خوا

0

من بێدەنگ دانشتبووم، سەرنجم دەدایە ڕوخساریان، ئەوان بەدەنگی بەرز قسەیان دەکرد، نەک هەر دەستەکانیان، لەکاتی قسەکردندا دەجوڵان، چاو و برۆشیان بۆ دەجوڵان، لەوە دەچوودەست جوڵاندن بەس نەبێت بۆ گەیاندنی مەبەستی قسەکانیان. سوودی نەبوو، کەسیان ملی نەدەدا بەقسەی ئەوی تریان. تا دەهات دەنگەکان بەرزتر و جوڵەی دەست و چاو و برۆیان زیادی دەکرد.هێندە سەرنجم دابونێ سەرم گێژی دەخوارد، تەنگە نەفەس بووبووم، گران هەناسەم بۆ دەدرا و خەریک بوو دەخنکام بۆیە بەبێ ئەوەی داوای یامەتیان لێبکەم، بەپرتاو چوومەدەرێ و تا دیوی حەوشە نەوستام.

من زۆر دڵتەنگ بووم و پەشیمان بووم لەوەی، سکاڵام تۆمار کردووە، من دەمتوانی لەڕێگەیەکی ئاسانتر و مسۆگەرترەوە مافی خۆم بەدەست بێنم.

کارەکەم لەدەست دا، بڕیاریان دا کەنابێت هەرگیز بگەڕێمەوە بۆ سەر کار، ئایا مافی خۆم نەبوو، داوای هۆکاری ئەم بڕیارەیان لێ بکەم؟، داوایەکی وا چ شەرمەزارییەکی تیایە؟

کەس وەڵامی نەدامەوەو گوێی لێ نەگرتم، بۆیە سکاڵام لەسەر تۆمار کردن، ئێستەش ئەوان، بەرێوەبەر و لێپرسراوانی کارگێڕی کارگەکەو پارێزەرەکەم و نوێنەرانی سەندیکاو مافی مرۆڤ لەژوورەوە، بەو قیژەقیژو چەلەحانێیە، لەهۆکاری دەرکردنەکەم دەکۆڵنەوە.

چوارساڵ لەو کارگەیە کارم کرد، چوار ساڵ ئیشەکەم تەنیا قۆپچە دادوورین بوو، چوار ساڵ تێپەری پلەیان بەرز نەکردمەوە بۆ چنینی کونی قۆپچە، چوارساڵە کرێی ئەو ئیشەی دەیکەم وەک خۆیەتی، تاکە فلسێکیان بۆ زیاد نەکردووم، هەر ڕۆژەی بەبیانویەکەوە بڕێک پارەم لێ دەبڕن. ئێستەش بەبێ ئەوەی بزانم تاوانەکەم چییە، لەکارەکەم دەرکراوم. تاکە سەنعاتێکیش کە بیزانم قۆپچە دادوورینە، نازانم چۆن بەدوای کاردا بگەڕێم.

لەبیرمە ئەو ڕۆژەی فۆڕمی کارم لەو کارگەیە پڕکردەوە، شڵەژابووم، ترسێک لەناخمدا دەجووڵا، بۆیە لە کارمەندەکەم پرسی:

_ ئێوە دەزانن من زۆر لەوە دەترسم، ڕۆژێک بەبێ هۆ دەرم بکەن.

وەڵامی پرسیارەکەمی نەدایەوە، تەنها بە حەپەساوی لەڕوخساری ڕوانیم و بزەیەکی ساردی خستە سەر لێوی، هەستم کرد من زۆر بە سووک دادەنێت و هیچ دڵسۆزیەکی نییە بۆم تا یارمەتیم بدات و تێمبگەیەنێت.

بەدرێژایی ئەو چوارساڵەی کارکردنم، ئەوەی هەمیشە سەرنجی ڕادەکێشام، ئەو بەسووک زانینەی ئێمە بوولای ئەوان، سووکایەتی سووژنێک بوو، ڕۆژانە دەچەقیە چاومان و دڵمانی ئازار دەدا.

هەستم کرد کەمێك ئاهم پیاداهاتۆتەوە، هەناسە سواری و سەرەگێژەکەم چابووە، گەڕامەوە ژووری بەڕێوەبەری کارگەکە، بەردەوام بوون لە قسەکردن و دەست ڕاوەشاندن و چاو برۆ جوڵاندن، بەڵام تۆنی قسەکردن نەرم و دۆستانە بوو، جووڵەی دەست و چاو و برۆشیان، ئارام بەخش بوو، گەشی ڕوخساری بەڕێوەبەر و کارمەندەکانی نیشانەی سەرکەوتنیانی دەبەخشی، وەک چۆن چاوی حیزی پارێزەرەکەم و هەردوو نوێنەری سەندیکا و مافی مرۆڤ، خەنجەری دۆڕاندنیان لەسەر سنگم چەقان.

پارێزەرەکەم بەشەرمەوە ڕووی تێ کردم و وتی:

_ تۆ ناتوانبت داوای هۆکاری دەرکردنەکەت بکەیت، چونکە تۆ لەفۆرمی دامەزراندنتا لەکارگە، واژۆی ئەوەت کرووە، کە بەڕێوەبەرانی کارگە، هەرکاتێک بیانەوێ دەتوانن بێ ئاگادار کردنەوەت، دەرت بکەن.

نوێنەری سەندیکا هیچی بۆ وتن پێ نەبوو، بەڵام نوێنەری مافی مرۆڤ، دەستی برد و بەفیزێکەوە نامەیەکی دایە دەستم.

پرسیم:

_ ئەو نامەیە چییە، بەڕێز.

لەسەرخۆ وەڵامی دامەوە:

_ ئەو نامەیە بەرە بۆ ئۆفیسەکەمان، تا لە لیستی بێکاراندا ناونووست بکەن، خوا گەورەیە.

منیش قەڵەمەکەی بەردەستی پارێزەرەکەم هەڵگرت، بەخەتێکی گەورە لەسەر نامەکەم نووسی، خوا و نامەکەم لە چنگمدا گرمۆڵەکردوو، خستمە ناو سەبەتەی خۆڵی ژووری بەڕێوەبەر و چوومە دەرەوە.

سیروان عەبدوڵا محەمەد

Leave A Reply

Your email address will not be published.