دیمانە لەگەڵ  عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)؛ شاعیر و نووسەری کرێکاری، لەساڵیادی ٢١ ساڵ تیرۆکردنی هاوڕییان شاپور عەبدولقادار و قابیل عادل دا

0

عەبدوڵا سڵێمان( مەشخەڵ): شاپوور عەبدولقادر و قابیل عادل؛ سادە بوون، پاک بوون، دڵسۆز بوون، بەوەفا بوون، جیددی بوون، پێداگر بوون لەسەر بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ئاوارەی کوردستان…

 دیمانە لەگەڵ  عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)؛ شاعیر و نووسەری کرێکاری، لەساڵیادی ٢١ ساڵ تیرۆکردنی هاوڕییان شاپور عەبدولقادار و قابیل عادل دا

بۆپێشەوە: شاپوور و قابیل بەر لەوەی پەیوەست بن بە ڕێکخراوە سیاسییەکان و پاشان حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی، خۆیان دوو ڕابەری ناسراو و جەماوەری بوون، ڕۆڵی ڕابەری ئەوان لە ئاستی جەماوەری بێکاران و ئاوارەکاندا، تا چەندە هاریکار بوو لەوەی ئەو دوو تیکۆشەرە کۆمۆنیستە، ببنە ڕابەر لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییدا؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): سەرەتا ئەمەوێ ئەوەتان بۆ ڕاست بکەمەوە، کە ئەو دوو هاوڕێیە بەمانای وشەکە رابەری عەمەلی ئاوارەکان بوون نەک بێکاران. ئەو هاوڕێیانە هیچ چالاکییەکی وایان نەبووە لە نێو بێکاران و یەکێتی بێکاران لە کوردستان. ئەوان خۆشەویستی ئاوارەکان بوون و ڕابەرانی خۆڕسکی جەماوەریی بوون و هەلومەرجی تایبەتی ئاوارەکان هێنابووینە دەرەوە. ئەوان خۆیان نەسەپاندبوو بەسەر ئاوارەکاندا، بەڵکو ئەوە بزووتنەوەی دژی ئاوارەیی بوو کە پێ بەپێی هەنگاوەکانی ئەوان تا دەهات بەرینتر و فراوانتر دەبۆوە. پاشان میکانیزمی بوون بە ڕابەری ئەو هاوڕێیانە لەناو حیزبی کۆمۆنیستدا ئەگەر بە ڕاشکاوی بڵێم بڕیارێکی سیاسیی زۆر دروست نەبوو، چونکە ئەوە ڕاستە کە حیزبی کۆمۆنیست دەیهەویست لەگەڵ ڕابەرانی عەمەلی کرێکاریی و جەماوەریی لە توندوتۆڵترین پەیوەندیدا بێت کە ئەوە مافی سروشتی خۆیەتی، بەڵام دەکرا حیزب ئەو پەیوەندییەی بە زیندوویی بهێشتایەتەوە و لە نزیکەوە کۆمەک و ڕێنوێنی بکردنایە، نەک ئەندامگیریی و بەرزکردنەوەی شاپوور بۆ ئاستی مەکتەب سیاسی، کە بە بڕوای من ئەم پرۆسەی ئەندامگیرییە ئەوەندەی زیانی بۆ خەباتی جەماوەریی هەبوو، سوودی نەبوو.

بۆپێشەوە: شاپوور و قابیل، هێندە خۆشەویست بوون هەر کەسێک ئەوانی ناسی با، زوو دەبوو بە هاوڕێیان، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): شاپوور عەبدولقادر و قابیل عادل؛ سادە بوون، پاک بوون، دڵسۆز بوون، بەوەفا بوون، جیددی بوون، پێداگر بوون لەسەر بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ئاوارەی کوردستان. ئەم دڵسۆزی و جیدیی بوونە وای دەکرد بەچاوێکی ڕێزەوە بڕوانیتە ئەو هاوڕێیانە و کارەکانیان. هەر ئەمەش وای دەکرد خەڵک خۆشی بوێن و ببنە هاوڕێ و دۆستیان.

بۆپێشەوە: چ بیرەوەریەکی تایبەتیان لەگەڵ هاوڕێیان شاپوور یان قابیل هەیە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): ساڵی ١٩٩٣ ڕۆژانە ئەو دوو هاوڕێیەم لە کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان دەبینی، کە ئەوکات بنکەی کۆمەڵەی ئاوارەکان و بنکەی یەکێتی بێکاران لە کوردستان لە باڵەخانەیەکدا بەتەنیشت یەکەوە بوون. ئێمە هەموومان لەو سەردەمە موفلیس و گیرفان بەتاڵ بووین (بێپارەبووین). شاپوور و قابیل بە هەردووکیان چەند دینارێکیان لە گیرفان بوو. جارێکیان هەر لە ساڵی ١٩٩٣ کۆمەڵەی ئاوارەکان ئەرزاقی (ئازووقە)ی وەرگرت بۆ ئاوارەکان. ئەو دوو هاوڕێیە شەو دانیشتن ورد حیساباتی… ژمارەی… ئاوارەکانیان کرد و ئازووقەکانیان بەپێی سەرژمێرییەکەی خۆیان ئامادەکرد، خۆشیان وەکو کەسێکی ئاوارە حیسیەکیان (بەشە ئازووقەیان) وەک هەر ئاوارەیەک بۆ خۆیان دانا. دوای ماندووبوونێکی زۆر، بۆ ڕۆژی دوایی و دابەشکردنی ئازووقەکە بەسەر ئاوارەکان، قابیل و شاپوور هەر ئەو چەند دینارەیان لە گیرفان بوو کە پێشتر پێیان بوو. شاپوور وتی ڕەنگە کەسانێک یان لایەنێک هەبێ بڵێن سەرپەرشتیاری ئاوارەکان قەپاتن بۆ خۆیان… نازانن دینارێکی ئەم ئازووقەیە نەچۆتە ئەم گیرفانەوە، جگە لە بەشە ئازووقەکەی خۆم. ئەمە ئەسڵ و واقیعیەتی ژیانی ئەو هاوڕێیانە بوو.

Leave A Reply

Your email address will not be published.