نان، کار، ئازادی حکومەتی شوورایی
نان، کار، ئازادی حکومەتی شوورایی
عبدالرحمن رسول
کە لە دایک دەبین وەکو مرۆڤ لەدایک دەبین، بەڵام دوایی لەدایک بوونمان بەش دەکرێن ولەتمان دەکەن بەگژ یەکترماندا دەکەن بەبێ خواست وداواکاری خۆمان، کە گەورەبووین ئەم بەش بەش بوون و لەت بوونی مرۆڤ بوونمان گەورەترین کێشە و قەیران و نەهامەتی شەڕو ئاوارەیی و کۆمەڵکوژی و تیرۆر و کوشتن ساز دەکرێت لەسەر لاشەی مرۆڤ بوونمان. سەرجەم کێشە و قەیران و نەهامەتی و جیاکارییەکانیش بەدەستی خودی مرۆڤەکان خۆیان ساز دەکرێت بەبیانوی گرینگی وپاراستن و پیرۆزبوونی ئایین ونەتەوە وبیروباوەڕی کۆنەپەرستانە ودژەبەشەریانە کە لە پێناوی سوود وبەرژەوەندی کەمینەیەک لە خێڵ و حیزب ونەتەوەوئایین کە بەزۆر بەبێ خواستی ئەو نەتەوەو خێڵ و ئاییندارانە خۆیان کردۆتە سەرۆک و دەم ڕاستی خەڵک، زۆرینەی خەڵکیش کراوەتە کۆیلە و چەوساوە وبەندەیان. لەمێژوویی مرۆڤایەتی لەقۆناغی ئێستادا کۆمەڵگەکان دابەش کراون مرۆڤەکان لەڕوویی مرۆڤایەتی بوونەوە داماڵێندراون و بەشبەش کراون لەجۆری خێڵ و نەتەوە و رەگەز و ئایینەکان. لەسەردەمی قۆناغی کومەڵگەی سەرەتایی بە هیچ جۆرێک دابەشکاری نەبووە لەنێوان مرۆڤەکاندا هیچ جۆرە نەتەوە و ئاینێک بوونی نەبووە، هەر بەوهۆیشەوە نە کار دابەشکردنێک و نە ستەمی چینایەتی بوونی نەبووە. بەپێی قۆناغەکانی گۆڕانی کۆمەڵگە دواتر گۆڕانکاری بەسەر جۆری ژیان و گوزەرانی مرۆڤەکاندا هاتووە. لە قۆناغی کۆیلایەتیدا بەو هۆیەوە کاردابەش کردن، قازانج، جیاوازی چینایەتی دروست بوو، ستەمی چینایەتیش بوو بە واقعیەتی کۆمەڵگە. دابەشکاری دەستی پێکرد و کڕین و فرۆشتنی مرۆڤەکان هاتە کایەوە، خاوەن کۆیلەکان هەموو دەسەڵاتێکیان هەبووە و سەرجەم داهاتی کۆمەڵگە بەدەست خۆیانەوە بووە، کڕین و فرۆشتنیش بە کۆیلەکان کراوە. لەقۆناغی دەرەبەگایەتیدا دیسان بەگ و ئاغان و سەرۆک عەشیرەتەکان جێگای خاوەن کۆیلەکانیان گرتۆتەوەو هەرچی داهاتی ماددی پارەو سامان و پوڵ هەبووە لەگەڵ لایەنی مەعنەوی کۆمەڵگە وەکو ئایین و بیروباوەڕو فکرەکان و یاساکان لەبەرژەوەندی و سوودی بەگ و ئاغاکان و شێخ وسەرۆک خێڵ بەکارهاتووە، دامەزراوەی دەوڵەتیش لەپێناوی پاراستی سوودو بەرژوەندی خێڵ و شێخ و ئاغاکان دامەزراوە. زۆرینەی داهاتی کۆمەڵگە لەڕویی ماددی ومەعنەوی بۆ کەمینەی کۆمەڵگە سوودی لێ وەرگیراوە، زۆرینەی خەڵکیش لەهەژاری و بێکاری و ئاوارەیدا ژیاون. بەگ و ئاغان و شێخەکان بەتاڵانکردن و باجی زۆری سەر جوتیاران ڕانەوەستان، بەڵکو هەر ژن وکچێکیشیان بەدڵ بایە بۆخۆیان ڕاپێچ دەکرد بەزۆر مەلا و موبەلیغانی ئایینەکانیش کار ئاسانیان بۆ دەکردن بۆ دەست بەسەرداگرتنی ماددی و مەعنەوی و کامە ژن و کچەیان بە دڵبایە بەزۆر دەستیان بەسەر دا دەگرت، تەنانەت زۆرجار هەبووە ژنە هاوسەری هەبووە بەزۆر بە کابرایان تەڵاق داوە ئاغا و بەگ و شێخەکان و بەرپرسەکان دەستیان بەسەردا گرتووە. ئەگەر سەیری مێژوویی قۆناغی دەسەڵاتدارێتی میرو سوڵتان و بەگ وئاغاو شێخەکان بکەین باشتر ئەو قۆناغ و ڕاستییە دەزانین. لەگەڵ گەشەی سەرمایەداری دیسان کۆمەڵگە دابەشکرایەوە بەجۆرێکی لەشێوازدا، بەڵام لەناوەڕۆکدا هەروەک ڕابردوو کۆمەڵگەیی مرۆڤایەتی بەسەر چەند چین و نەتەوە و ئایین و خێڵ و ناوچەیەک دابەشکرایەوە بەپێی بەرژەوەندی و سوودی سیستەمی دەسەڵاتدار و چەوسێنەر. ئەگەر توێژینەوەیەکی کۆمەڵناسییانە بۆ کۆمەڵگەی ئێستا بکرێت زۆر بەباشی پاشماوەکانی قۆناغی دەرەبەگایەتی دەبیندرێت لە هەندێک شوێنی وەک کوردستان لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵاتدارەوە بەئاشکرا بانگەشە و هاوکارن بۆ دووبارە هێنانەوەو ژیاننەوەی سوونەت و سیستەمە خێڵایەتی وعەشیرەتییەکان، بەتایبەت لەبواری بەپیرۆز ڕاگرتن وهێشتنەوەی سەرۆکی خێڵ لەناو سیستەمی خێڵایەتیدا، ئەمەش بۆئەوەیە کە سەرۆکی خێڵ پشتیوان و هاوکارە لەمانەوەی سەرۆکی حیزب بەپێی سیستەمی خێڵ، کە لەدوای خۆی کۆڕەکانی دەبنەوە سەرۆکی خێڵ، لەحیزبشدا کوڕی سەرۆکی حیزب دەبنەوە سەرۆکی حیزب، ئەم جۆرە سیستەمە گوزراوەتەوە بۆناو دامەزراوەی حکومەتیش، کەسەیری بەرپرسانی دەوڵەت و حکومەت لە عێراق و ئێران کوردستان بکەین زۆرێک لەخزم و کەسە نزیکەکانی خێزانیان وەکو کوڕو ئامۆزا و خاڵۆزاو پورزا و هیتد، لەدەوری خۆیان کۆکردۆتەوە و پۆست و پلەی ئیداری وحیزبیان پێداون و بە پارەیەکی زۆر خانەنشین کراون و بوونە بازرگان و سەرمایەداری کۆمەڵگە. هەر ئەو کۆمەڵەش زۆرینەی خەڵکەکەی گیرۆدەی هەژاری و بێکاری و ئاوارەیی و چەندەها گرفت وکێشە وقەیرانی جۆراوجۆری تر کردۆتەوە. چارەسەر بۆ کۆمەڵگەیەکی بەوجۆرە پێویستە کۆمەڵگە ڕێکبخرێتەوە کە بەجۆرێک لەبەرژەوەندی زۆرینە دابێت بۆئەمەش کەواتە لەپێناوی مانەوەمان و ئاسوودەیی هەموو مرۆڤەکان کۆکردنەوەو بنیادنانەوەی بەش بەشێنی مرۆڤ بوونمانە، بۆئەوەی لەجێگەی تاوان وکوشتن و زیندان و ئەشکەنجەو بێمافییەکان مرۆڤایەتی مرۆڤ بوونمان دابمەزرێنینەوە و بنیادبنێنینەوە.
بۆچی کار؟ ئەرکی سیستەمی دەوڵەت پێویستە کە کار بۆسەرجەم ئەو مرۆڤەکانی سەرووی ۱۸ساڵ دابین بکات. دابینکردنی کاریش لەگەڵ جێبەجێکردنی سەرجەم ماف وپێداویستی یە ماددی ومەعنەویییەکانی کرێکار و فەرمانبەر. بۆچی ئازادی؟ لەبەرئەوەی لەزۆرێک لەکۆمەڵگەکانی جیهان بەتایبەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی تریش لە کۆمەڵگایی ئێران و عێراق و تورکیا و سوریاو کوردستان بەئاشکرا ماف و ئازادییەکان پێشێل دەکرێ و مرۆڤە ناڕازی و ئارادیخوازەکان سەرکوت دەکرێن و زیندانی دەکرێن و ئازار وئەشکەنجە دەدرێن و لەسێدارە دەدرێن. ئەرکی هەر سیستەمێکی مەدەنی و شارستانییە کە ئازادی بێقەیدوشەرتی سیاسی بۆ سەرجەم مرۆڤەکانی کومەڵگە دابین بکات. ناکرێت هیچ کەسێک لەسەر خستنەڕووی ڕەخنە و پێشنیار وبابەتی سیاسی و ڕێکخراوبوون و ناڕەزایییەتی و خۆپیشاندان و ڕێپێوان زیندانی بکرێت و ئازار وئەشکەنجە بدرێت. حکومەتی شوورایی بۆچی؟ لەبەرئەوەی سەرجەم حکومەت وسیستەمەکانی دینی وقەومی ومەلیکی وپاشایی وشانشایی لەسەربنەمایی جیاوازی چینایەتی و چەوسانەوە دامەزراون، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان بەدروستی و مرۆڤایەتی دابین نەکراوە. بەردەوام زۆرینەی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەکەیان بەزۆر ڕاپێچی چەوسانەوە و هەژاری وئاوارەیی وبێخانەولانەیی کردووە، بەردەوام گەشە بەبێکاری و هەژاری وکێشەو قەیرانەکانی کۆمەڵگە دراوە. حکومەتی شوورایی واتە حکومەتی زۆرینەی کۆمەڵگە کە بە نوێنەرایەتی شووراکان و چاودێری خودی خەڵک خۆی سیستەم و حکومەت دادەمەزرێت و یاسا وسیستەم دادەندرێت. شوراکانیش لەلایەن خەڵکی گەڕەک و ناوەندەکانی کارکردن و شوێنی ژیانی خەڵک لەلادێیەکان و گەڕەکی شارەکان بە دەنگدانی ڕاستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێن و دەچنە ناوەندەکانی بڕیاردان وبەڕێوەبردنی شارەکان، بەمانایەکی تر ئەم جۆرە دەسەڵاتە جۆرێکی خۆبەڕێوەبردنی خەڵکە بەجۆرێکی دیموکراتی و ئازادانەی ڕاستەقینەی لەخوارەوە، دوور لەفریودان وفێڵ کردن. شووراکانیش نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکن هەرکاتێکیش کەم تەرخەم بوون یان هەڵە، یاخود نەیان توانی وەکو پێویست بەڵێنەکان وبڕیارو ڕاسپاردەکان جێبەجێ بکەن زۆر بەئاسانی لەلایەن خودی خەڵکەوە لادەچن و کەسانی تر جێگایان دەگرنەوە، بەپێچەوانەی ئەندام پەرلەمانەکانی حیزبەکانەوە کە بۆ چوارساڵ هەڵدەبژێردرێن، بەڵام هەتاوەکو چوارساڵ تەواونەبن لاناچن ئەگەرچی کە چوارساڵیش تەواو دەکەن خانەنیشین دەکرێن بەپارەوپوڵی زۆر، شووراکان ماوەکەیان دیاریکراوە لەدووسال یان سێ ساڵ بەبێ موچەو پوڵی زۆر وخانەنشینی زۆر. پێویستە ئەوەش بزاندرێت ناکرێت هەڵبژاردنی شووراکان حیزبایەتی و جۆری حیزبایەتی ونەتەوایەتی وئاینیی وقەومی ونەتەوەیی وڕەگەزیی وڕەنگ لەبەرچاوبگرێت، ناکرێت پابەندبوون بەهەریەکەیان بکرێتە مەرج، بەواتایەکی ڕوونتر واتە هەمووکەسێک لەکۆمەڵگەدا دەتوانن خۆیان هەڵبژێرن و ببنە ئەندامی شووراکان کە لەهەر ڕەنگ وڕەگەزو نەتەوەو قەوم و نەژادو ئایین و مەزهەب وعەشیرەت وخێڵێک وحیزبێکیش بن، بەمەرجێک تاوانبار نەبن لەتاوانی کوشتن وتیرۆرو جاسوس ومیت وئیتڵاعاتی بەڵگەدار کە زیانی بەکەسانی کۆمەڵگە گەیاندبێت. تەنها مەرج هەبوونی تواناو لێهاتوویی ودڵسۆزیییە لەبەڕێوەبردن و ئەرکی شووراکاندا، هەروەها پابەندبوونە بەبڕیارو ڕاسپاردەکانی سیستەم وحکومەتی شوورایییە. سەرەتای هەنگاومان بە ڕازی بوونمانە بە تێکۆشان بۆ هێنانەدی نان، کار ،ئازادی، حکومەتی شوورایی. بۆچی نان؟ لەبەرئەوەی مناڵ کە لەدایک دەبێت مافی ژیانی هەیە، مرۆڤ کە نەخۆشبێت مافی چارەسەرو ژیانی هەیە، مرۆڤ کە بەتەمەن بوو، پیربوو مافی ژیانی هەیە، مرۆڤ گەنج بێت یان پیر مافی ژیانی هەیە، مرۆڤ بێکار یان نەخۆش، کەم ئەندام یان نا مافی ژیانی هەیە، مرۆڤ کە لەڕەگەز ونەتەوە و ئایین و ڕەنگی جیاوازبێت مافی ژیانی هەیە، لەکۆمەڵگەداا. خودی درێژەدان بە ژیانیش بە خواردن و خواردنەوە و پۆشاک و شوێنی نیشتەجێ بوون دەبێت، کە ئەویش نانە سەرچاوەی ژیانە. پێدانی نانیش نەخێرو نەچاکەیە بەمرۆڤەکان ئەوە ئەرکی دەسەڵات وسیستەمە لەکۆمەڵگەدا کە بەپێی یاسا و دەستووری دەوڵەت وکۆمەڵگە نابێت هیچ مرۆڤێک برسی بێت ودەستی نەگات بە ژەمی خواردن، ئەرکی سیستەمی دەوڵەتە ئەمە بەپێی یاسایی نەگۆڕ جێگیر بکات.
لەقۆناغی ئێستادا ئەگەر توژینەوەی وورد و دڵسۆزانە بکرێت باشتر ئەوە دەسەلمێندرێت کە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی (نان، کار، ئازادی، حکومەتی شوورایی) لەکۆمەڵگەی ئێران و کوردستان وعێراق زۆر واقیعی و لەجێگەی خۆی دایە وەکو ئەلتەرناتیڤێک بۆ جێگرەوەی دەوڵەت وسیستەمی چەوسێنەر، هەرچەندە ئەوە ڕوون و دیارە بارودۆخی ئێستا بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشترو گونجاوترە. بەرزکردنەوەی دروشمەکانی نان، کار، ئازادی حکومەتی شوورایی لەلایەن بەشێکی زۆر چالاکوانان وخەڵکی ناڕازی شارەکانی ئێران و ڕاخستنی سفرەی بەتاڵی خەڵکی کرێکارو کۆڵبەری زەحمەتکێشانی شارەکانی ڕۆژهەڵات باشتر ئەوە دەسەلمێنێت. ئەگەر هەڵسوڕاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازو سیکۆلارو پێشکەوتنخوازو کۆمۆنیستەکان هەموو ئەو مرۆڤانەی دڵییان بۆ هێنانەدی ئازادی و بەرابەری و خۆشگوزەرانی مرۆڤەکان لێدەدات و دڵسۆزن بەچارەسەری کێشەو قەیرانەکانی ئێستاو داهاتووی دوای ڕووخانی سیستەمی فاشیزمی ئیسلامی ئێران پێویستە کار لەسەر بەرەوپێشبردنی ئەم جۆرە نەخشە ڕێگایە مرۆڤایەتییە بکەن و هاوکارو پشتیوانی بکەن لەزیاتر ناساندن و تەبلیغکردن وبانگەشەکردن بۆ دامەزراندنی حکومەتی شوورای لەئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیویستە بە ئاقاری سازماندەیی و ڕێکخراوەییدا هەنگاو بنێن بەرەو گەشەی بزووتنەوەی شوورایی و دواتر هەڵبژاردنی شووراکان و دامەزراندنی حکومەتی شوورایی. نەخشەی چارەسەری مرۆڤایەتی کەهەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بێت نیشانی کۆمەڵگە بدرێت و بکرێتە بەدیل و ئەلتەرناتیڤی سیستەمی چەوسێنەر. ڕاشکاوانە و دڵسۆزانە و خۆبەخشانەو ئازایانە کاری لەسەر بکرێت و هەنگاو بۆ بەدیهێنانی بدرێت. لەقۆناغی ئێستادا کەکۆمەڵگە بەسەردووبەرەدا دابەشکراوە بەرەی یەکەم چەوسێنەران و سەرمایەداران وکۆنەپەرستان کە کەمینەی کۆمەڵگەن پێک دەهێنن، بەڵام بەزۆر و بەجۆری چەتەیی و مافیاگەرایی کەدەیانەوێت پایەکانی سیستەمی چەوسێنەرو فاشیزم بەهێزتر کەن بۆئەوەی بەردەوام بێت لەدزی و تاڵانی وگەندەڵی و کوشتن و تیرۆرو زیندان و لەسێدارەدان و سازکردنی جەنگ و کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی و بێکاری و گەشەدانی هەژاری بۆ کومەڵگە. پێوێستە ئەم بەرەیە لەڕووی سیستەمی دەسەڵاتداری و ئیدارەدانەوە تێکبشکێندرێت و پاشەکشەی پێ بکرێت کە هیچ جۆرە چاکسازی و ڕیفۆرمێک هەڵناگرێت. باشترین هەنگاو ئەوەیە پاشکەشەی پێ بکرێت و لەدەسەڵات نەمێنێت. بەرەی دووەمی کۆمەڵگەش کۆیلەو چەوساوەو هەژار کرێکارو ئازادیخوازو یەکسانیخوازانن کە زۆرینەی کۆمەڵگە پێک دەهێنن، بەڵام پرش و بڵاون بۆیە چەوسانەوە و هەژاریش درێژەی هەیە. هەژاری واتە هەژاری عەقڵ نەوەک هەژاری گیرفان. ئەمە پێویستە بەکردار بسەلمێندرێت لەکاتێکدا کە هەژارەکان وچەوساوەکان دێنەمەیدان ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان نیشان دەدەن، خۆیان ڕێکخراو دەکەن لەناوی بزووتنەوەی شوورایی خۆیاندا دواتر کە نان و ئازادی حکومەتی شوورایی دامەزرا لەلایەن خودی خەڵکەوە بارودۆخی کۆمەڵگە لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە بۆ تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی ڕەخسێندرا، چەندەها کەسی بلیمەت و شارەزا و زاناو لێهاتوو و توانادار لەڕوویی زانستی و زانیاری و ئابووری و سیاسی و فەلسەفی و فکری جۆراوجۆری سوودبەخش بۆ کۆمەڵگە لەناو کۆمەڵگەدا نەشونما دەکات و دەردەکەون و تواناو لێهاتوویەکانیان نیشانی کۆمەڵگە دەدەن، هەر وەک قۆناغی ئێستا پشتگوێ ناخرێن و ڕێگرییان بۆ دوست ناکرێت و پەراوێزناخرێن لەبەرئەوەی حکومەتی شوورایی حکومەتی هەموو مرۆڤەکانی کۆمەڵگە دەبێت. عەقلی دروستی مرۆڤانەش ئەوەیە کە بیرکردنەوە وزانین و زانست وتێڕوانین و بۆچوونەکانی مرۆڤ بۆ کەمکردنەوەو نەمانی هەژاری و نەزانین و کۆیلایەتی بێت. کەواتە ئەرکی سەرجەم ئازادیخواز و یەکسانیخواز و کۆمۆنیستەکان و سیکولارو مرۆڤدۆستان و سەرجەم ئەوانەی دڵیان بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆشگوزەران لێدەدات کە دەتواندرێت تێیدا بۆسەرجەم مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی “نان، کار، ئازادی” دابین بکات، بێنەمەیدانی تێکۆشان بۆ هێنانەدی نان ،کار، ئازادی حکومەتی شوورایی.