دادگا و دەسەڵات دەچێتە پشت تاوانی ڕفاندن و ئیغتیساب..
دادگا و دەسەڵات دەچێتە پشت تاوانی ڕفاندن و ئیغتیساب..
ئەو تۆمەتبارانەی دەستدرێژیی سێکسیان کردەسەر مناڵێکی هەشت ساڵانە لە شاری هەولێر ئازادکران
ل. لوقمان-ی تەمەن ٨ ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێر، لە ٤/٣/٢٠١٩ لەلایەن دوو پیاوەوە و بە هاوکاریی دوو ژن دەستدرێژیی سێکسی کرابووە سەر، تۆمەتبارەکان لە ١٤/٤/٢٠١٩ دەستگیرکران و لە بنکەی پۆلیسی ڕاستی دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، بەڵام لە ١٧/٦/٢٠١٩ ئازاد کراون، لەوبارەیەوەشەوە ئەمڕۆ باوکی (ل) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا. لوقمان ئیسماعیل، باوکی (ل) لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بە سەرەتای ڕووداوەکە کرد و وتی:”ئەو دوو پیاوە بەهاوکاریی زڕدایکی لاڤان و زڕپورەکەی لە ٤/٣/٢٠١٩ کچەکەمیان ڕفاند و پاش سێ کاتژمێر دۆزیمانەوە، دوای پشكنینی پزیشكیی دەرکەوت لاڤان دەستدێژیی جنسیی كراوەتە سەر، منیش سکاڵام لەسەر تۆمارکردن و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران و دانیان بە تاوانەکەیاندا نا”. لوقمان ئیسماعیل، وتیشی: زانیارییم پێگەشت، کە تۆمەتبارەکان ئازاد کراون، بۆیە سەردانی بنکەی پۆلیسی ڕاستیی-م کرد و بۆم دەرکەوت، بە بڕیاری دادگا و بە کەفالەت ئازاد کراون. لوقمان ئیسماعیل، ڕایگەیاند”بەرپرسێکی پارتی لەپشت ئازادکردنی تۆمەتبارانی دەستدرێژیی سەر (ل)-ەوەن” و داوای کرد، کە دۆسیەی کچەکەی بە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدا بڕوات، بۆ ئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتیی گەورەتری لێنەکەوێتەوە. باوکی (ل)، ئاماژەی بە خراپیی دۆخی دەروونیی منداڵەکەی کرد و وتی، کە پێویستیی بە هاوکاریی هەیە.
ئامادەکردنی: ڕۆژنامەنووس شوان حەسەن