بێدەنگی لەبەرامبەر هێرشەکانی یەکێتی نیشتیمانی بۆ سەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ پشتگیرییە لە سەرکوتی ئازادی و ئازادییەکان…

0

بێدەنگی لەبەرامبەر هێرشەکانی یەکێتی نیشتیمانی بۆ سەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ پشتگیرییە لە سەرکوتی ئازادی و ئازادییەکان…

ماوەیەکە هێرشێکی بەرفراوان بۆسەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەلایەن یەکێتی نیشتیمانیەوە دەستی پێکردووە، لەچوارچێوەی ئەو هێرشەدا دەیان لە چالاکوانان و کادرانی ئەو جوڵانەوەیە ڕاوەدوونراون، دەستگیر و زیندانی کراون، سەرۆکی جوڵانەوەکە زیاتر لە دووهەفتە زیندانی کرا، تەنانەت تەشویش دەخرێتە سەر کەناڵەکانی ئێن ئارتی… پاساوی هەموو ئەو هێرش و ملهوڕیانەی یەکێتی خراپ بەکارهێنان و بەدکەڵک وەرگرتنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان!! چ دنیایەکی سەیرە!

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە بە ئەندازەی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی سەر ئەم هەسارەی زەوییە بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی و مەدەنیەت و سەرەوەی یاسا دەکات و بە سۆشیال/ دیموکراسیەوە دەفشێ، ناتوانێ بەرگەی هیچ رەخنەیەکی جدی، هیچ کاردانەوەو خۆپێشاندان و نارەزایەتیەکی حەقخوازانەی جەماوەری بگرێت، میدیایەکی ئازا و ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد دەتوانێت هەموو بانگەشەکانی بەهەوادا ببات.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ڕەوت و لایەنێکی سیاسییە، تاوانی ئەو ڕەوتە تەنها ئەوەیە گوشارێکە بۆسەر دەسەڵاتی یەکیتی و خاوەنی میدیایەکی فراوانە، کە بۆمبابارانی ڕاگەیاندن دەکات، یەکێتی بەرگەی ئەو میدیاو ڕەوتە ناگرێت کە سەری تەسلیم بۆ یەکیتی دانانەوێنێت و ملکەچی زۆر و هەڕەشەکانیان نابێت.

ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی نەوەی نوێ و سەرۆکی جوڵانەوەکە کراوە، ئەگەر دەسەڵاتی زۆنی سەوز و یەکێتی بایی سەرەدەرزییەک ڕێزیان بۆ یاسا و تەنانەت ئابڕوی سیاسی خۆیان هەبوایە، دەبوو لەڕێگای دادگاو پۆلیسەوە یەکلایی بکرێتەوە و دەستی ئاسایش و زۆری چەک و هەڕەشەی تیا بەکارنەیەت. پارێزگاری سلێمانی” کاکی دەیگۆڕین!!” کە بەرپرسی ئەمنی سلێمانیشە، ئەگەر تۆزقاڵێک کردەوە لە بانگەشەو دەم گەرمیەکەیدا هەبوایە، دەبوو لەبەر بێدەسەڵاتی و کارتۆنی بوونیدا دەستی لەکارکێشابایەوەو قبوڵی ئەو کردەوە نایاسایی و سەرکوتگەرانەی دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی و یەکێتی نەکردایە.

خۆ ئەگەر بڕیار بێت دادگایەک هەبێت و بۆ هەمووان یەکسان بێت، دەبوو ئێستا نەک لەسەر خراپ بەکارهێنانی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، بەڵکو لەسەر دەیان دۆسیەی دزی ئاشکرا، بازرگانیکردن لەگەڵ داعش، نەوت دزی، لەسەر سەرکوت، لەسەر نۆکەرایەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، لەسەر تیرۆر و کوشتاری نەیارانی سیاسییان، بەشی هەرەزۆری سەرانی یەکیتی و حزبەکانی تر و کەسە نزیکەکانیان، لە کونجی زینداندا توند کرابان. تەنانەت لەسەر ژێرپێخستنی یاسا دەبوو یەكیتی و بەرپرسەکانی توشی سزا و دادگاییکردن بونایەتەوە. دەستگیرکردنی و ڕاوەدوونان و هەڕەشەو زیندانیکردنی ئەندام و لایەنگران و خودی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەلایەن یەکیتیەوە، نەک تەنها کردەوەیەکی سەرکوتگەرانە، بەڵکو دەستگرتنە بە میراتی  دەسەڵاتی بەعسی لە گۆڕنراو. هەر حزب و لایەنێکی سیاسی تا هەر ڕۆژنامەنووس و نووسەر و دادوەر و ئازادیخوازێک، بێدەنگە لەو سەرکوتگەرییەی یەکیتی بکات، پێ بزانی یان نا، دەچێتە پشتی سەرکوت و داپڵۆسین و سەرکوتی ئازادیی و ئازادییەکانەوە.

 

بڵاوکراوەی بۆپێشەوە

 

کۆتایی ئایاری ٢٠١٩

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.