دیمانە لەگەڵ فەرمان ڕەشاد نوسەر و رۆژنامەنووس بەرێوەبەری سایتی ستاندارد دەرچووی کۆلێژی زانست بەشی فیزیک… لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەدەشت عوسمان دا

0

فەرمان ڕەشاد” پێویستە هەموومان تا ئەوەی رۆژێک دادگایەکی عادیلانە بۆ ئەو کەیسانە دروستدەکرێ لەسەر هێل بمێنینەوە و بەردەوام بین.

دیمانە لەگەڵ فەرمان ڕەشاد نوسەر و رۆژنامەنووس بەرێوەبەری سایتی ستاندارد دەرچووی کۆلێژی زانست بەشی فیزیک… لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەدەشت عوسمان دا

 

بۆپێشەوە: دیمەنی تیرۆری کەسایەتییە سیاسیەکان، نووسەران و رۆژنامەنووسان، تا ڕادەیەکی زۆر ئاشکران، کەچی دەسەڵاتی سیاسی بە ئاشکرا ئەم دیمەنانە، دەشارنەوەو فایلسازی درۆینە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدەن، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

فەرمان ڕەشاد: مەندێلا قسەیەکی هەیە دەڵێ “هەرکاتێک بکوژ نەدرۆزرایەوە، ئەوە بە دڵنیایی لەپشت تیرۆرەکە دەستی دەسەڵات ئامادەیی هەیە”، دۆسیەی شەهیدانی قەڵەم ئاشکرا و روون کەس گومانی لەوە نییە پەیوەندی بە ئازادی بیروڕاو کارە ئازاییەکانی ئەو رۆژنامەنووسانە هەیە، لە هەموو دۆسیەی شەهیدانی قەڵەم، سەردەشت بەتایبەتی هەوڵدرا بە چەند سیناریۆیەک حەقیقەتی دۆسیەکە بشێوێندرێ، بەڵام سەرەنجام هەموو شکستی هێنا، دەسەڵاتداران وایان دەزانی میللەت ساویلکەیە بەهەموو سیناریۆیەک باوەڕ دەکات، بەڵام ئەوە دەرنەچوو. ڕۆڵی میدیا و کۆمەڵی مەدەنی و خەڵک و بنەماڵەی شەهیدانی قەڵەم هۆکاری سەرەکی بوو بۆ شکست پێهێنانی هەموو سیناریۆکان. ئێستا دۆسیەی ئەو شەهیدانە بۆتە پەڵەی ڕەش بەنێوچەوانی دەسەڵاتدارانی دوو حیزبەکە، بەجۆرێک تیرۆری رۆژنامەنووسان یەکێکە لە سیماکانیان، ئەوەش وای کردووە لەسەر ئاستی نێودەولەتیش بەردەوام رەخنەی توند لە شێوازی مامەڵەی حکومەت و حیزبەکانی دەسەڵات بگیرێت لە پەیوەست بە رۆژنامەنووسان. لە راستیدا ئەو سیناریۆیانە هەوڵ بۆ شێواندنی ڕاستیەکان، بەڵام سەری نەگرت، بۆیە دەبینین دۆسیەکان بە کراوەیی مانەوە، نەتوانرا  پینەو پەڕۆ بکرێت، دادگایەکی بێ لایەنیش بوونی نییە ڕاستیەکان دەرخات.

بۆپێشەوە: دۆسیەی سەردەشت و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو… لای بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە و خانەوادەکانیان بەکراوەیی ماونەتەوە… تا کەی ئەم دۆسیانە ئاوا دەمێننەوە؟

فەرمان ڕەشاد: نازانین تاکەی بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوە خالێکی زۆر گرنگە و ئەرکی ئێمە و بنەماڵەیان و سەرجەم ئازادیخوازانە بەکراوەیی هێشتنەوەی ئەو دۆسیانە بگرینە ئەستۆ. یادکردنەوەی ساڵانەی ئەو کەیسانە بەتایبەت سەردەشت، زۆر گرنگە، پێویستە خەڵک و جیلی تازەی کوردستان ئاشنابن بەو ڕاستیانە و دۆسیانە، ئەوەش سەرکەوتوو بووە دەبینین ساڵ لە دوای ساڵ یادکردنەوەی تیرۆری شەهیدانی قەڵەم گەرموگوڕترە. لێرە من دەمەوێ سوپاسێکی پێ پایانی بنەماڵەی شەهیدانی قەڵەم بکەم بۆ ئەو خۆڕاگرییەی پیشانیان داوە، بەتایبەت بنەماڵەی شەهید سەردەشت، ئێمە دەزانین لەژێر چ فشارێکی گەورەن، بەڵام چۆکیان دانەداوە، ئەگەریش خۆڕاگری ئەوان نەبوایە ئەو کەیسانە زوو دادەخران. لەماوەی شەش مانگی رابردوو کاتێک رۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی لەلایەن بنەماڵەی شای سعودیە تیرۆرکرا زوو کوڕەکانی پشتیوانی خۆیان بۆ دەسەڵاتی سعودیە و سیناریۆکانیان پیشاندا بۆیە کەیسەکە زۆر پاشەکشەی کرد، پێویستە هەموومان تا ئەوەی رۆژێک دادگایەکی عادیلانە بۆ ئەو کەیسانە دروستدەکرێ لەسەر هێل بمێنینەوە و بەردەوام بین.

Leave A Reply

Your email address will not be published.