عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە ٢١ مین ساڵیادی تیرۆری هاوڕێیان شاپور و قابیل دا…

0

عوسمانی حاجی مارف: دەمەوێ ڕاستیەک ڕابگەیەنم، دادگایی ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیر کرابوون، لەسەر کەیسی کوشتنی شاپور و قابیل نەبووەو لەسەر تاوانی تر دادگایی کراون… وە ساڵی ڕابردوو ئازادکراون…

بۆپێشەوە: دوای ٢١ ساڵ بەسەر تیرۆری هاوڕێیان شاپورو قابیل، چۆن دەڕواننە ئەو کردەوە تیرۆریستییە؟ وە کێ بە نەخشە دارێژەری ئەو تاوانە دەزانن؟

عوسمان حاجی مارف: پێش ئەوەی باس لەوە بکەین کە نەخشەدارێژەری ئەو تاوانە کێن  پێویستە ئەوە ڕوون بکەینەوە کە بۆچی ئەو تاوانە لە شاری هەلێردا و بەرۆژی ڕوناک و بە ئاشکرا ئەنجام درا، واقعیەتەکەی ئەوەیە کە هەلومەرجی ساسی ئەو کاتەی کوردستان لەناو قوڵایی سەگەردانی و ناجێگیری و گێژاوێکی سیاسی وەهادا بوو کە، یەکەم: شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی مایەی ئەوپەری وێرانکاری و داڕمانی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی کوردستان بوو. دووەم: لەو نێوەدا هێزە ئیسلامیەکان فرسەتیان لەبارودۆخی ئەو شەڕە هێنابوو کە بتوانن کارە تیرۆریستیەکان ئەنجام بدەن. سێهەم، لەو سەردەمەدا دوو جۆر ئاوارەیی کوردستانی پەرێشان کردبوو، لەلایەک بەهۆی بێ ئومێدی لە ئایندەی کوردستان کۆچکردنی بەلێشاوی لاوان بۆ دەرەوەی وڵات کە دیاردەیەکی نەرێنی و سەرسورهێنەربوو، لەلایەکی ترەوە بەشێکی زۆری خەڵکی شارە کوردنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەعس ئاوارەبون و ڕوویان لەکوردستان کردبوو. چوارەم، لەناو تەواوی ئەو هەلومەرجە ناهەموارو تراژیدیایەدا تەنها ئومێد و تروسکاییەک کە خەڵکی کوردستان لەو گێژاو بێچارەییەدا دەرکێشێت حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی بوو، کە دەنگدانەوەو نفوزێکی بەرچاوی لە شانۆی سیاسی کوردستاندا نیشان دابوو، بەتایبەتی لە شاری هەولێردا هاوڕێیان شاپور و قابیل وەک دوو ڕابەری بەرجەستەو بەرچاوو ناسراو و خۆشەیست و جێی متمانە بوون، لەهەمان کاتدا ڕابەریکردنی ناڕەزایەتی بێکاران و ئاوارەکان ئیعتبارێکی زیاتری پێبەخشی بوون، ئەم واقعیەتە نە جێگای قەبووڵکردنی هێزە ئیسلامییەکان بوو نە پارتی و یەکێتی، هەر بۆیە لە بڵندگۆی مزگەوتێکی شاری هەولێرەوە مەلا بەشیر فەتوای کوشتنی کۆمۆنستەکانی بە ئاشکرا ڕاگەیاند و دەسەڵاتدارانی پارتیش لەو شارەدا لەبەرامبەر ئەو فەتوایەدا هیچ کاردانەوەیەکیان نیشان نەدا، دواتر بە تیرۆرکردنی هاورێیانمان شاپور و قابیل گورزێکی کوشندەیان لە دەورو جێگاو رێگای حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی لە شاری هەولێردا دا، هەر بۆیە ئاشکرایە کە نەخشە داڕێژەرو جێبەجێکەری ئەو تاوانە ئیسلامیەکانن لە ژێر سایەی بەرژەوەندی دەسەڵاتی پارتیدا.

بۆپێشەوە: هاوڕێیان شاپور و قابیل لەلایەن باندێکی ئیسلامیەوە تیرۆرکران، بەڵام گومان هەڵنەگرە بەبێ گڵۆپی سەوزی پارتی یان زەمینەیەک کە پارتی سازی کردبوو ئەو کردەوەیە ڕووی نەدەدا، ئێوە لەو بارەیەوە دەڵین چی؟ تەنانەت فتوادەری ئەو تاوانە ئێستا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە لەسەر سلکی پارتی؟

عوسمان حاجی مارف: پێم وایە لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە بێ دەنگی پارتی لەو کارە تیرۆریستیەدا و پەیوەندی مەلا بەشیر بە پارتیەوە، هەروەها پارتی بە قازانجی بەرژەوەندی سیاسی خۆی لە شاری هەولێردا پێویستی بەوە بووە کە بە هەر جۆرێک بووە پاشەکشە بە حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی و ڕابەرەکانی لە شاری هەولێردا بکرێت، بۆیە ئاساییە گڵۆپی سەوز یا هەر ئاسانکاریەک بکات بۆ تیرۆرکردنی هاورێیانمان، ئەمەش بۆ دەورو مێژووی حزبەکانی کوردایەتی لە هەڵسوڕانی سیاسییاندا کارێكی عەجیب و غەریب نییە، کە تا ئێستاش ئامادەن بۆ بەرژوەندیە سیاسیەکانیان و وەستانەوە لە بەرامبەر موخالفانی سیاسییاندا هێزی چەکداری و کاری تیرۆرستی پەیرەو بکەن.

بۆپێشەوە: شاپورو قابیل لەگەڵ پەیوەست بوونیان بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە، زۆر زوو بوونە کادرو ئەندامی ڕابەری حزب، هۆکاری ئەمە چی بوو؟

عوسمان حاجی مارف: هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد دوو کادری ناسراو و پێشڕەو و خۆشەویست و رێکخەرو ڕابەری نارەزایەتییە جەماوەرییەکان بوون، بۆیە ناکرێ لە ڕیزی پێشەوەی ڕابەرانی حزبدا نەبن.

بۆپێشەوە: دوای تیرۆری هاوڕییان شاپور و قابیل، پارتی ژمارەیەک کەسی بەتۆمەتی جێبەجێکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستیە دادگایی و دەستگیر کرد، ئێوە چۆن دەڕوانە ئەو دادگاییە و دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە؟

عوسمان حاجی مارف: چەند ڕاستیەک هەیە بە پێویستی دەزانم کە لەم فرسەتی پرسیارانەی ئێوەدا ئاماژەی پێ بدەم، ڕاستە کەسانێک دەستگیرکران و و دادگایی کران، بەڵام مەلا بەشیر کە کەسێکە بە ئاشکرا لە پشتی تاوانەکەیە، نەک دەستگیر نەکراو لێپرسینەوەی لێ نەکرا، وەک ئێوش ئاماژەتان پێداوە فەتوادەری ئەو تاوانە کە مەلا بەشیرە ئێستا لە فراکسیۆنی پارتی جێگیری پەرلەمانی عێراقە. بە جیا لەمەش لەم دوایانەدا ڕاستییەک بۆ ئێمە ئاشکرابوو لە رێگای ئاسایشی هەولێرەوە کە ساڵی پار بە پەیوەندی تەلەفونی قسەیان لەگەڵدا کردین، وتیان تاوانباران ماوەی زیندانیەکەیان تەواو دەبێت و ئازاد دەکرێن، هەروەها وتیان دادگایی ئەو تاوانبارانە لەسەر کەیسی کوشتنی شاپور و قابیل نەبووەو لەسەر تاوانی تر دادگایی کراون، داوایان لێکردین کە سکالانامە تۆمار بکەینەوە لەسەریان بۆ ئەوەی ئازاد نەکرێن، هەڵبەتە لەو بارەوە بەدواداچوونمان بۆ کرد، ئەوەمان بۆ ئاشکرا بوو کە دروست وەهایە ئەو تاوانبارانە لەسەر تاوانی تر دادگایی کراون و زیندانی کراون، لە پەیوەند بە کەیسی شاپورو قابیل هیچ لێپرسینەوەیەکیان لێ نەکراوە، ئێمەش بۆ پەیگیری زیاتر لەسەر ئاشکرابوونی ئەو کارە تیرۆرستیەو دادگایی تاوانباران، هەوڵماندا کە سکاڵا تۆمار بکەین، بەڵام جێگای سەرنجە بە گوێرەی یاساو دادگای عێراقی تەنها کەسانی خێزانی یەکەمی تاوان لێکراو بۆیان هەیە سکاڵا لەسەر تاوانبار تۆمار بکەن، بەڵام بەداخەوە کەسانی خێزانی یەکەمی هاورێیان شاپور و قابیل نەیان توانی ئامادە ببن و سکاڵا تۆمار بکەنەوە، هەر بۆیە ئەم کەیسە بە کراوەیی ماوەتەوەو تاوانبارانیش ئازاد کران.

بۆپێشەوە: کەیسی تیرۆری ئەو هاوڕییانە لای ئێوە هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە، یان داخراوە؟

عوسمان حاجی مارف: وەک پێشتر چەختم لەسەر ئەوەکرد کە ئەم کەیسە بەکراوەی لای ئێمە ماوەو هەر فرسەتێک کە لەباری یاساییەوە رێگایەک بکاتەوە بەدواداچوونی بۆدەکەین و دەستبەرداری نابین، ئەم حاڵەتەش کە ئێمە بەرەو ڕووین تەنها بۆ ئێمە نییە، بەڵکو واقعیەتی هەلومەرجی سیاسی کوردستان و دەسەڵاتی ملیشیایی حزبەکانی کوردایەتی و نەبوونی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دادگایە، کەهەزاران کەیس بە فەرامۆشی سپێردراوە هیچ لێپرسینەوەیەک نییەو تاوانباران پارێزراون و تاوان لێکراوان بوونەتە گەورەترین قوربانی، بە جیا لەوەش یاساکانی عێراق و بنەماکانی شێوازی دادگایی کە هی سەردەمی حکومەتی بەعسە پێویستی بە ئاڵوگۆرێکی جدی و ئینسانی هەیە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.