کۆمەڵە و نەقابە و ئەنجومەنەکان… ئەستێرەی شۆڕشەکانی سودانن گەڕانەوەیەک بۆ مێژووی شۆڕشەکان لە سودان.

0

کۆمەڵە و نەقابە و ئەنجومەنەکان… ئەستێرەی شۆڕشەکانی سودانن

گەڕانەوەیەک بۆ مێژووی شۆڕشەکان لە سودان.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی ئاراس ڕەشید

خاڵە درەخشانەکانی ئەم دواییانەی ناو بزووتنەوەی شەقامی سودان و لەسەرکارلابردنی سەرۆک کۆماری سودان و بەدواییشدا قبووڵنەکردنی بزووتنەوەی کودەتای سوپا و مقاوەمەی تاوەکو ئێستای هێزی شەقام لەبەرامبەر دژە شۆڕش، پێمان دەڵێن مێژوویەک لەپشت ئەو بزووتنەوەیەدایە. مێژوویەکی پێشکەوتنخواز کە دوای پتر لە ٣٠ی ساڵی دەسەڵاتی ئیخوانی ئیسلامی بەشیر، ژنان دەبنە سومبولی بزووتنەوەی شەقام و لەسەرکارلابردنی دەسەڵاتێکی دواکەوتووی ئیسلامی. میژوویەک پێمان دەڵێ جەماوەر لە ژێرەوە خەریکی خۆڕێکخستنە جیاجیاکانە لە شوێنی کار و ژیان. مامۆستا، پزیشک، خوێندکار، کرێکار، جوتیار هەموو جۆرە پیشەوەرێک. هەروەها دەستبردن بۆ تاکتیکی گونجاو بەپێی هەلومەرجی سیاسی و ئەمنی و تەرازووی هێز. بەپێویستم زانی ئەم کورتە مێژووەی خەباتی جەماوەری شۆڕشگێڕی سودانتان بۆ ئامادەبکەم.

سەرچاوە/ الجزیرة

کۆمەڵەی پیشەوەران کە پێکهاتووە لە هاوپەیمانیەتیەکی نەقابی، لە سەردەمی ئەو شۆڕشەی کە کۆتایی بە عومەر بەشیر هێنا دەرکەوت. ئەم هەنگاوە دوو کیانی لەوجۆرەی بیرهێنایەوە کە ڕۆڵی گەورەیان گێڕا لە شۆڕشەکانی پێشووتری سودان لە نیسانی ١٩٨٥ و تشرینی یەکەمی ١٩٦٤.

ئاماژەکردنێک بەو پەیوەندیە، هێزەکانی بزووتنەوە لە سودان لە ٦ی نیسانی ڕابردوو لە ڕێپێوانێکدا بەرەو سەرۆکایەتی گشتی سوپا بەڕێکەوتن بۆ دانی یاداشتنامەیەک بۆ لەسەرکارلابردنی عومەر بەشیری سەرۆک کۆمار، ئەو ڕێپێوانە گۆڕا بە مانگرتن و لە دواییشدا پشتیوانی سوپای بەدەستهێنا و بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشیر.

هەڵبژاردنی ئەم بەروارە بەشێوەیەکی ڕێکەوت نەبووە! لەوڕۆژەدا سودانیەکان دژ بە ڕژێمی سەرۆکی پێشوو جەعفەر نومێری لە ساڵی ١٩٨٥ ڕاپەڕینیان کرد، دوای ئەوەی ١٦ ساڵ دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو، لەوڕۆژەشدا سوپا پشتیوانی خۆی لەگەل کرد و بووە هۆی ڕووخانی ڕژێم.

هەربۆیە سودانیەکان وەک نەهج و بەرنامەیەکی گرێدراو بەیەکەوە دەڕواننە هەردوو شۆڕشی نیسان و تشرینی یەکەم و هیوایان بە دیموکراسی بونییەوە هەیە. وەک ئەوەی یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکان بەناوی یوسف عبدوڵا دەنووسێت “نەک تەنیا لەبەرئەوەی دیموکراسی سیستەمێکی عادلانەیە بۆ حوکم، بەڵکو ئامرازێکیشە بۆ بەدیهێنانی مرۆڤایەتیان وەک تاک، و هەروەها ئازادی ڕایان تێی دەڕوانن، بەو پاشماوە کۆچەریە (بەدەوی)ی هەیانبووە.

 کۆمکاری نەقابی

وەک ئەوەی ئەمشەو بەدوێنێ لەیەک بچوێنین، هەروەک دەستپێکردنی ناڕەزایەتیەکان کە بووە هۆی ڕووخانی بەشیر لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی پار هەڕەمەکی(خۆڕسک) و لەخۆوە بوو، بەهەمان شێوە ڕاپەڕینی دژ بە دەسەڵاتی جەعفەر نمیری لە ئازار و نیسانی ١٩٨٥ کڵپەیەکی لەخۆوە بوو لە شەقام.

کاتێک هەردوو لای شەقام بەخێرایی پەرەی سەند، نەقابەکان لەگەڵ حزبە سیاسیەکان جڵەویان گرتە دەست، و کۆمکاری نەقابی کە بەدەستپێشخەری مامۆستایانی زانکۆ بە ماوەیەکی کەم پێشتر دروست ببوو، لەوکاتەدا خۆپیشاندانەکان دژ بە ڕژێمی نمێری لە هەڵکشاندا بوو، ڕۆژی ٢٦ی ئازاری ١٩٨٥ لە زانکۆ ئیسلامی و کۆلێجەکانی تەکنەلۆجیا دەستیپێکرد. هەروەها پزیشکەکان لە ٣٠ی ئازاری ١٩٨٥ دەستیان دایە مانگرتن لە خەرتوم. لە ١ی نیسان  نوێنەرانی نەقابە پیشەییەکان کۆبوونەوە و ڕێکەوتن لەسەر دەستپێکردنی مانگرتنی سیاسی لە ٣ی نیسان. پزیشکان کەژاوەی ناڕەزایەتیەکانیان بەرەو کۆشکی کۆماری بەڕێخست، و ٣٠ نەقابە پەیوەست بوو بە کۆمکارەوە. لە ٥ی نیسان سەرۆکایەتیەکی یەکگرتوو بۆ شۆڕش لە نەقابەکان و حزبەکان پێکهات.

لە ٦ی نیسان  و لە ماڵی مامۆستایانی زانکۆی خەرتوم کۆمکار بەتەواوی دروست بوو، پارێزەران و ئەندازیاران و تەئمیناتە گشتیەکان و یەکێتی خوێندکارانی زانکۆی خەرتومی لەخۆگرتبوو. لەناوەڕاستی مانگرتنی کەرتی پیشەییەکان و خۆپیشاندانە گەورەکاندا، سوپا لایەنگیری خۆی بۆ گەل نیشاندا، و فەریق عبدالرحمن سوار الزهب لایەنگیری هێزی چەکدارەکانی بۆ گەل ڕاگەیاند و کۆتایی بە دەسەڵاتی نمێری هات.

بەرەی ئەنجومەنەکان:

شۆڕشی تشرینی یەکەمی ١٩٦٤ هاندانێک بوو بۆ بزووتنەوەی گشتی و شەقامی سودانی ڕێکخست لە دژی دەسەڵاتی ئیبراهیم عەبود. ئیبراهیم عەبود لە رێگەی کودەتای ١٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٨ ەوە دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەم بزووتنەوەیە زووربەی هێزە سیاسیەکانی سودان بەشداریان تێداکرد (بەنزیکی)، هەرچەندە خوێندکاران ڕۆڵی سەرەکیان بینی لە خۆپیشاندانەکانی زانکۆی خەرتوم و داوای ئازادی و دیمۆکرسیان دەکرد، ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتی سەربازی لە هەڵکشاندا بوو لە هەلومەرجی باشووری سودان و دەرکردنی قەشە بیانیەکان.

لە ئەنجامی کوشتنی خوێندکار ئەحمەد القرشی بە گوللەی پۆلیس لە ناو زانکۆی خەرتوم لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٤، نەقابەکان بەرەی ئەنجومەنیان پێکهێنا، کە پێکهاتبوو لە مامۆستایانی زانکۆی خەرتوم و نەقابەی پارێزەران و پزیشکان و ئەندازیاران و یەکێتی کرێکارانی جوتیاران و هیتر.. بۆ ڕابەریکردنی بزووتنەوەکە دژ بە حوکمی سەربازی و بەکارهێنانی چەکی مانگرتنی سیاسی و مانگرتنی مەدەنی و لەکۆتاییدا توانرا حوکمی سەربازی پێ بڕووخێنن، ئەمەش لەرێگەی ڕێکخستنی باش و خۆپیشاندان و راگرتنی چالاکی کار تادەگاتە پەکخستن و ئیفلیجکردنی وڵات.

کۆمکاری پیشەوەران:

تۆ بڵێی مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، بەهەمان شێوەی نەقابە پیشەوەرەکان پێکهاتن لە شۆڕشی تشرینی یەکەمی ١٩٦٤ لەسەر بەرزکردنەوەی یاداشتێک بۆ سەرۆک عەبود و داوایان لێکرد کە دەست لەکاربکێشێتەوە، ڕێزی بەکۆمەڵی خەڵک لە سەرتاسەری پایتەخت کۆبوونەوە لەسەر داوای کۆمکاری پیشەوەران و ڕابەری حزبە سیاسیەکان لە ٢٥ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی بۆ پێشکەشکردنی یاداشتنامە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار و داوای دەست لەکارکێشانەوەی بەشیریان کرد!

ئەو ڕووداوانەی ئێستا کە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بیر دێنەوە، لایەنگری کردنی ئەفسەری سوپا و پۆلیسە خۆپیشاندەران، و ئەوەش پێش لایەنگیریکردنی سوپا بەشێوەیەکی گشتی بۆ هێزی بزووتنەوەی شەقام!

ئەگەر شۆڕشە جەماوەریەکانی پێشوو پشتیان بەستبێت بەهێزی بزووتنەوە نەقابیەکان و هێزە سیاسیە ڕێکخراوەکان لە شارە گەورەکانی سودان بەتایبەت لە خەرتومی پایتەخت… ئەم شۆڕشەی ئێستا ناوکۆکەی ناڕەزایەتیەکانی لە شاری (عەتبرە..عطبرة) دەستیپێکرد، و دوایی بەرەو پایتەخت و شارەکانی دیکەی سودان بڵاوبۆوە!

سودانیەکان لە دەوری کۆمکاری پیشەوەران کۆبوونەوە، کە جێ متمانەی چالاکوانان و خۆپیشاندەرانن، بەجۆرێک لەسەر داواکاری ئەوان بڕیاری خۆپیشاندان دەدەن، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ڕابەرایەتیەکەیان نەناسراون لەبەر مەسەلەی ئەمنی! بەجۆرێک ڕژێمی سەرۆکی لەسەرکار لابراو عومەر بەشیربە “تارمایی ئەلکترۆنی” وەسفی دەکردن..

  • شکاندنی پشتێنە(تەوق):

کۆمکاری پیشەوەران لە ساڵی ٢٠١٣ دوای ناڕەزایەتیەکان کە هەموو وڵاتی داگرت لە ئەیلولی ئەو ساڵە دامەزرا، بەڵام ڕاگەیاندنی فەرمی لە ئابی ٢٠١٨ بوو، وە ئاشکرانەکردنی ئەندامان و ئەنجوومەنەکانی بەهۆکاری ئەمنی.

پتر لە ١٠٠ حزبی سیاسی ئۆپۆزسیۆن و لایەنگری لە دەسەڵات بۆ حکومەت هەیە. هیچ کامێکیان بزوێنەری سەرەکی شەقام نەبوون لە ماوەی ناڕەزایەتیەکان کە پتر لە ٤ مانگی خایاند. بەشیر لە درێژەی ئەو ٣٠ساڵەدا ؛ سەرکەوتووبوو لە خامۆشکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن و پەرشوبڵاوکردنی سەرۆک و سونبولەکانیان. بەڵام” کۆمکاری پیشەوەرانی سودانی” توانیان ئەو تەوقە(پشتێنەیە) بشکێنن و ڕابەری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بکەن دژ بە ڕژێم.

” کۆمکاری پیشەوەران” بە ٨ ڕێکخراو دەستیپێکرد؛ دیارترینیان هاوپەیمانی پارێزەرانی دیموکراتی، تۆڕی ڕۆژنامەنووسانی سودانی، لیژنەی پزیشکانی ناوەندی، لیژنەی مامۆستایانی سودانی، لیژنەی پزیشکانی ئاژەڵی، و لەدواییشدا ڕێکخراویتر پەیوەست بوون پێوەی.

یەک ڕەنگی سیاسی کۆنترۆڵی” کۆمکاری پیشەوەران”ی نەکردووە، لەهەمانکاتدا ڕابەرایەتی ڕێکخستنەکان خاوەن پاشخانی سیاسی و هزری جیاوازن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.