هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ئەمساڵ لە بەریتانیا و ڕکابەرایەتی نێوان لەیبەر وکۆنسێرڤەتیڤ ئابووری بەهێز وسەقامگیر، یاخود بەرژەوەندییەکانی زۆرینەی خەڵک!

0

 

نوسینی:

سالار حه‌مە سەعید

تیریزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە ١٨ی نیسانی ئەم ساڵ دا هەڵبژاردنی سەراسەری لەبەریتانیا دا ڕاگەیاند کە لە ٨ی حوزەیراندا ئەنجام بدرێ. بڕیارێکی پێش بینی نەکراو لەلایەن خەڵکی بەریتانیاوە. هۆکاری ڕاگەیاندنی ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە  بەتایبەتی لەم کاتەدا چی بوو؟ تیریزا مەی لە قورسایی حزبەکەی باش تێدەگات و لە هێز و سەنگی حزبە ڕکابەرەکانیشی باش دەگات، تەنها ڕکابەری گەورەی کۆنسێرڤەتیڤ لەم قۆناغەدا حزبی کرێکارانە ( لەیبەر)ه‌ کە ئەویش لە بارو ڕەوشێکی وادانییە کە حەسوودی پێ ببرێت. بەهۆی نالەباری وەزعی ناوخۆی حزبی لەیبەرەوە، تیریزا مەی وای بەباش زانیوە کەلەم کاتەدا کە لەیبەر حزبێکی پڕ لەکێشەیەو کێشەی ڕابەری و ئینسجامی ناوخۆیی هەیە و بەردەوام ناڕێکی لەحزبەکەدا هەیە و حزبێکە ئەنتی برێگزتە.  بەرای من لەبەرئەوە بووکە بڕیاری دا لەم کاتەدا ئەم هەڵبژاردنە ڕابگەیەنێ. بەڵام هۆکەی چیی بوو؟ ئەڵبەتە هۆکەی ئەوە نیە کە حزبی لەیبەر لاواز و پەرتەوازەیە بەڵکو هۆکارەکەی زۆر لەوە گەورەترە بەڕای من. بەریتانیا بە قۆناغێکی چارەنووس سازدا تێدەپەڕێ و بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە کۆنسێرڤەتیڤ پێویستی بەدەسەڵاتێکی ئێجگار زۆر هەیە بۆ ئەوەی دەستی ئاوەڵا بێت وە لە گەڵ یەکیەتی ئەوروپادا بگاتە باشترین ڕێکەوتن، بەتایبەتی کە ئێستا بە برێگزت دا تێدەپەڕێ و ئەوروپا بە ئاسانی نایهێڵێ پیاتێپەڕێ وە یەکیەتی ئەوروپا دەیەوێ سزای بدات تاکو ببێتە عیبرەت بۆ هەر وڵاتێک کەبیەوێ هەنگاوی هاوشێوەی بەریتانیا بدات. تیریزا مەی دەڵێ: دەنگدان بە ئێمە دەنگدانە بە ئابووری یەکی بەهێز و بەتوانا بەلام دەنگدان بە لەیبەر دەنگدانە بە حکومەتێکی لاواز و دەنگدانە بە هەرج و مەرج. تائەندازەیەکی زۆر ڕوانگەی حزبی کۆنسێرڤەتێڤ لە مەڕ لاوازی لەیبەر وڕابەرەکەی ڕاستە. ئەوە ڕاستییە کە ناکرێ چاوی لێ بپۆشرێ کە ڕابەری لەیبەر ڕابەریەکی نامونسەجیم ولاوازە. کۆنسێرڤەتیڤ (حزبی موحافزین) ئەم دەورەیە زیاتر قسە لەسەر یەک مەسەلەی سەرەکی دەکەن کە ئەویش ڕابەرییە، ڕابەری یەکی بەهێز و سەقامگیر. کە زۆر گرنگە ئەم ڕابەرییە لەم قۆناغە گرنگەی مێژووی بەریتانیادا، هەروەک تیریزا مەی دەڵێ ڕابەری بەهێز لەوەدا گرنگی هەیە چونکە بە قۆناغێک دا دەڕۆین کەسات و وەختی گۆڕانکاریەکانە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە وتەکانی جێرمی کۆربنە کە تیایدا باس لە بەرژەوەندی یەکانی خەڵک دەکات و باس لەوەدەکات کە چۆن زیاتر لە ٦ ملیۆن  کەس هەقدەست و مووچەیان لەخوار ئاستی ژیان و گوزەران دایە وە کەسانێک کە نازانن هەر هەفتەیەک مووچەکانیان چەند دەبێت و چۆن دەبێت و یا ئەوانەی کە دەرامەتی مام ناوەنجی یان هەیە کە خۆیان یا مناڵەکانیان لەزۆرێک لە مافەکانیان بێ بەشن. دەڵێت ئێمە تێدەکۆشین لە پێناوی بەرژەوەندی زۆرینەی خەڵک و ئەوانیش حکومەتی کەمینەی خەڵکن و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی کارتێلەکان وسەرمایەدارەکان دەکەن.

نزیک بوونەوەی کۆربن و حزبەکەی لەدەسەڵات بە کارەساتبارو مەترسیناک لەقەڵەم دەدرێ لەلایەن حزبی پارێزگاران (کۆنسێرڤەتیڤ)ەوە، لەبەرئەوەی کۆربن مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە دژایەتی کردن بە شەڕ وهێڕشی سەربازی وەک دادکۆکیکارێکی سەرسەختی ئاشتی وئاشتەوایی دەرکەوتووە لەچەند دەیەی ڕابردوودا. ئەم هەڵوێستانەی کۆربن لەگۆشە نیگای بۆرژوازیەوە ئیجگار ترسناکە و قبووڵ ناکرێ.

بۆیەکەم جار لەماوەی نزیکەی سەدەیەکدا واتە لە سالی ١٩٢٠ ەوە حزبی شیوعی بەریتانی کاندیدی خۆی دانانێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی گشتی دا ئەویش لەبەرئەوەی ئەم حزبە لەوباوەڕەدایە کە جێرمی کۆربن یارمەتی دەدات لە بەئەنجام گەیاندنی ئامانجە شۆڕشگیریەکانیان. سکرتێری گشتی ئەم حزبە ڕایگەیاند کە حزبەکەیان و شیوعیەکان پشتیوانی دەکەن لە جیرمی کۆربن و هەوڵ دەدەن هەرچی زیاتر لەیبەر دەنگ بهێنێ تابگاتە دەسەڵات. حزبی شیوعی بەریتانی کە لەدوایین هەڵبژاردنەکانی سالی ٢٠١٥دا بە ٩ کاندید بەشداریان کرد تەنها ١٠٠٠ دەنگیان بەدەست هێنابوو.

سەبارەت بە حزبی (یوکیپ) واتە حزبی سەربەخۆیی بەریتانیا ساڵی ڕابردوو هێزێکی بەهێزی هەڵبژاردنەکان بوو کە هێزێکی گەورەبوون لە هەڵبژاردنەکاندا وتوانیان لە ریفراندۆم دا سەربکەون وڕەوتی باسەکان بە بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن. بەڵام ئەمساڵ دەنگۆی ئەوە هەیە کە بەکاندیدی کەمتر لە ١٠٠ کورسی بەشداربن و لەزۆربەی ناوچەکانی هەڵبژاردن دا کاندیدەکانیان بوونەتە یەک ژمارەیی واتە کەمتر لە ١٠. وە زۆرینەی زۆری خەڵک دەڵێن کە (یوکیب) چ زەروورەتێکی هەیە بەتایبەت پاش ئەوەی کە برێگزت واڕوودەدات. بەلام خۆیان دەڵێن هێشتا ڕۆڵێک هەیە کە پێویست دەکات بیبینن لە هەڵبژاردنە کانی داهاتوودا وەدەگونجێ بڕیاردەربن لە بەرەنجامەکاندا. ئێستا پاش ئەوەی یوکیپ پەیامێکی نەماوە بۆ ووتن دەنگدەرەکانی هەلبژاردنەکانی پێشوو بێگومان دەنگی بۆ نادەن لەبەرئەوەی ئەوەی هەوڵیان بۆدەدا پێ یگەیشتن. ئەو چەند ملیۆن دەنگدەرە بە دلنیایی زۆرینەیان دەنگ بە یوکیپ نادەنەوە و بەدوای حزبێکی سیاسی دادەگەڕێن تا دەنگی بۆ بدەن. لەیبەر زۆر نیگەرانی ئەوەیە کە ئەو دەنگدەرە ملیۆنیە دەنگ بدەن بە حزبی موحافزین (کۆنسێرڤەتیڤ) ئەویش لەبەرئەوەی تیریزا مەی خۆی بە حزبی برێگزت دادەنێ، واتە حزبی ئەم قۆناغە هەنووکی یە کە برێگزت تیا ڕوودەدات وە خۆی بەباشترین هەڵبژاردە لەقەڵەم دەدات بۆ ئەم قۆناغە هەستیارەی بەریتانیا.

ڕاپرسی یەکان وانیشاندەدەن کە کۆنسێرڤەتڤ بو یەکەمین جار لە ماوەی ١٦٧ ساڵدا لە ناوچەی وەیڵز دا  لە پێشەنگ دایە و بەرەو سەرکەوتن دەچێ لەو ناوچەیەدا، کە دەبێتە شکستێکی گەورە بۆ لەیبەر، لەبەرئەوەی ئەو ناوچەیە دادەنرا بەیەکێک لەقەڵا دێرینەکانی لەیبەر.

هەروەها ڕاپرسیەکان پیشانی دەدەن کە نیوەی لایەنگرانی (یوکیپ) حزبی سەبەخۆیی بەریتانیا بەرەو شین دەڕۆن واتە حزبی کۆنسێرڤەتیڤ. بەرەو خوارەوە چوونی حزبی سەربەخۆیی بەریتانیا (یۆکیپ) نەتەنها کارەساتە بۆ حزبەکە بەڵکو بۆ حزبی لەیبەریش کابووسێکی گەورەیە.

کۆنسێرڤەتیڤ پەنادەباتە بەرسووکایەتی کردن بەشێوەیەکی ناشایستە ئیهانەی سەرۆکی حزبی لەیبەردەکات هەروەک لەزاری وەزیری دەرەوەی بەریتانی بۆریس جۆنسۆن هاتووە: کە کۆربن نەفام و ئەحمەق و پەراوێزکراوە لەحزبەکەیدا.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.