دیمانەی وەرزنامەی خاوەران لەگەڵ مەنسور حیکمەت سەبارەت بە سزای ئیعدام

0

دیمانەی وەرزنامەی خاوەران لەگەڵ مەنسور حیکمەت سەبارەت بە سزای ئیعدام

وەرگێرانی لە فارسیەوە: کاوە عومەر

سزای لە سێدارەدان دزیوترین شێوازی کوشتنی بە ئەنقەستە!

چاوپێکەوتن لەگەڵ وەرزنامەی ڕۆژهەڵاتان (خاوەران)، کە بڵاوکراوەی ڕیکخراوی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی ئێران…

 پێشەکی خاوەران:

بابەتێک کە لەخوارەوە هاتوە وەڵامی مەنسور حیکمەتە بە پرسیارەکانی ئێمە لەبارەی هەلومەرجی هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان کە لەبنەڕەتدا بۆ کتێبێکی تەواونەکراو (هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان بۆچی؟) لەبەرچاوگیرابوو. کە بەهۆی ئامادەنەبوونی کتێبی ناوبراو ئێستا لە خاوەراندا بڵاوی دەکەینەوە. لەگەڵ سوپاسمان بۆ مەنسور حیکمەت کە سەرەڕای سەرقاڵییە زۆرەکانی خۆی هات بەدەم داواکەمانەوە.

خاوەران: حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە بەڵگەنامەکانیدا بە ڕاشکاوانە لەبارەی پێویستی  هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان قسە دەکات، بەڵام ئێوە لە چ گۆشەنیگاو لەچ تێڕوانین و لەگەڵ چ لێکدانەوەیەک هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان بە پێویست دەزانن؟

مەنسور حیکمەت: سزای لەسێدارەدان ناوێکی دەوڵەتییە بۆ وشەی کوشتن. کەسەکان یەکتر دەکوژن، بەڵام دەوڵەتەکان بڕیار بۆ “لەسێدارەدان”ی کەسەکان دەرئەکەن.

خواستی هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان و قەدەغەکردنی کوشتن هەردووکیان لە یەک سەرچاوەوە ئیلهام وەردەگرن، بەرهەڵستی لەگەڵ کوشتنی دەست ئەنقەست و ئاگاهانە وبە نەخشەی لەپێشدا داڕێژراوی کەسێک لەلایەن کەسێکی ترەوە. ئەوەی کە لایەنێکی ئەم کوشتنە دەوڵەت وە یان لایەنێکی باڵادەستی سیاسیە بچوکترین گۆڕانکاری لەم ڕاستیەدا دروست ناکات کە ئێمە لەگەڵ کوشتنێکی دەست ئەنقەستدا ڕووبەڕووین. سزای لەسێدارەدان بێشەرمانەترین وپیسترین شێوازی کوشتنی بە ئەنقەستە، چونکە دامەزراوەیەکی سیاسی لەبەردەم جەماوەردا بڕیار ئەدات، پیش وەخت ڕاگەیەنراو، لەبەردەم ڕای گشتی، لەوپەڕی خۆبەخاوەن ماف زانین و لەوپەڕی خوێن ساردی، بڕیار لەسەر کوشتنی کەسێک ئەدرێت وە ڕۆژو کاتی ڕودانەکەشی ڕادەگەیەنن.

خاوەران: لەگەڵ هەڵوەشانەوەی سزای لە سێدارەدان، تاوانباران وبکوژان ئەبێت چۆن سزاکەیان ببینن؟

مەنسور حیکمەت: پرسیارێکی سەرنج ڕاکێشە. بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان بەر بە بکوژێکی بەکۆمەڵ، واتە دەوڵەت، کە هیچ کاتێک بەهۆی کوشتنی کەسێکەوە سزا نەدراوە دەگیرێت. پرسیارەکەی ئێوە ئەو بۆچونە دێنێتە گۆڕێ کە گوایە سزای لەسێدارەدان بۆ سزایدانی بکوژانیان داهێناوە. وە یان ئەوەی کە ئەوەی کە ئەمە سزایەکە کە یاسادانەران پاش قوڵبونەوەو پشکنین بەگونجاویان داناوە بۆ تاوانی کوشتن، بەڵام سزای لە سێدارەدان هیچ پەیوەندیەکی بەکوشتنەوە نییە لە کۆمەڵگەدا. مێژووی خۆی هەیە. ماف و دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەمڕۆ لەبەرامبەر هاوڵاتیان، درێژکراوەی ماف ودەسەڵاتی دەوڵەتانی دوێنێیە. کاتێک ئاغا محمەد خانی قاجار تەواوی خەڵکی شارێک کوێر دەکات وە دەکوژێت، سەرقاڵی سزادانی کەسێک لەبەر ئەنجامدانی تاوان نییە. کاتێک ئەسپ دزێک لە ئەمریکا ئەدەن لەدار وە یان سەربازانی هەڵهاتو لەسێدارە ئەدەن، سەرقاڵی سزادانی کەسێک بەمانای دادوەری وشەکە نین، بەڵکو بە سادەو ساکار ئەیانەوێت خەڵک بێدەنگ بکەن، ئەیانەویت خەڵک ناچاربکەن کە مل بە یاساو ڕیساکانیان بدەن. ئەوان دەیانەوێت بترسێن، ئەیانەوێت حکومەت بکەن، هەر لەم دونیای ئەمڕۆیەدا لەسێدارەدان سزای کوشتن نییە، سزای سێکسی ڕێ پێنەدراوە، سزای پاوان کردن، سزای باوەڕبوون بەئامانجی  سۆسیالیزم، سزای دامەزراندنی حیزبی ئۆپۆزیسیۆن، سزای نوکتەکردن لەسەر خوداو پەیامبەرو ئیمام، سزای هاوڕەگەزبازی و هی تریشە. کوشتنی خەڵک، کوشتاری خەڵک هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی دەسەڵاتداریەتیەوە لە کۆمەڵگەدا، پایەیەکی ملکەچ پێکردنی خەڵک بوەو ئێستاش هەر هەیە. مێژووی سزای لەسێدارەدان نەک لە باسە حقوقی ودادوەریەکان سەبارەت بە تاوان وسزا، بەڵکو لەمێژوی دەسەڵاتی چینایەتی ودەوڵەتدایە. ئەمڕۆ دەوڵەتەکانیش هاوڵاتیەکانیان دەکوژن. ئەبێت بەر بەمە بگیرێت.

ئەپرسن ئەگەر سزای لە سیدارەدان نەبێت ئەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ بکوژاندا بکریت. کوشتنی بکوژ دوبارەکردنەوەی کوشتنە ئێمە دەڵێین ئەم کارە بەهیچ جۆرێک نابێت بکرێت. ئەوەی کە چ کارێکی تر دەبێت بکرێت پەیوەندی بە فەلسەفەی دادوەری کۆمەڵگەوە هەیە. لەهەمان سیستەمی  ئێستادا ئەتوانرێت بکوژ زیندانی بکرێت. لە کۆمەڵگەیەکی هەرەباش (ئیدەئاڵ) بۆی هەیە بتوانرێت کارێک بکرێت کە خەڵک لە دوبارەبوونەوەی تاوان بپارێزرێت وتاوانبار وای لێ بکەیت تێبگات لەترسناکی و قیزەونی تاوانەکەی خۆی بەبێ پەنابردن بۆ زەوتکردنی ئازادییەکانی. لە کۆمەڵگەیەکی هەرەباشدا (ئیدەئاڵ) ئەشێ کارێک بکەیت کە کوشتنی ئەنقەست ڕونەدات.

خاوەران: حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەگەڵ پاسدارانێک (سەربازی سوپای ئیران. و:) وئەشکەنجەدەرانێک کە لەڕووبەڕووبوونەوەکاندا بەدیل ئەگیرێن، لە حاڵەتێکدا دڵنیابوون لەوەی کە دەستیان بەخوێنی خەڵک سورە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن؟

مەنسور حیکمەت: لە یاساکانی ئێمەدا لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی نییە. وەک چاوەڕوان دەکرێت ئەو جۆرە ئینسانانە ئەبێت بڕیاری زیندانی کردنیان بەسەردا بسەپێنرێت و کاریان لەسەر بکرێت لەوانەیە بتوانن ڕۆژێک بگەڕێنەوە باوەشی کۆمەڵگە وە کارێک بکەن هەتا خەڵک لێیان خۆش بێت.

خاوەران: بە لەسێدارە نەدانی بکوژ دادپەروەری سەبارەت بە خیزانی کوژراوەکە چۆن جێبەجی دەکرێت؟

مەنسور حیکمەت: ئەوەی کە خێزانی کوژراو خاوەنی خوێنە و عەدالەت، داخوازیەکە کە خیزانی کوژارەوەکە لە کۆمەڵگەی ئەوێت، تێگەشتنێکی خێڵەکی و دواکەوتوانەو جێگەی قبوڵ نییە. خەم وناخۆشی خێزانی کوژراو نکوڵی لێناکریت، بەڵام ئەگەر لە سێدارەدان بۆ ئارامکردنەوەی خەم وپەژارەی کەسانێک ڕێ پێدراو بێت، چۆنە کوشتن بەهۆی هەستە هاوشێوەکانەوە ڕیگە پێدراو نییە؟ ئایا کەسێک کە بەدەستی کەسێکی تر سوکایەتی و شکێنراوە، ماڵ وێران بووە، ئالودە بووە، تێکشکاوە، ئاوارە بووە ئەتوانێت بۆ ئارام بوونەوەی هەستی ناخۆشی خۆی دەست بۆ کوشتنی ئەو بەرێت؟

ئایا دەوڵەت ئینسان کوژێکی ڕێپێدراوە، کە کەسەکان بۆ وەرگرتنەوەی تۆڵەکانیان پەنای بۆ ئەبەن؟ ئایا دادپەروەری چەمکێکی (مفهوم) جێگرەوەیە لەبەرامبەر تۆڵەسەندنەوەی خێڵەکیدا؟ سەبارەت بەمەفهومی دادپەروەری ئەبێ لە دەرفەتێکی تردا بەدرێژی قسەوباسی لەسەر بکەم. ئەم دەستەواژەیە بەو ئەندازەیە ئۆبژکتیڤ و سەرو چینایەتی نییە کە هەندێک تێی گەیشتون.

خاوەران: ئایا بەهەڵوەشانەوەی سزای لە سێدارەدان، ڕیژەیەک تاوان لە کۆمەڵگەدا ناچێتە سەروە؟

مەنسور حیکمەت: نەخێر. بەپێچەوانەوە، هەربەشێوەیەی کە وتم  هەر لەسەرەتاوە پێش بەلیستێکی باڵابەرزی کوشتاری دەوڵەتی دەگیرێت. وەزارەتی دادی دەوڵەتی ئەمریکا گەورەترین بکوژی پیشەی ئەو وڵاتەیە، هەڵوەشانەوەی سزای لە سێدارەدان تیدا وەک ئەوە وایە کە زنجیرەیەک بکوژی ١٥٠ کەسیت دەستگر بکرێت! دووهەم هەر کۆمەڵگەیەک لای وابێت کە کوشتنی ئینسان لەگەڵ یاسادا ئەگونجێت، هیچ کاتێک ناتوانێت ڕێگا لە دوبارە نەبوونەوەی هەر ئەو کارە بگرێت لەناو هاوڵاتیاندا. هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ڕاگەیاندنی بەهای گیانی ئینسان، هەنگاوی یەکەمە لەخەبات دژی کەلتوری ئینسان کوشتن لەکۆمەڵگەدا. ئامارەکان بەڕۆشنی نیشانیان داوە کە لە هۆڵەنداو ئیسکەندەنافیا و بەریتانیادا کە سزای لەسێدارەدان هەڵوەشاوەتەوە. ڕیژەی کوشتن (بە لەبەرچاوگرتنی دانیشتوان) بەشێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە ئەمریکا.

خاوەران: بەبۆچوونی ئێوە سزای تاوانباران ئەبێت بەچ ئامانجێک ئەنجام بدرێت؟

مەنسور حیکمەت: نازانم وشەی سزا باشە لەگەڵ سیستەمی دادوەریدا یان نا. بەبۆچوونی من، باسی پشتگیری لەنێوبردنی زەمینە کۆمەڵایەتی و ئابوری و کلتوریەکانی تاوان بەتەنیشت، یەکەم، کۆمەڵگە ئەبێت خۆی بپارێزیت لە تاوان بەکەمترین ئەگەری کاری توندوتیژی و بەکەمترین پەنابردن بۆ زەوتکردنێکی مۆڵەتی ژیانی ئاسایی تاوانباران، خۆی لە دوبارەکردنەوەی تاوان لەلایەن ئەوانەوە بپارێزێت. دوهەم: هاوکاری بکەن بۆئەوەی ئەوکەسانە بگۆڕێن. بەبۆچونی من سزای تۆڵەسەندنەوانەو پەندوەرگرانە ئەبێت هەڵوەشێتەوە. ئەبێت بگەینە جێگایەک کە کۆمەڵگە بەشێوەیەک لە توندوتیژی دورکەوێتەوە کە لەگەڵ بابەتەکانی توندوتیژیدا وەک کارەساتی سروشتی مامەڵە بکات، بەهانای قوربانیەکانەوە بچێت، هەوڵبدات پێش بەدوبارەبوونەوەی دواتری بگرێت وە یان زیانەکانی بگەیەنێتە کەمترین ئاستی، بەبێ ئەوەی کەسێک وەک تاوانبار بخاتە ناوگڕکانی ئاگرەوە یان فڕێی دەیتە دەریاوە.

خاوەران: ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، کەسێک بەهۆی دانانی بەها بۆ جەوهەری ئینسان ومافی ژیانیەتی، لەوکاتەدا داواکاری ئازادی ئەو زیندانییە سیاسیانەی کە لە ئەنجامی چالاکیەکانیان مرۆڤێکی زۆری بێتاوان گیانیان لەدەستداوە، ئەبێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؟ بۆنمونە لەگەڵ خەباتکارێک کە لە ئەنجامی دانانی بۆمب لەناو پاسێک وەیان شوێنێکی تر، بۆتە هۆکاری کوشتی کەسێک یان چەند کەسێک ئەبێت چی بکرێت؟ ئایا ئەبێت داوای ئازادی ئەو بکرێت؟

مەنسور حیکمەت: من کەسێک کە بۆمبی لەناو پاس وفڕۆکەی خەڵکی سیڤیل دانابێت ناو نانێم خەباتکار. بەداخەوە لەسەردەمێکی دیاریکراودا بەم شێوەیە کارکراوە لە هەندێک لە بزوتنەوە حەقخوازانەکاندا، وە دواتر لەلایەن هەندێک لە بزوتنەوە کۆنەپەرستەکانەوە وەکو هونەری ئینسانکوژی لەژێر ناوی سیاسەتدا  برەوی پێدراوە. چارەسەرێکی سەرتاپاگیرم نییە لەبەرامبەر ئەمانەدا. پەیوەندی بەدەوڵەتیکەوە هەیە کە ئەوان لە کاتی شەڕدان. پەیوندی بە پێوەری دادوەری ئەو وڵاتەوەو ڕەوایی حقوقیەوە هەیە تێیدا.

پەیوەندی بە بارودۆخی  ڕودانی ئەو ڕوداوەوە هەیە. بەبۆچونی من دۆسیەی ئەو خۆکوژانەی کە هێرشیان کردوەتە سەر ئامانجی ناسەربازی دۆسیەیەکی سیاسی نییە. بۆی هەیە بیانوی جیاوازی سیاسی زۆر بۆ ڕوودانی ئەم ڕوداوانە بهێنرێتەوەو هەتا تاوانەکە سوک بکات وە یان بێتاوان دابنرێت، بەڵام خودی دۆسیەکە دۆسیەیەکی سیاسی نییە. لەکۆتایدا شتێک بیر بهێنینەوە. ئەگەر بڕیاربێت کەسانێک دەستگیر و دادگای بکەن کە بەبۆمب هێرشیان کردوەتە سەر خەڵکی بێ چەک، حەوت هەشت سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی ڕۆژئاوایی وسەدان بیرۆکرات وجەنەراڵ وفەرماندەی ئەمریکی وئەوروپی لە ڕیزی یەکەمی تاوانباراندا هەبن. من جیاوازییەک لە نێوان تیموتی مەک وای کە لە ئوکلاهوما تاوانێکی گەورەی ئەنجامدا و کەسانێک کە بۆمبارانی حەشارگەو خانو قوتابخانەی خەڵکیان دەکرد وە ئەوانەیان هەموو کوشت نابینم.

خاوەران: ئەگەر وەڵامەکەت نیگەتیفە لەو دۆخەدا ئەبێت چ دەسەڵاتێک ئەوانە دادگای بکات؟

مەنسور حیکمەت: هێزێک کە لەڕووی یاساییەوە ڕەوایەتی هەبێت. حکومەتە سەرکوتگەرەکان بەپێی پێناسە ڕەوایەتیان نییە. بەڕای من بۆ دادگاییکردنی جەنەراڵ  شوارسکۆفەکان وبن لادنەکان و دەتوانرێت هەر لەم دونیای بۆرژوازیەدا دادگای جێگا پەسەند پەیدا بکەیت وە یان دایمەزرێنیت.

خاوەران: ئەگەر وەلامەکەت ئەرێنیە لەو دۆخەدا سەبارەت بەزیندانی سیاسی پێناسەی ئێوە چییە؟

مەنسور حیکمەت: بەڕای من لیرەدا دوو دەستەواژە هەن کە ئەوانیش زیندانی سیاسی و دیلی جەنگی هەن کە هەردووکیان پەیوەندیان بەم باسەوە هەیە. زیندانی سیاسی کەسێکە کە بەتاوانی چالاکی سیاسی لەدژی دەوڵەتەکەی کردوە زیندانی کراوە. زیندانی سیاسی لەسەر بنەمای پیناسەکەی ئەبێت ئازادبکرێت. هەر نابێت دادگایی کردنێکش لەگۆڕیدا هەبێت. کەسێک کە چالاکی سیاسی لە دژی حکومەتێک ئەنجام داوە لەبنەڕەتدا هەر نابێت دەستگیر بکرێت. دیلی جەنگیش تاوانێکی نەکردوە وە نابێت لە مافە مەدەنیەکانی خۆی و لەناویشیاندا لەئازادییەکانی خۆی بێبەش بکرێت. وە ئەمە تەنها کێشەی نێوان دەوڵەتان نییە، بەبۆچونی من ئەندامی ئەو ڕێکخراوە پارتیزانانەش کە جەنگیان لە دژی دەوڵەتەکانیان ڕاگەیاندوە و لەکاتی چالاکی سەربازیدا دەستگیر دەکرێن ئەبێت لەهەمان مافی دیلەکانی شەڕی نێوان دەوڵەتەکان بەهرەمەندبن. یاساکانی ئێستا ئەبێت بەقوڵی لەبەرژەوەندی ئەو بەدیل گیراوانە ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت. بەبۆچوونی من زیندانی کردنی کەسەکان و ڕیگری لە ژیانی ئاساییان ئەبێت قەدەغە بکرێت، بەڵام ئەتوانرێت یاسایەک هەبێت کە هەتا ئەوکاتەی شەڕ کۆتایی دێت وە یان دڵنیابوون لەوەی کەسەکە ئارەزوی دوبارە بەشداریکردنەوەی نییە بۆ بەشداری لە شەڕدا، ڕیگری دوبارە پەیوەست بوونەوەی بەسوپاوە لێبکات. لە کۆتاییدا چەمکێکمان هەیە بەناوی تاوانی جەنگ، ئەم چەمکە ئەبێت بەشێوەیکی جدی دوبارە پێداچونەوەی بۆ بکرێت وە لە تەواوی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیان بەهێزی کەسانی بێ چەک و کەلوپەل و هۆیەکانی خۆشگوزەرانیان دەخاتە بەر هێرش لێ دەربکێشرێتە دەرەوە. لەم ساڵانەی دوایدا فراوانترین تاوانەکانی جەنگمان بینی کەلەلایەن سوپاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچەیی لە وڵاتانی جۆراوجۆری وەک عێراق ویوغۆسلافیا، بیینی. ئەمڕۆ تاوانبارانێکی جەنگی زۆر دەبینین کە وەک ڕابەران وقارەمانانی نەتەوەو کوڕانی نیشتیمان پەرست لە نەتەوەو وڵاتە جیاجیاکان بەشەقامەکاندا ڕاستەو ڕاست بەناو خەڵکدا تێدەپەڕن کە ئەبێت دادگایی ئەوانە ببینین.

خاوەران: هۆکاری پێداگری و سوربوونی موسوڵمانانی بنیاتگەرا (و:بنەڕەتخواز)بۆ کوشتن و سڕینەوەی فیزیکی نەیارەکانیان و بەتایبەتیش ئەوانەی کە جیاواز بیردەکەنەوە لە چیدا ئەبینیت؟

مەنسور حیکمەت: ئەوەی کە ئایا کەسەکە لەسەرەتا حەزی لە ئینسان کوشتن بووە و دواتر ئەبێتە موسڵمانی(بنڕەتخواز.وەرگێڕ) بنیادگەرا، یان بەپێچەوانەوە یەکەمجار ئەبێتە موسڵمانی بنیاتگەراو دواتر بەیاسای شەرع ئەبێتە ئینسان کوژ، شتێکە کە من وەسیلەی لیکۆڵینەوەو وردبینیم لەوەدا نییە، بەڵام دڵنیام کە وەڵامی یەکلاکەرەوە هەر لەو یەک ڕستەی ئێوەدا شاراوەتەوە.

١٨\٤\٢٠١٩

Leave A Reply

Your email address will not be published.