکان. خەڵک نیگەرانە لە دووبارەبوونەوەی دەموچاوەکان، لە بازرگانی بەرپرسەکان بە خەڵکەوە. نیگەڕانییەکی قوڵ لەناو خەڵکدا هەیە بە ھۆی گەندەڵییەوە. خەڵک نیگەڕانە، چونکە وەکو مڕۆڤ ناژی. لە کوردستان هەندێ وەک کۆیلە دەژین و ھەندێ وەکو پاشا دەژین. لە کوردستاندا ڕۆژنامەنووس دەکوژرێ.. لە کوردستان هەموو شتێک قۆڕخکراوە. گەنجەکان نائومێدن لە ژیانی ئێستایان و ئومێدەکانیان خنکێندراوە، هەمیشە دەیانەوێ شۆڕش بکەن بۆ ڕزگاری ئازادی یەکجاریی، بەڵام گەنجەکان بە داخەوە ناڕێکخراون، بێ کەسن، تەنهان و هیچیان پێناکرێ. کوردستان ئێستا لە ململانیدایە، قاچێکی لە ناو ئایندایە و قاچێکی لە ناو شارستانییدا. خۆشی نازانی بۆ لای کامیان بچێ. مڕۆڤی کوردستان هیلاکە چێژ لە هیچ وەرناگری، هەمیشە لە ژێر سانسۆری دین و کلتوور و حیزب دایە. هەمیشە لێپرسینەوەی لێ دەکرێ. ئاین ناهێڵێ ئازاد بێ، حیزبەکانی دەسەلات ناهێڵێ ئازادبێ، کلتووریش بە ھەمان شێوە. کوردستان ئێستا وەکو تاقیگەیەکی گەورە وایە بۆ تاقیکردنەوەی خڕاپترین خواردن و خڕاپترین جۆری دەرمان. لێرە مڕۆڤ تەنها وەک ئاژەڵێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و هیچیتر… سەرمایەدار و سیاسیەکان خوێنی خەڵک دەمژن. حیزبەکان دەیان تۆری کۆمەلایەتی ساختەی فەیسبووکیان کردۆتەوە بۆ شکاندنی شکۆی تاکەکان.. خەڵک گیری خواردوە بە دەست ئەمانەوە لە کوردستان. کوردستان ئەو بەهەشتە نییە کە راگەیاندنەکان باسیدەکەن، بەڵکو وڵاتێکی بێخاوەنە. لە کوردستان ڕۆژ نییە مڕۆڤێک لە شار و شارۆچکەکان نەکوژریت هەر بەنمونە لەشارێکی وەکو قەڵادزێ تەنها لەماوەی یەک هەفتەدا دوو کەس لەتۆرە کۆمەڵایەتیەکان وێنەو چیرۆکی کوشتنیان بڵاوبۆوە ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانە چەندان کەس بە رووداوی هاتووچوو ژیان ئەسپێرن و لەولاشەوە کوشتنی ڕۆژنامەنوس و ڕاوەدونانی کەسانی ئازادیخواز بوەستێ. ڕۆژ نییە مافیای تازە خۆی عەرز نەکات ڕۆژ نییە دایکێک نەگریت بۆ بێسەروشوێنکردنی کوڕەکەی، ڕۆژ نییە ئافرەتان سوکایەتی پێ نەکرێت. بۆ مڕۆڤی دادپەروەر کوردستان دۆزەخە… هەر لەبەر ئەمەشە گەنجەکان هەڵدێن بۆ ئەوروپا تا وەکو مڕۆڤ بژین چێژ لە ئازادی وەربگرن، بەلام لەگەل ئەوەشدا هێشتا ئومید و باوەر بەخۆبوون ماوە کە بتوانێت ئەو دۆخە ناهەموارە بگورێت و ئاراستەی ژیان پیچەوانە بکاتەوە، پێچەوانەی ویست و ئارەزووی ئەو حیزبانە.. لە ١٧ شوباتی ٢٠١١وە بە کەڵک وەرگرتن لە “بەهاری عەرەبی” و شۆرشی وڵاتانی باکووری ئەفریقیا تا هاتووە مەسەلەی کۆتاییهێنان بە دەسەلات و پایەی ئەم حیزبانە بۆ ئالوگوری بنەرەتی لە سیستەمی حکومرانی، فراونتر و فراوانتر دەبێتەوە. نەفرەت و توورەیی لەم دەسەڵاتە چۆتە ئاستی باڵاترەوە. باوەرهێنان بەوەی کە یەکیتی و پارتی و حیزبی گۆران و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ، ناتوانن وەڵام بە گرفتەکانی کۆمەڵگە بدەنەوە و ئەم بروایەش تا دێ بەرەوسەر دەچێ. خەلکی کوردستان هەموو رەنگەکانی تاقیکردوە تەنها خۆی نەبێت ئەویش تەنها و تەنها لە گرەوی هاتنەمەیدانی ریزی خۆماندایە… ریزی گەنجانی بەگوڕوتین، ریزی خەڵکی کریکار و فەرمانبەران و ژنان و دەستەنگی کوردستان کە بە دژی ئەو سیستەم دەسەڵاتە مافیاو چەکدارانە بوەستینەوە تا بتوانیین کۆتایی بهینین بەو میحنەت و کۆێرەوەری و هەژاریی و بێکاریی و بێمافی و گەندەڵییەی هەموو ڕۆژ ژیانمان دەهارێ.

 ڕۆژنامەنوس: شوانە حسن ابوبکر

Leave A Reply

Your email address will not be published.