کورد و کورتەشەڕواڵ:
کورد و کورتەشەڕواڵ:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ ئارام حەسەن
نیوەڕۆی هەینی ڕابردوو، لەبەر دەرگای ماڵەوە، وەختێ بە پارچەیەك بازە خەریکی پاککردنەوەی جامی ئوتومبێلەکە بووم، لەوسەری کۆڵان کوڕێکی گەنجم بینی، بە جلوبەرکی کوردی ڕەشەوە بەرەو ڕووم هات، ڕیش و سمێڵێکی سووری تەنکی هێشتبۆوە، شەڕواڵەکەی کورت کورت، کەمێک لەخوار ئەژنۆکانییەوە بوو، ئەوەندە لێی ناشرین بوو، کە جلوبەرگی کوردی پیاوانی لەپێشچاو خستم، هەر زوو زانیم خەڵکی گەڕەک نییە، سەیر ئەوەبوو وەختێ گەیشتە لام بە زمانی عەرەبی سڵاویکرد: ــ “ئەسسەلامو عەلەیکوم” کتوپڕ پێکەنینم هات، هەر بە پێکەنینەوە وەڵامم دایەوە: ــ “نیوەڕۆت باش.. فەرموو” ئینجا بۆ بەدبەختی، ماڵەکەمان کەوتووەتە نێوان دوو مزگەوتەوە، هەر یەکەیان نزیکەی چوارسەد مەتر لێمان دوورە، دیاربوو کاکەی شەڕواڵ کورت پێکەنینەکەمی بە حەرام لەقەڵەمدا، بۆیه به ڕقەوە لێیپرسیم: ــ “ئەڵێن دوو مزگەوت لەم ناوە هەیە، کامیان باشترە بچم نوێژی جومعەی لێبکەم!” دیسان پێکەنینم هات… گوتم: ــ “جا مزگەوت چاک و خراپی هەیه؟” ــ “هەیەتی” ــ “ئاخر چۆن… تێمگەیەنە” ــ “مزگەوتی وا هەیە، له سوننەتەکانی پێغەمبەر ـ دروودی خوای لێبێ ـ لایداوە… سوننەت پێڕەو ناکەن، هی واش هەیە وتاربێژەکەی پیاوی حوکمەتە و نازانێ قسەبکا، بەعزە مزگەوتێک هەیە بووە بە مینبەری بانگخوازە مێبازەکان، بەعزێکیش مەزاهبی عەقائیدی موعتەزیلە و جەبرییە و ئیسماعیلییە و قەدرییە و نازانم چی زیندوو ئەکەنەوە… کوڕە بەخوا بیستوومە مزگەوتی خەواریجەکانیش پەیابووە” ــ “ئەمە لەکوێ… لەم کوردستانە؟!” ــ “ئەی قابیلە” درێژەم بە قسەکانمدا، گوتم: ــ “ئێستا پێمبڵێ، تۆ بەدوای کام جۆر لەو مزگەوتانەدا ئەگەڕێی؟” ــ “مزگەوتی سەلەفیی سالیحان” ــ “وەڵڵا کاکە من… نـــە سەلەفی و مەلەفی ئەزانم… نــە نوێژ و شتی وا ئەکەم… نــە هاتوچووی مزگەوت… مەگەر تەنگاوبم ئەگینا قەت ناچم… بەڵام وابزانم ئەو مزگەوتەی لای چەپت نزیکترە لەوەی تریان” بەباشی گوێم لەو جنێوە تەڕو خووساوە بوو، کە به دەستنوێژەوە لەدڵی خۆیدا پێدام، بەڵام خۆم گێلکرد، دواتر سەرێکی بادا، ئیتر بەبێ (بارک اللە) یان سوپاسێک بەزمانی مزگەوت، ڕۆیشت و ڕێك بەرەو ئەو مزگەوتە ملینا کە من پێمگوت.