دیمانە لەگەڵ نووسەر ڤینۆس فایق؛ لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا…
ڤینۆس فایەق: بە ئەزموونی ٢٨ ساڵ لە حوکمرانی ئەو حزبانە بۆمان تاقیبۆوە ئەو حزبانە کە شۆڕشیان کرد گرفتیان لەگەڵ نەبوونی ئازادییەکاندا نەبوو، خەباتیان بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی میللەتێک نەکرد، بەڵکوو ئەو حزبانە تەنها غەم و هەوڵێکیان بۆ ئەوەبوو سەدام بڕووخێت و ئەمان لە جێگەی دانیشن، ئەو سەروەت و سامانە بگرنە دەست کە لە دوای سەدام بەجێما..
دیمانە لەگەڵ نووسەر ڤینۆس فایق؛ لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا…
بۆپێشەوە: ئەگەر دادگا و دەسەڵاتی دادوەری پاوانی حزب و دەسەڵاتە، دەبێ چ ڕێگایەک بگیرێتە بەر بۆ گێڕانەوەی ڕۆڵی سەربەخۆی دادگاکان و لێپرسینەوەی یاسایی لە دەیان دۆسیەی وەکو دۆسیەی سەردەشت عوسمان؟
ڤینۆس فایق: کێشەکە ئەوەیە ئێمە باس لە “کوردستان”ی بەناو “ئازاد” دەکەین، ئەو “ئازادی”یەی کە قسەوباسێکی گەلێ زۆر هەڵدەگرێ… ئیتر پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دادگا ئازادە؟ چونکە کە دادگا ئازاد نەبوو، خەلەلەکە “بە باوەڕی من” لەو حزبەدا نییە کە دادگای پاوانکردوە، بەڵکوو لە دەزگای دادگادایە کە قبوڵیەتی ئازاد نەبێت، مەبەستم لە دادوەرەکانە کە سوێندیان خواردوە سەربەخۆ و ئازادانە لە کۆمەڵگەدا دادپەروەری بۆ خەڵک دابین بکەن، ئەوان کە شەرەفی پیشەکەیان خستۆتە کۆشی حزبەکانەوە.. ئەو کەشو هەوا سیاسی و دادوەریەی کوردستانیش گرێدراوی کەشوهەوای ناوچەکە هەموویەتی، کوردستان بەشێکە لە عێراق، عێراق بەشێکە لە خۆرهەڵات، بڕوانە کوردستان کەوتۆتە ناوچەیەکی بارگاوی بە هەموو شێوازەکانی گەندەڵی سیاسی و ئیداری وڵاتانی دراوسێی، ژێردەستی دەوڵەتێکە کە مێژوویەکی دووردرێژی لەگەڵ داگیرکراوی هەیە، واتا ژێردەستەی دەوڵەتێکی داگیرکراوە. جگە لەوە ئەو سیستەمە ناتەندروستەی دادوەری و سیاسیەی کوردستان کە دەرهاویشتەی بە حزبیبوونی هەموو کایەکانی کۆمەڵگەیە وای کردوە لە وڵاتێکدا کە زۆرترین قسە لە ئازادییەکان دەکرێ، هیچ کایە و بوارێکی ئازادیش بوونی نییە. ئیتر مومکین نییە چاوەڕوانی لەوە باشتر بکەین. باوەڕم نییە دادگاکان لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانن رۆڵی سەربەخۆی خۆیان وەرگرنەوە، هەموو شتێک بە حزبی کراوە، ناوچەکان بە ڕەنگی حزبەکان سواغ دراون، لەو نێوەندەدا بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بۆ دادگاکان بگەڕێنیتەوە پێویستیت بە هێزی سەربەخۆ و ئازاد هەیە، پێویستیت بە فکر و دونیابینی ئازاد و نوتراڵ(ئاسایی) هەیە، بەداخەوە ئەمانە لە کوردستان لەسەر ئاستی تاک بە دانسقە هەن، ئەوانەشی توانیویانە وەکوو کەس ئازاد بن هێزیان لەدەستا نییە، وەکوو هێزی بەڕیوەبردن، دارایی و حکومی، هێزی بڕیاردانیان لەدەستا نییە، هێزی چەسپاندنی یاسایان لەدەستا نییە، ئەوانە کێن؟ نووسەر و رۆژنامەنوس و چالاکوانەکانن کە تەنها چەکیان قسەکردن و نووسینە، ئەوەش کافی نییە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر کایەیەکی وەکوو دادوەری دانێی..
بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان و لە پێشیانەوە پارتی و یەکێتی هەمیشە بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی!! و مافی مرۆڤ، مەدەنیەت دەکەن، کەچی بە کردەوە بەرگەی ڕەخنەیەکی تیژ و ڕۆشن ناگرن، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ڤینۆس فایق: عادەتەن لەو جێگەیە زۆرترین قسە لە ئازادی و دیموکراسی دەکرێت کە ئازادی و دیموکراسی تیایدا بوونیان نییە، لەو جێگەیە خەڵک زۆرترین قسە لە مافەکانی مرۆڤ و مەدەنیبوون دەکەن کە ئەسلەن مافەکانی مرۆڤ و مەدەنیەت تیایدا بەرقەرار نین.. بێگومان سەدام حوسێنیش باسی لەم چەمکانە دەکرد، بەڵام هەموومان دەمانزانی سەدام حوسێن چی بوو وە بە چ دەردێک چوو.. بە ئەزموونی ٢٨ ساڵ لە حوکمرانی ئەو حزبانە بۆمان تاقیبۆوە ئەو حزبانە کە شۆڕشیان کرد گرفتیان لەگەڵ نەبوونی ئازادییەکاندا نەبوو، خەباتیان بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی میللەتێک نەکرد، بەڵکوو ئەو حزبانە تەنها غەم و هەوڵێکیان بۆ ئەوەبوو سەدام بڕووخێت و ئەمان لە جێگەی دانیشن، ئەو سەروەت و سامانە بگرنە دەست کە لە دوای سەدام بەجێما.. دەنا لە واقیعدا هیچی وایان نەگۆڕی.. بەڵێ ئێستا سەدان کەناڵی راگەیاندن هەن، بەڵام کامی ئازادە؟ سەدان ڕۆژنامە و چاپکراو دەردەچن، بە ئەهلی و بەناو سەربەخۆکانیشەوە، بەڵام کامی بەڕاستی ئازادە؟
بۆپێشەوە: تیرۆری رۆژنامەنووسان بە نموونە سەردەشت عوسمان، لای تۆ بەمانای چی دێت؟
ڤینۆس فایەق: مانای ئەوەیە لە کوردستان هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت لە غیابی شتێک بە ناوی ئازادی رادەربڕین ئەو حزبانە ڕۆژانە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە ئەو کوردستانە بە بەهەشت پێناسە و وێنا دەکەن. هەموو ساڵێک لە یادی کوشتن و زیندانیکردنی خاوەن قەڵەمێک برینێکی ئازادی دەکولێتەوە، لە یادی هەموو رێپێوان و ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکاندا کە دەگەڕێینەوە دواوە هەتا ئەمڕۆ هەلومەرجی ئازادییەکان لە کوردستان بەرەو خراپتر دەچن. بە بیردۆزی کە لەگەڵم نەبوویت دوژمنیت، هەمان بیردۆزی حزبی بەعس..
هەموو کەناڵە بەناو سەربەخۆکان لەناو ئەو سنوورەدا ئازادن کە حزبەکەی ناوچەکەی لێی کاردەکەن بۆیانی دیاریکردوە. کوردستانێک کە ئابووری ئازادی نییە، دەپرسم ئەو کەناڵە بەناو سەربەخۆ و ئازادانە بەچی بەڕێوەدەچن؟