دیمانە لەگەڵ کاوان قادر؛ هونەرمەندی پەیکەرساز و پێشکەوتوخواز و کۆمۆنیست لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا

0

کاوان قادر: ڕاستە هەتا وەکو ئێستا نەیانهێشتووە تیشکی خۆر بەر پەیکەرەکەی سەردەشت بکەوێت، بەڵام سەردەشت و سۆران و ویداد و… تازە خۆیان خۆرن و تیشکی ئازادی دەبەخشنە نەوەی دوای خۆیان

دیمانە لەگەڵ کاوان قادر؛ هونەرمەندی پەیکەرساز و پێشکەوتوخواز و کۆمۆنیست لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا

بۆ پێشەوە: پڕۆژەی پەیکەری سەردەشت عوسمان بە کوێ گەیشت و بۆ تا ئێستە دانەنراوە؟

کاوان قادر: ئەمڕۆ ٩ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنووسدا تێپەڕ دەبێت، خرۆشانی خەڵکی ئازادیخواز لە دژی تیرۆر و نەبوونی ئازادی بیروڕا، هەزاران سەردەشتی دیکەی هێنایە مەیدان، و نـــەخێریان بۆ دەسەڵاتێکی گەندەڵ و مایەپووچی سیاسی کردو بەرزکردەوە. هێشتا سەردەشت خوێنی لێ دەچۆڕا، کە ئێمە٤ لە هونەرمەندان هەستاین بەدروستکردنی پەیکەری سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنووس، وەک سیمبوڵێک بۆ ئازادی قەڵەم و بیروڕا لە کوردستانی عێراق. ئەو پەیکەرەی کە تا ئێستەش و دوای لەناوبردنی سەردەشتیش، دەسەڵات لێی دەترسێ و شەهامەتی جورئەتی  ئەوەی نییە لە زۆنی خۆیدا جێی بکاتەوە، بەداخەوە بێناز ماوەتەوە. لە هەرشوێنێک دەسەڵات قەڵەم بەدەستەکانی تیرۆر کرد، ئەوا ئیتر خاڵی کۆتایی شەرعییەت بوونی دەسەڵاتی خۆی رادەگەیەنێ و شەهادە و مەدالیای ستەمکاری ڕەش بەملی خۆیدا شۆڕدەکاتەوە. ئێمە پەیکەرەکەمان ئامادەیە ئەوە ئیتر پرسیارێکە دەبێت  شارەوانی و دەسەڵاتی هەولێر وەڵامی بداتەوە، بەتایبەت ئەگەر پرسیارەکە سەبارەت بە ئازادی بێت. تاکەی لە پەیکەری سەردەشت دەترسن و کەی ئەو ترسە لە گیانیان دەڕەوێتەوە؟

 ڕاستە هەتا وەکو ئێستا نەیانهێشتووە تیشکی خۆر بەر پەیکەرەکەی سەردەشت بکەوێت، بەڵام سەردەشت و سۆران و ویداد و… تازە خۆیان خۆرن و تیشکی ئازادی دەبەخشنە نەوەی دوای خۆیان… تازە لەگەڵ ناوهێنانی وشەی ئازادی پەیکەرێک بەبەرچاوی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانەوە دێو دەچێ و دەبێتە دێوەزمەش بۆ دەسەڵاتداران.

بۆ پێشەوە: پێتان وایە تیرۆری سەردەشت هێرشێک بوو بۆسەر ئازادی؟

کاوان قادر: ڕاستییەکەی لە کوردستاندا شتێک نییە بە ناوی ئازادییەوە تا هێرشی بکرێتە سەر! ئەوەی دەگوزەرێ تیرۆری ئازادیخوازانە، تیرۆری ئیرادە و کەرامەتی ئینسانەکانە، تیرۆری…. ئەوە ئیتر سوننەتێکی بزووتنەوەی کوردایەتییە کە مامۆستا بەر شەق ئەدەن و نانی کەم ئەندام ئەبڕن و قەڵەم بەدەستان تیرۆر دەکەن و نانی سەرسفرەی هەژاران خاڵی دەکەن و شیری منداڵان دەبرن… ئەوەی کە خۆی ناو ناوە دەسەڵات لە کوردستان مڵەیەکە بە ناوچەوانی هەموومانەوە و لە مانگای نیشتیمان ئەدۆشێ و شەرمەزارییەکی نەتەوەییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.