تۆبڵێی خوا ئاگای لەئەنفال بووبێت

0
……… گۆشەی ئەدەب و هونەری کرێکاریی و پێشکەوتنخواز، گۆشەیەکی تایبەتی بۆپێشەوەیە کە لەهەر ژمارەیەکدا بابەتێکی ئەدەبی یان هونەری لەشێوەی هۆنراوە، تێکستی ئەدەبی، وەرگێران، بڵاودەکاتەوە، یاخود دیمانە لەگەڵ ئەدیب و هونەرمەندێک یان ناساندنیان رێک دەخات…
ئامادەکرنی گۆشە: کاوان قادر و هیوا ساڵح
 
 
تۆبڵێی خوا ئاگای لەئەنفال
بووبێت
 
پێش ئەوەی ئەوان بێن
ئێمە لەسەر كەمەری دار
سنەوبەرەكان
هەناسەی پەپولەمان
موتوربە دەكرد
بێدەنگی دەریامان
بۆماسییە چاوڕەشەكان دەژەند
سورەتی بارانمان
بەدەرگای ماڵە هەتیوەكاندا
هەڵدەواسی
بانگی عیشامان دەخستە
چارۆكەی گەورە كچەكانی
ڕێگای كانی
………..
پێش ئەوەی ئەوان بێن
ئێمە ئاوازمان
بۆگۆرانی دیسان تۆفانە دادەناو
هەناسەی دەروێشەكانمان
بەسەڵیبی كڵێساكاندا
شۆڕ دەكردەوە
……….
 
كەئەوان هاتن
گۆزەگان شكان
كانیەكان لەقاقای پێكەنینی
كچە عازەبەكان
مەحروم كران
دار سنەوبەرەكانیان بەپێوە
خنكان
……..
 
كەئەوان هاتن
لەگەڵ خۆیان تاعونیان هێنا و
بارانیان خنكان
سەرتەنورەكانیان شكان
خوایان بەدوای خۆیانا ڕاكێشاو
كەسێكیش
وشەیەكی نەدركان
……….
 
ئاخ خودایە
سەدو هەشاو دوو هەزار ڕۆح
لەكوێ جێگای دەبێتەوە
خۆئەوان مەملەكەتەكەی
تۆشیان سوتان
پێش ئەوەی ئەوان بێن
ئەم دەڤەرە
ئەگەر چۆلەكەیەك
تینوی بوایە
بەدوعایەكی حەزرەتی مریەم
دایدەكردە باران
………
حەکیم میرزا ١٣/٤/٢٠١٩
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.