نان و درۆی گەرم

0

ئارام حەسەن

بەناخێری گیانم، وام بەباشزانی لە شەقامی کاکەحمەیی شێخەوە، بە پیاسە داگەڕێم و لەبەردەم مزگەوتی گەورەوە بچم بۆلای کتێبفرۆشەکانی بەردەرکی سەرا.ا گەیشتمە ناو هاوارهاواری فرۆشیارە دەستگێڕەکان، پیرەپیاوێکی جوان، هەرچەند ڕیشی پاک تاشیبوو، بەڵام نەداری و ماندوێتی لەسەر مووەکانی سمێڵە زەردباوەکەی دەدرەوشانەوە، جامانەیەکی ڕەش و سپی چڵکنی لەسەر کردبوو، جووتێک کەوشی زۆر کۆن لەپێیداو پەنجەگەورەی قاچی چەپیشی لە نوکی کەوشەکەوە سەری دەرهێنابوو، قاتێک جلی کوردی قاوەیی لەبەردابوو، لەسەر شۆستەی جادەکە، چەندین کراس و تیشێرتی کۆنەی کوڕان و کچانی ئەوروپای لەسەر پارچە کارتۆنێک هەڵڕشتبوو، زۆرینەیان بە پیتی ئینگلیسی ریکلامیان لەسەر نوسرابوو، بەشێکیشیان وێنەی جۆراوجۆر… هەروا سەرنجی کابرام دەدا، کەچی لەپڕ چاودێرێکی شارەوانی تێکسمڕاو، کە پێدەچوو بەرتێل قەڵەوی کردبێت، لەشانی منەوە بە دەنگێگی قەبە و قورس، به کراس فرۆشەکەی گوت:- “نەموت لێرەیا کراس مەفرۆشە؟” فرۆشیارەکە هەناسەیەکی هەڵکێشا و بەدەنگێگی ناسک و پڕ لە ترس گوتی:- “کوا بە منت وتوە” کابرای چاودێر زیاتر دەنگی بەرزکردەوە بەسەریا، بەجۆرێک کە تفی ناو دەمی بەر پەناگوێی منیش کەوت:- “درۆ مەکە، دوێنێ خۆم پێم نەوتی لێرەیا نەتبینم” فرۆشیارەکە، هەمان هەناسەی دووبارەکردەوە، وەک ئەوەی نەبوونیی ناخی دڕکئاژن کردبێت و ئیتر درۆکردنی لەپێناو بەدەستهێنانی ناندا بۆ گرنگ نەبێ، بە بزەیەکی لێوان لێو لە ماڵوێرانی و دەربەدەری و سەرگەردانییەوە وەڵامی دایەوە:- “بەڵێ درۆمکرد کوڕم، مەجبوورم بۆ پەیاکردنی نان درۆبکەم، هەی خوامکرد بەگژ ئەم حوکمەتە ناکوردییە، کە منی فێرە درۆکردو تۆش فێری نەڕەنەڕ بەسەر فەقیرو هەژارا” کابرای تێکسمڕاو بەم وەڵامە بێدەنگبوو، وەک ئەوەی لەدوورەوە گولـلەیەکی سڕبوون سەری زمانی پێکابێ، زمانی لەگۆ کەوت و گێژەگێژ پیرە پیاوی بەجێهێشت، منیش دڵخۆشبووم بەوەی کە بەجێیهێشت، چونکە یەکەمجار بوو ببینم (هاوڵاتی کوردو پیاوێکی حکومەتەکەی کورد) بەبێ توندوتیژی و شەڕەبەرد و جنێودان لە یەکتری تێبگەن…

Leave A Reply

Your email address will not be published.