دیمانە لەگەڵ شوان داودی؛ راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق… لە ٢١ مین ساڵیادی تیرۆری هاوڕێیان شاپور و قابیل دا…

0

شوان داودی: گەیشتنی مەلا بەشیر بەو پێگەیە پەیوەندی بە هاوکێشەی ئەقلیمیەوە هەیە، بیرمان نەچێت پێشتر تۆمەتبارێکی تری ئەو تاوانە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو!

بۆپێشەوە: چ بیرەوەریەکی تایبەتتان لەگەڵ هاوڕییان شاپور یان قابیل هەیە؟

شوان داودی: سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ بەسەرکردنەوەم لەم یادەدا.. کەبۆمن گرنگی خۆی هەیە و دەمگەڕێنێتەوە بۆ زەمەنێکیتر.

سەبارەت بە پرسیاری یەکەم چی بیرەوەرییەکم لەگەڵ شەهید شاپوردا هەیە…لە وەڵامدا دەڵێم جاچی نییە؟ هەرچی بیرەوەری منداڵی و گەنجێتی و سیاسەت و کاری نهێنی و موجازەفە هەیە پێکەوە بووینە. شەهید شاپور بە تەمەن تەنها حەوت رۆژ لەمن گەورەتر بوو، ئەو لە 6 نیسانی 1967لەدایک بووە، من لە 13ی نیسانی 1967لە دایک بوومە، دایکی شەهید شاپور خوشکی باوکمە واتە من و ئەو خاڵۆزاو پورزا بووینە. دوای ئەوەی لە ساڵی 1968باوکی شەهید شاپور بەدەستی پارتی شەهید دەکرێت، چونکە سەر بەباڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دەبێت کە بە جەلالی ناسرابوون..دایکی شەهید شاپور و هەردوو منداڵەکەی شاپور و شیرین دەگەرێنەوە ماڵی باوکی لە گوندی هەفتەغاری سەر بە قەزای داقوق 45 کم خوارووی کەرکوک…باوکم و چوار برای تری و دوو خوشکی هەموومان پێکەوە لە حەوشەیەکی گەورەدا دەژیایین، مامەکانم منداڵیان نەبوو ..تەنها باوکم نەبێت، من و براو خوشکەکانم لەگەڵ شاپورو شیرین پێکەوە لە ماڵێکدا وەکو خوشک وبرا پێکەوە گەورە بووین…تەنانەت لە خوێندنیش سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی پیشەسازیش هەر پێکەوە بووین، لە بەشی ناوخۆیی ئامادەیی پیشەسازی کەرکوکیش هەر لەیەک ژووردا بووین لە ئاوارەیش هەر پێکەوە بووین. لە تەمەنی یەکساڵیمانەوە، واتە لە ساڵی 1968ەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 1993 واتە 25ساڵی شیرینی تەمەنمان پێکەوە بووە … هەموو نهێنیەکی یەکترمان دەزانی وئاگاداری هەڵسوکەوتی یەکتربووین، و زۆریش لە خەمی یەکتردا بووین، تا هاوسەرگیریمان کرد و هەریەکەمان ماڵی خۆی دانا، تەنانەت لەماڵ دانانیشدا..سەرەتا دراوسێ بووین دوو شوقەمان بەتەنیشت یەکەوە لە باڵەخانەی د.عبدالرزاق دەباغ بەرامبەر گەراجی عەنکاوە لە هەولێر پێکەوە گرتبوو. کاری سیاسیمان لە رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە لە ساڵێ 1983دەستیپێکرد… و لەکۆمۆنیستی کرێکاری لە یەک جودابووینەوە. دوای ڕاپەڕینی 1991 پێکەوە لەگەڵ هاورێ شەهید قابیل هەرسێکمان کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستانمان لە هەولێر دامەزراند، وەک رێکخراوێکی جەماوەری کاریگەر لەو سەردەمەدا رۆڵی گەورەی بینی، خودی خۆی کاریگەری زۆری لەسەر من هەبوو چی لە کاری سیاسی و چی لە خۆ پەروەردەکردندا. ئەو تەمەنە پڕاوپرە لەیادگاری تاڵ و شیرین… هەرچەند بنووسم کۆتایی نایەت. سەبارەت بە شەهید قابیل کە ئامۆزای شەهید شاپور بوو بە هۆی خزمایەتیەوە یەکمان دەناسی، بەڵام هاوڕێیەتی و نزیک بونەوەمان لە یەکتر دەگەرێتەوە ساڵی 1989..وەلەدوای ڕاپەڕینەوە بەهۆی ئاورەییمانەوە زیاتر لە یەکتر نزیک بووینەوە و لە ماوەیەکی کورتدا زۆر کاری گرنگمان پێکەوە ئەنجامدا. لەو سەردەمە زۆربەی خەڵک وڵاتیان بەجێدەهێشت بەرەو هەندەران ئێمە هەرسێکمان بڕیارماندا نەڕۆین و لە کوردستان بمێنینەوە درێژە بە کاری سیاسی بدەین و خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک بکەین. دەسپێکی کارەکانمان دامەزراندنی کۆمەڵەی ئاوارەکان بوو… دواتر شەهید قابیل و خاتوو سروەی خوشکم پێکەوە هاوسەرگیریان کرد. هەرچەندە من لەگەڵیان نەچوومە ریزەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق. بەڵام هەر لەیەک نزیک بووین تا 31ی ئابی ،1996 ئیتر لەوێوە زیاتر لەیەکتر دابراین. کەمتر ئاگامان لەیەک بوو تا شەهید بوونیان.

بۆپێشەوە: لاتان وایە چۆن دەکرێت تۆمەتبارانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە و نەخشە داڕێژەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەن؟

شوان داودی: سەبارەت بەوەی چۆن دەکرێت تۆمەتبارانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە و نەخشە داڕێژەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەن؟ ئەوە پێش هەموو کەس و لایەنێک من بە ئەرکی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دەزانم بۆ ئەو کەیسە بە زیندوێتی بهێڵێتەوە، بەردەوام کاری لەسەر بکات تا ڕۆژی خۆی دێت. چونکە لە سیاسەتدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە، دەبێت هەموو دەرفەتێک بقۆزرێتەوە بۆ قسەکردن لەسەری و ئاشکراکردن و ناساندنی تۆمەتباران. چی نەخشە داڕێژەران و چی هاندەران و چی جێبەجێکارانی ئەو تاوانە.

بۆپێشەوە: یەکێک لەو کەسانەی کە ئەگەر هەیە و دەستی بۆ درێژ دەکرێت لەهاندانی تیرۆرکردنی شاپوور و قابیل ڕۆڵی هەبووبێت، لەم خوولەی دوایی پەرلەمانی عێراقدا لە دەستەی سەرۆکایەتیدایە! ئێوە ئەمە چۆن لێکدەدەنەوە؟

شوان داودی: سەبارەت بە مەلا بەشیر کەپێشتریش ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو، ئێستا بوونی لە شوێنێکی وا گرنگ و هەستیاردا، لەوڵاتێکی وەک عێراق و کوردستاندا، زۆر تاوانباریتر لەتاوان و کەیسی گەورەتردا لە پلەو پۆستی هەستیار تردان. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە بێ دەنگیان لێ بکرێت. عێراق ئەمڕۆ وڵاتێکی بێ دامودەزگا و خاوەنی راستەقینەی ئیرادەی خۆی نییە، بە هاوکێشەی سیاسی ئەقلیمی و نێودەوڵەتی ئیدارە دەدرێت و بەحوکمی چەک بەرێوەدەبرێت. گەیشتنی مەلا بەشیریش بەو پێگەیە، پەیوەندی بە هاوکێشەی ئەقلیمیەوە هەیە، بیرمان نەچێت پێشتر تۆمەتبارێکی تری ئەو تاوانە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو!

Leave A Reply

Your email address will not be published.