هونەرمەندی بێلایەن و سەربەخۆ؟
هونەرمەندی بێلایەن و سەربەخۆ؟
کاوان قادر
هونەر لەپێناوی هونەردا، ئەو ڕستە بێناوەرۆکە بوو کە لە ئەوروپای سەدەی ١٩دا پڕوپاگەندەی بۆ دەکرا بە پێشڕەوایەتی(victor cousin ) لە لێکدانەوەیەکی زۆر بێ ناوەرۆکدا کە دەڵێ “هیچ بەهانەیەک پێویست نییە کەهونەر تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت”، کە بە پێچەوانەوە ( George Sand) ڕۆمانووسی فەڕەنسی بەرپەرچی ئەم بۆچونەی دەداتەوە کە (هونەر لە پێناو ڕاستیدا، لەپێناو باوەڕدا بۆی دەگەڕێم) ئەم بۆچوونەی ڤیکتۆر تا ڕادەیەک وەک بێزاربوونێک و دژ بە کاڵا بردنی هونەری پێوە دیارە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ کێن ئەوانەی هونەرو تەنانەت ئینسانیشیان بەکاڵا کردووە؟ لە وڵاتی ئێمەدا ئەم ڕستەیە لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و هونەرمەندەوە تا ڕادەیەک ببووە شیعاری سەر سنگیان و موقەددەسیان دەکرد. هەر لەم بەرەیەدا دەسەڵاتێک کە هەموو سامان و خێرو بێرێکی کۆمەڵگەی بەدەستەوەیە کە نەک هونەر، بەڵکو دەتوانێ هونەرمەندیش بکڕێت و هونەر بخاتە خزمەت خۆیەوە و بە سیاسیشی بکات، ئەوەی لێرەدا زەرەرمەند ئەبێت چینی چەوساوە و کەمدەرامەتیی کۆمەڵگەیە، مەبەستەکەش تێکەڵ نەکردنی هونەرو ئەدەبە بە سیاسەتی ئەوانەوە. بایەخ پێدانی ئەم حیکمەتی بێ لایەنییەی هونەرمەندان وئەدیبان، و دوورخستنەوەیان لە زێدی چینایەتی خۆیان و شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی فەزاحەتەکانی ئەم سیستەمەیە. سەرمایەداری سیاسەت و دەوڵەتداری بە وەزیفەی خۆی دەزانێ بۆ بە یاساییکردنی چەوساندنەوە، و درێژە بەسیستەمەکەی خۆی بدات، لەبەرامبەر ئەم جیهانە ئاوەژووەدا بە تایبەت لەو وڵاتانەدا کە سیاسەت و ململانێیە چینایەتیەکان تیایدا زۆر گەرمە، هونەرمەند وئەدیبی بە هەڵوێست وشۆڕشگێڕمان زۆرە، کەلەسەر بێمافی و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەگربوون وبوونەتە هێزی فشار، هەمیشە سەربازێکی پێشەوەی بزووتنەوە ئازادیخوازەکان بوون. کاتێک بە هەموو ئەو مێژووە پڕ لە خوێناوییەی هێزە تۆتالیتاریستەکان ئەوان بە هەڵوێست بوون و جەنگاون، سیناریۆی بێلایەنی و سەربەخۆ بوونی هونەرمەند هیچ مانایەکیتر نابەخشێ، جگە لە ناهۆشیاری و تاکڕەوی لە بەرژەوەند پەرستی و خۆبەخاوەن نەزانینی کۆمەڵگە، بەمجۆرە سپاردنی چارەنووسی کۆمەڵگەش بە هەمان کەلتورو سوننەتی باو، کە عەقڵییەتی دەسەڵات و چینە داراکان دیارییان کردووە و تیایدا یاسای نێــرسالاری وکۆنەپەرستی مەزهەبی ئەو کۆمەڵگەیە بەڕێوە دەبات و ئازادی تیایدا ئەتک کراوە. لەگەڵ هەموو ئەو نایەکسانی وشەڕو بێ ڕەحمییەی کە نیزامی سەرمایەداری بۆ سود و قازانجی خۆی دەیخوڵقێنێ، ئێمەی ئەدیبان و هونەرمەندان بەنیازین لە یوتۆپیای ویلایەتی بێلایەنیدا هێلانە بۆ خەونەکانمان دروستبکەین؟ هونەرو ئەدەب لەلایەن نوخبەیەک لە قەڵەم فرۆش دوکان وبازاڕی حیزبە سیاسییەکانی پێ دەڕازێنرێتەوە وهەڕاج دەکرێت. لە مەملەکەتی خواکاندا سەربەخۆبوون مانای بێلایەنی یە لە سفرەی خاڵی هەموو ڕۆژەمان لە گەندەڵی و تاڵان وبڕۆییەک لە بەرامبەرمان دەکرێت، نەک تەنها بۆ هونەرمەدان و ئەدیبان، بەڵکو بۆ هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە بێ لایەنی وڕێنە و فریودانە. ئەوە ڕۆشنە کە سیاسەت فۆڕمێکی ئیداری کۆمەڵگەیە، بەڵام هونەرو ئەدەب وەک پایەیەکی ئەساسی ئەم کۆمەڵگەیە دەبێت چاودێری کارا وفەعالی ئەو ئیدارەیە بێت و ئاوێنەی چۆنیەتی گێڕانی ئەو ئیدارەیە بێت. لە ئەگەری هەبوونی هەر کێشەیەک و ناعەدالەتیەک لەو ئیدارەیەدا خرۆشا و لەبەرەی خەڵکی زوڵم لێکراودا بێت، هەم ڕەخنەگر بێت هەم بونیات نەر.
درێژەی هەیە
کۆتایی ئایاری ٢٠١٩