د.کامەران ڕەسوڵ؛ پسپۆری نەخۆشیە دەروونیەکان و مامۆستای کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی سەلاحەدین لە ٣١ هەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالدا

0

د.کامەران ڕەسوڵ: تا ئێستا ئەوانە کە ئەو میللەتەیان ئەنفال و جینوساید کردیە، لە لایەن دەسەلاتی کورد پاداشت کراون و رێزیان لێگیرایە…

د.کامەران ڕەسوڵ؛ پسپۆری نەخۆشیە دەروونیەکان و مامۆستای کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی سەلاحەدین لە ٣١ هەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالدا

 

بۆپێشەوە:وەک پسپۆری پەروەردە، کامەن ئەو هەنگاو و ڕێوشوێنانەی کە دەبێت بگیرێتە بەر بۆ ساڕێژکردنی پاشماوە دەروونی و پەروەردەییەکانی دوای ئەم کارەساتانەی وەک ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال؟

د.کامەران ڕەسوڵ: کارەساتی وەك ئەنفال و کیمیاباران و دەرسیم و شەنگاڵ و دەیان و سەدان لەم جۆرە جینۆسایدانە. بە بەردەوامی لەبیری ئەو میللەتانە دەمینێتەوە کە ئەو تاوانانە دژیان کراوە. جینۆساید لەگەڵ پەیدابوونی مرۆڤ پیادە کراوە. ئەگەر بۆ میژووی کۆنی میزۆپۆتامیا بگەرێینەوە، دەبینی ئاشووریەکان زۆر بێ ویژدانانە ئەو میللەتانەی ژێردەستی خۆیان جینۆساید کردیە. هەر بۆیەش ئەو میللەتانەی ژێردەست بوون لێیان هاتنە دەست و جینۆسایدیان کردن. لێرە پێمان دەڵێ توندوتیژی، توندوتیژی لێ پەیدا دەبێ و پەرچەکرداری توندوتیژی دەداتەوە. ئێستاش جولەکە جینوسایدی بەنی قورەیزەیان لەبیر نەچووتەوە کە هەزار و چوار سەد ساڵ بەر لە ئەمرۆ بەسەریان هات. دێتە بەرچاوت پەیوەندی ئەرمینیا و تورکیا تا دونیا مایە ببیتە ئاسایی؟؟!! بە هەمان شێوە جوولەکەش لەگەڵ عەرەب و ئیسلام و ئەڵمان!! کوردیش وا بە ئاسانی باوەڕ بە وانە ناکات کە کارەساتی و نەهامەتیان بەسەر هێناون. هەر بۆ نموونە ئەگەر کوردی باشوور باوەڕی بە ڕژێمی بەعس هەبا و لە ئێستاشدا بە بەغدای ئێستا؟؟!! کۆچڕەو رووی نەدەدا، وە کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ڕووینەدەدا. زۆر ئەستەمە کەسێکی یەزیدی باوەڕ بە ئیسلام بکا. ئەوە لەسەر میمۆری میللەت، لەسەر ئاستی تاك. زۆر ئەستەمە کەس و کاری جینوساید کراوان، یان ئەوانەی دەربازیان بووە لە جینوساید هەموو ژیانیان ببنەوە ئاسایی. هەر هەموو ژیانیان دڵەڕاوکێ و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە تەنگژە دەروونیەکان بەبێ هۆکارە بۆماوەیەکان لە تاکەکان نەخۆشیەکانیان و تەنگژەکانیان دەگۆرێ. لە شیزۆفرینیا و خەمۆکی و دڵەراوکێ و تەنگژەی دوای فشار…تاد، هەر هەموو ژیانی ئاسایی نابێتەوە. ئەوانەی کە دەرباز بووینە لە جینۆساید، یان کەس و کاریان؛ دەبێ لەلایەن حکومەت و دار و دەستە نێو دەوڵەتیەکانی وەك UN و دارودەستەکانی و رێکخراوە نێو دەوڵەتیەکانی تر، بکەونە ژێر چاودێری و قەرەبوو بکرێنەوە. وایان لێبکرێ بێنە سەر ئەو باوەڕەی کە بە هیچ شێوەیەك جینۆساید دووبارە نابیتەوە. ئەوانەی بوونە هۆکاری ئەم کارەساتە بە سزای خۆیان بگەن. ئەو بارە ئابووریە خراپەی کە بەسەریان هاتیە بە هۆی لەناوچوونی سەرچاوەی بژێوی ژیانیان، و جێ و ڕێیان هەر هەمووی قەرەبوو بکرێتەوە. ئەو کاتیش هیچیان بۆ نەکراوە! کەی باوک بۆ کوڕی بێباوک قەرەبوو دەکرێتەوە؟! بە دڵنیایەوە ئەگەر باوکی لە ژیان مابا بێجگە لە ئەو هەموو سۆز عاتیفەیە دەبووە هۆکار و هاندەرێکی زۆر کە سەرکەوتووبێ لە خوێندن و دوایی لە ژیان.

 بۆپێشەوە: چەند حکومەت و ئەو رێکخراوانە بە دەنگی ئەو خەڵکە ستەمدیدەیە هاتوون؟

 د. کامەران رەسوڵ: هەر زۆر زۆر کەمە بگرە نەگەتیڤە. تا ئێستا ئەوانە کە ئەو میللەتەیان ئەنفال و جینوساید کردیە، لە لایەن دەسەلاتی کورد پاداشت کراون و رێزیان لێگیرایە. کارەسات ئەوەیە دادگایی حکومەتی ناوەند تاوانبارانی مەحکوم کردیە بە حوکمی خۆیان دەسەلاتی کوردی بەرگریان لێدەکات!!!!

Leave A Reply

Your email address will not be published.