چاڵی حۆرییان

0
چاڵی حۆرییان
 
تەنز
نووسینی: ئارام حەسەن
 
سەرۆک حزب و تەواوی ڕێکخراوەکانی مەملەکەت، هەرهەموو دەستیان خستبووە سەر کەمەر، هەناسەیان سوارسوار، ئارەق لە قونیان دەچۆڕا، هەرچۆنبوو گەیشتنە قەبرسانەکە، تەنانەت یەك هاوڵاتیش لەو دەوروبەرە دیارنەبوو، لەپڕ… سەرۆک (حزبی ماچ) کە ئەو بەیانییە سمێڵە نەرمەکەی ڕەنگکردبوو گوتی: ــ “لەبەر بەرژەوەندی مێگەلەکە تێکۆشەرەکەمان، ئا لێرەیا قەبرەکە هەڵەکەنین” سەرۆک (حزبی مووچە) کە لەگەرمان خەریکبوو دەبوورایەوە گوتی: ــ”ئەشەمبیللا تەواوە، لێرەیا سەرۆک بەخاك ئەسپێرین، شوێنێکی خۆشە، ئاگای لە خشەخشی موعارەزەشە” ئەمینداری (ڕێکخراوی حیزیزم) کە تەنیا لەسەرقەبران هەتاو بەر ڕوومەتی کەوتبوو، هەڵیدایە گوتی: ــ “جا قوڕمان بەسەر ئابەم گەرمایە کێ تاقەتی هەیە پاچ بوەشێنێ، خۆ ئێمە هەموو لەتاو پشت ئێشە، ئیشی سەرۆک حزبمان هەڵبژارد” سکرتێری (کۆمەڵەی شەولەبان) کە هەر لەخەمی کەشفبوونی بیرە نەوتەکەیدا بوو داخۆ کەنگێ دەگاتە نەوتی تفت … گوتی: ــ ” ئەزانن پاچ و خاکەنازیشمان لەبیرچووە؟” ڕێبەری (بزووتنەوەی گورگانەشەوێ) کە هەمیشه فکر و خەیاڵی لای ژنە ڕەشتاڵەکەی سکرتیری بوو… گوتی: ــ ” خەمتان نەبێ تۆزێکی تر (وەستا خدر) پەیائەبێ، جوابم بۆ ناردووە” ڕێکخەری (کۆمەڵەی داگەڕان) کە هەمیشە بەدەم خەوەوە بانگی مارکس و ستالینی دەکرد… گوتی: ــ”جا بڵێی بزانێ قەبر هەڵکەنێ، من بیستوومە خدر وەستای شتێکی ترە” سەرۆکی (کۆمەڵەی ئاشقانی ژینگە) کە زۆر حەزی لە گۆشتی ئاسکەکێوی بوو… گوتی: ــ” ئەی قوڕی کوێ بکەین بەسەرمانا، مەجبوورین مەجبوور” وەختێ تەرمی سەرۆک گەیشتە گۆڕستان، وەستاخدر بە تاقی تەنیا قەبرەکەی نیوەیی کردبوو، سەرقەبران پڕ بوو لە سەرۆک و بەرپرس و ئەمیندارو ڕێکخەرو بەڕێوەبەر، هەر هەموو هاواری پشتیان دەکرد، سەرۆک (حزبی لاڕێ) و سەرۆک (حزبی باریکەڕێ) کە برای یەکتری بوون، ڕۆژنەبوو لەسەر مانیفێستی موعتەزیلە و خەواریج بەشەڕنەیەن، خاوەخاو کەوتنەقسەکردن و هاتنە نزیک گۆڕەکە، ڕوویانکردە خدر: ــ ” وەرە دەرەوە هیلاکبووی، نۆرەی ئێمەیە، با ئێمەش لە خێر و سەدەقەی هەڵکەندنی ئەم قەبرە بەشمان هەبێت” خدر ئارەقەی ڕەش و شینی دەردابوو، بڕوای وابوو بە وەشاندنی هەر پاچێک و دەردانی هەر خاکەنازە گڵێك، لەودنیا حۆریەک یان دوو حۆری زیاتری دەدەرێتێ، وەڵامی نەدانەوە… سەرۆک حزبەکان کە زانیان وەستاخدر ئینکارە و نایەتە دەرەوە، هەموو کەوتنە خۆیان، سەرۆکی (حزبی ئاخ) گوتی “وەرە دەرەوە با من بێم” سەرۆکی (حزبی داخ) گوتی “کوڕە بەسه ئەوەنە قووڵی مەکە با نەگاتە نەوت” سەرۆکی (حزبی ئۆف) گوتی” بەسە ڕۆڵە ئاخر دوایی چۆن جەنازەکە داهێڵین خۆ گوریسمان پێ نییە” خدر پاچەکەی فڕێدایە لای خاکەنازەکە، سەری هەڵبڕی، بە تووڕەیی بە هەموو سەرۆک حزب و ڕێکخراوەکانی گوت: ــ”ئێوە ناسکۆڵەن، پیاوی پاچ وەشاندن نین، ئەبێ مەمنوونم بن، ئەگینا هەتا ئێوە قەبرێک هەڵەکەنن، جەنازەکە بۆگەن ئەکا، نەکیر و مونکەریش لە سوعال و جواب ئەبنەوە، ئەم فشەفشەتان لەچییە، خۆ ئەمە درۆ نوسین و درۆکردن و ماچ و مۆچ نییە، ئەمە قەبرە قەبر، پاچی ئەوێ پاچ، پاچیش کوڕی خۆی ئەوێ کوڕی خۆی” سەیرێکی ئەملاولای خۆیکرد، دەستیهێنا بە ڕووکاری دیوی ناوەوەی گۆڕەکەدا و ڕوویکردەوە ئەوان: ــ “بەسە بیبڕنەوە، ڕۆژی هەزار چاڵەگووی ئاوام هەڵەکەندووە!” سەرۆکی ڕێکخراوی (ژیانەوەی شەوگاری سوور) کە ڕۆژانە کەڵەبابێکی برژاوی دەخوارد توڕەبوو، هاتە لێواری قەبرەکە، گوتی: ــ” چاڵەگووی چی، هەی گوو بەدەمی ئەوەی ناوکی بڕیت” وەستاخدر به زەردەخەنەوە وەڵامی دانەوە: ــ” جنێو مەیە… منیش سەرۆک حزبم” ــ “حزبی چی… کام حزب… کەی حزبت دروستکردوە بەناخێری گیانت؟” ــ”پێرێ شەو وازم لە وەستایی هێناو حزبێکم ڕاگەیاند” ــ “ناوی حزبەکەت چییە؟” ــ “حزبی هەڵکەندنی بیر” ــ “بیری چی؟” ــ ” بیری ئاودەست و تەوالێت و ئەوشتانە”
7/4/2019
Leave A Reply

Your email address will not be published.