دیمانە لەگەڵ بەهزاد موحسین ڕەوف؛ ئەندامی ڕێکخراوی(زار) بۆ داکۆکیکردن لە ئازادیەکان و مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەددین لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەدەشت عوسمان دا

0

بەهزاد موحسین رەئوف: پەیامەکانمان گەر جارێک ڕووی لە دەسەڵات بێ، ئەوا دوو جار ڕووی لە ئۆپۆزسیۆن و چالاکان و ڕۆژنامەنووسانی پشو کورتی نیوەی ڕێگایە. ئەوەی تریش جەختکردنەوە و پێداگیری خەڵکانێکی ئازادیخوازە، کە ترس و بەرژەوەندی نایانخاتە خزمەتی ئەو کەش و زەمینە مەییوەی ئەمڕۆ

دیمانە لەگەڵ بەهزاد موحسین ڕەوف؛ ئەندامی ڕێکخراوی(زار) بۆ داکۆکیکردن لە ئازادیەکان و مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەددین لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەدەشت عوسمان دا

بۆپێشەوە: سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد و…تاد. بوونەتە سونبولێك بۆ ئازادی نووسین و ڕۆژنامەگەری و بیروڕا و ئازادی بەگشتی. یادکردنەوەیان تاکەی بەردەوام دەبێت؟ وە یادکردنەوەی ئەمساڵ بۆ سەردەشت چ جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ ساڵانی پێشوو؟ ئایا هەر خانەوادەکەی پێی هەڵدەستن یان تازە ئەوە کاری خەڵکی ئازادیخواز و داکۆکیکارە لە ئازادی؟

بەهزاد موحسین ڕەوف: لای ئێمە یادکردنەوەی ئەم پۆلە شەهیدە تیرۆرکراوە هەر بەردەوام دەبێ، بۆ زیندوهێشتنەوە و بەرزڕاگرتنی پەیامە ئازادیخواز و دادخوازەکانیان. ئەم یادکردنەوانە زیاتر بۆ خاوەندارێتی کردنە لە کەیس و پەیامەکانیان، تا یادێکی ڕۆتینیانەی ساڵانە.

ئێمە ئاگادارین و بەوەش خۆشحاڵین، کە هاوڕێکانمان لە زۆر شوێنی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، ئەمساڵیش یادی سەردەشت دەکەنەوە. سەبارەت بە هەولێر ئێمە مەبەستمانە لەساڵانی ڕابردوو جیا بێ، جیاوازیەکەش لە دوو خاڵدا دەبێ: یەکێکیان ئەوەیە، پەیامەکانمان گەر جارێک ڕووی لە دەسەڵات بێ، ئەوا دوو جار ڕووی لە ئۆپۆزسیۆن و چالاکان و ڕۆژنامەنووسانی پشو کورتی نیوەی ڕێگایە. ئەوەی تریش جەختکردنەوە و پێداگیری خەڵکانێکی ئازادیخوازە، کە ترس و بەرژەوەندی نایانخاتە خزمەتی ئەو کەش و زەمینە مەییوەی ئەمڕۆ، کە بێ هیچ گرێوگۆڵێک لە قازانجی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەگوزەرێ.

سەردەشت و سەردەشتەکان لەپێناو کێشەی شەخسی و ماڵباتی تیانەچوونە، تاوەکو یادکردنەوەکانیان تەنها ئەرکی خێزانەکانیان بێ. لە یەکەم ڕۆژەکانی تیرۆرکرنی سەردەشت، ئەوە بڕایەوە کە سەردەشت و پەیامەکەی هی تەنها ماڵێک نییە و ئەو ڕۆڵەی گەلێکی مافخوراوە، هەرواش بوو، کە ئەوکاتیش خەڵک ئەمەیان بۆ دەسەڵات سەلماند. ئەرکی ئەخلاقی هەموو دادپەروەر و ئازادیخوازێکە، کە کەیس و پەیامەکەی سەردەشت بەهی خۆی و کۆمەڵگە بزانێ.

بۆپێشەوە: ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد، هەر کاتێک کێشەیان لەگەڵ دەسەڵات هەبێت، دۆسیەی تیرۆر بەگشتی تیرۆری رۆژنامەنووسان بەدەستەوە دەگرن، کاتێکیش بەشیان لە کێکی شیرینی دەسەڵات پێدەدرێت، قرو قەپی لێدەکەن…. چۆن دەڕواننە مامەڵەی ئەو هێزە ئۆپۆزیسێۆنانە؟ بەتایبەت لە دروستکردنی کابینەی نۆیەم؟

بەهزاد موحسین ڕەوف: لای ئێمە نەوەک هەر ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، تەنانەت زۆرێک لە هاوڕێ و هاوکارە دڵسۆز و ئازادیخوازە بوێرەکانیشمان، نەیانتوانیوە سیستەمی باوی بۆرژوازی تێپەڕێنن، بۆیە زۆر جار لەوسەری تونێڵەکەوە، لە دەرەوەی ویست و ئاگایی چالاکوانەکان بەشێوەک لە شێوەکان بەشێک لە بەرهەمی چالاکیەکانمان دەڕژێتەوە زەلکاوی قازانجی بۆرژوازیەتی دەسەڵاتی کوردیەوە.

مەسەلەی چەسپاوی سیستەمی بۆرژوازی لە هەرێم، پەیوەندی قوڵی بە کەلتور و ئایین و مۆدێلی ڕاپەڕینە چەکداریەکانی کوردی و بونیادی تاکی کورد و پێکهاتە و پەیمانی کۆمەڵایەتیی مێژویی و ئێستای ئێمەوە هەیە. یەکێکی تریش لە هۆکارە سەرەکیەکان، چەپڕەو و کۆمۆنیستەکان خۆیان بوونە، کە وەک پێویست نەیانتوانی و پشودرێژ نەبوون، لە وشیارکردنەوەی خەڵکانی ئاسایی بۆ دژایەتیی خودی چەمکی بۆرژوازی و ناساندنی دەرکەوتە و لێکەوتەکانی بۆرژوازیەت.

ئەگەرچی جێدەستی ئۆپۆسسیۆنی کوردی لە پشتیوانی و بەکەیسگرتنی تیرۆری قەڵەمی ئازاد دیارە، بەڵام بە درێژایی ئەو ماوەیە بە پێی هەلومەرج و باری سیاسیانەی حیزبەکانیان هەڵکشان و داکشانی پێوە دیار بووە. بە ڕاستی ناکرێ ئێمە پشتیوانی و زەمینەسازیەک فەرامۆش بکەین، کە لە سەردەمێکدا ئۆپۆزسیۆن هاوشانی ئازادیخوازان ڕەخساندی و تێیدا ئێمەی چالاکوانان بە دەستێکی کراوەتر چالاکیمان نواندوە، بەڵام دەشێ و پێدەچێ ئەمڕۆ خودی ئۆپۆزسیۆن هاوشانی دەسەڵات خەریکی لەباربردنی ئەم زەمینەیە بێ. ئێمە هیوادار بووین، پشتیوانیەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئازادیخوازان و چالاکان لە چەند چالاکی و هەڵمەتێکی ڕۆژانە تەسک نەکرابایەوە، بەڵکو بە شێوەیەک قوڵ و فراوان با، کە کاریگەریی جزری (بنەڕەتی) بەسەر ڕەوتی مێژویی سیستەمی سیاسیی ئەم هەرێمە هەبوایە.

تا ئێستا دیار نییە، کە چەند لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە کابینەی نۆ بەشدار دەبن، بەڵام هەر جۆرە بەشداریکردنێک، کە یەکێتی و پارتی لە سەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتدان، پشتیوانیەکی ڕاستەوخۆیە لەو سیستەمە “زۆر خراپ”ەی، چەندین ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنین و هیچی تر.

بۆپێشەوە: دیمەنی تیرۆری کەسایەتییە سیاسیەکان، نووسەران و رۆژنامەنووسان، تا ڕادەیەکی زۆر ئاشکران، کەچی دەسەڵاتی سیاسی بە ئاشکرا ئەم دیمەنانە، دەشارنەوە و فایلسازی درۆینە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدەن، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

بەهزاد موحسین ڕەوف: دەسەڵاتی کوردی و ڕێک(پارتی و یەکێتی)، بە سیناریۆی زۆر لاواز و قێزەون، هەمیشە و تەنانەت لە سەردەمی شاخیش پەردەپۆشی حەقیقەتی تیرۆری نەیارەکانیان کردوە. بۆ ئەمەش بێئاگایی و کەمزانی شەقامی کوردییان قۆستۆتەوە! هەر کاتێکیش خەڵکە وشیارەکە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جددیان ڕێکخستبێ، ئەوا بە زەبری هێزی دڵڕەقانەی بێشەرمانە کپیان کردۆتەوە. لەبەرئەوەی دادگاش سەداسەد لەژێر هەژمون و ویستی خۆیاندایە، کەواتە لە ڕوی یاساییش نەتوانراوە، تاوانبارێتیی دەسەڵات بچەسپێنرێ، ئەگەرچی سەلماندنی زۆر ئاسان بووە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.