لەخۆمەوە دەترازێم

0

……………

دەترازێم

لەخۆمەوە دەترازێم

لەخۆمەوە دەكەومە خوارەوەو

لەخۆمەوە دەگریم

لەخۆمەوە بیانو بەمردن دەگرم

دەڵێم دەرگاكە لەسەر پشتەو وەرە ژورێ

لەخۆمەوە حەزم لەخواردنەوەی

پێكێك شەرابەو

لەخۆمەوە ئاوێنەكان دەشكێنم

……….

لەخۆمەوە

دەكەومە خوارەوەو لەخۆمەوە

ورد ورد دەبم

حەزم لەخواردنەوەی قاوەیەكە لەگەڵ خۆمدا

ئەمەوێت باسێكی مناڵی بۆخۆم بگێڕمەوەو

ئەمەوێت سێبەرەكەم كۆكەمەوەو

لەخۆمەوە ئێرە بەجێبێڵم

…………..

پیربووم

بیانو بە مردن دەگرم

لەخۆمەوە قسە لەگەڵ خۆم دەكەم

لەخۆمەوە خۆم لەخۆم دەشارمەوەو

لەخۆشمەوە

بەدوای خۆمدا دەگەڕێم

………..

پیر پیر بووم

بیانوو بەدەستەكانم دەگرم

شەوانە دەرگاكە لەسەر خۆم ناكەمەوە

بەخۆم دەڵێم لەكوێبویت بڕۆرەوە بۆئەوێ

لەخۆمەوە دەترازێم

لەخۆمەوە پارچە پارچە دەبم

لەخۆمەوە بادەمبا

………….

لەخۆمەوە سەرخۆش دەبم

لەخۆمەوە فوو لەمۆمەكان دەكەم

لەخۆمەوە چراكان دادەگیرسێنم

لەخۆمەوە گۆرانی دەڵێم

لەخۆمەوە دەمرم

لەخۆمەوە دەڕۆم بۆگۆڕستان

لەخۆمەوە گلەیی لەومردوانەدەكەم كەنەگەڕانەوە

………….

لەخۆمەوە بیری خۆم دەكەم

ئەمەوێت خۆم لەخۆمدا بپێچمەوەو

بەبێ . هیچ شوناسنامەیەك

سەفەرێك بكەم

لەخۆمەوە كراسە كۆنەكەم بە عەلاگەیەكی

مڕو مۆچدا هەڵدەواسم

لەخۆمەوە خۆم دادەگرم

لەخۆمەوە دەمەوێت دابەزم

……….

لەخۆمەوە ڕقم لەخۆمەو

لەخۆمەوە بیانوو بەمردن دەگرم

لەخۆمەوە شەوانە بەدەم خەوەوە قسەلەگەڵ

خۆم دەكەم و

لەخۆمەوە ڕادەچڵەكم

لەخۆمەوە دوگمەی كراسەكەم داناخەم

خۆشم لەخۆمەوە گاڵتە بەخۆم دەكەم

………..

لەخۆمەوە ڕقم لەسەرۆكەو

لەخۆشمەوە خۆشم دەوێت

لەخۆمەوە حەزم لەتەنیایەو

لەخۆشمەوە بێزاردەبم

لەخۆمەوە بیری درواسێ كۆنەكانم . دەكەم

لەخۆمەوە بەكۆڵانەكانی ئەوسادا دادەگەڕێم

لەخۆمەوە دەوەرێم

لەخۆمەوە بادەمبات

لەخۆمەوە سەرخۆش دەبم

لەخۆمەوە حەزم لەگریانەو

………..

لەخۆمەوە حەزدەكەم بمرم و

دوایش بەڕوتو قوتی بگەڕێمەوەو

باسی ئەوێتان بۆبكەم

لەخۆمەوە بەپێخاوسی دەگەڕێم

لەخۆمەوە بیری دایكم دەكەم

لەخۆمەوە خۆم بەگێل دەزانم

لەخۆمەوە حەزدەكەم باران ببارێت و

لەخۆشمەوە حەزدەكەم

زوو خۆشكاتەوە

……….

لەخۆمەوە حەزم لەنوێژی بەیانیەو

لەخۆشمەوە خەو بەخواوە دەبینم

لەخۆمەوە دەبم بەدروێش

لەخۆمەوە خەنجەر بەسەری خۆمدا دادەكوتم

لەخۆمەوە گاڵتە بەخۆم دەكەم

………….

لەخۆمەوە حەزم لەسواربونی

فڕۆكەیەو لەخۆشمەوە زۆر لەمردن دەترسم

لەخۆمەوە دەترازێم

لەخۆمەوە ورد ورد دەبم

لەخۆمەوە خۆم بەسەرخۆمدا هەنگاو دەنێم و

لەخۆمەوە پارچە پارچە دەبم

لەخۆمەوە بۆخۆم دەگریم

………..

١٨/٥/٢٠١٩

Kungälv

ماویەتی

Leave A Reply

Your email address will not be published.