هەفتەی ١٩دەهەمی نمایشی ئێلەگ زەردەکان؛ پەردەهەڵماڵین بوو لەسەر دیموکراسی لە لانەی دیموکراسی کە فەرەنسایە!

0

هەفتەی ١٩دەهەمی نمایشی ئێلەگ زەردەکان؛ پەردەهەڵماڵین بوو لەسەر دیموکراسی لە لانەی دیموکراسی کە فەرەنسایە!

نووسینی: ئاراس ڕەشید

هەفتەی ١٨دەهەم؛ هەفتەی کۆتایی”دانوسانی نیشتمانی” بوو. دەوڵەتەکەی ماکرۆن سەدان کۆبوونەوە و دانیشتن و گفتوگۆی لەگەڵ هەموو ڕەنگ و تەیفەکانی بۆژوازی فەرەنسیدا کرد، بەڵام تاکە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ناڕازیاندا نەکرد، کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکان لەپێناو ناڕازیان بوو، بەڵام بەبێ ئەوان بەڕێوەچوو…!!

ئەمە تووڕەیی جەماوەری ناڕازی فەرەنسای لەم چەند هەفتەیەدا بەرامبەر حکومەت زیادکرد، و بووە هۆی بەسیجکردنی تازەی جەماوەر بەگڕووتینی زۆرتر و چڕترەوە، وەک؛” گەڕانەوە بۆ دواوەوە بووە کارێکی مستەحیل”. لە هەفتەی ١٨دەهەمدا گروپێکی دەمامکداری ڕەشپۆش هاتنە ناو خۆپیشاندانەکان و کاری تێکدان و توندوتیژی و سووتانی شوێنە حکومیەکانیان کرد و لەگەڵ پۆلیسدا تێکهەڵچوونیان کرد. ئەمە یەکەم جار بوو، لە هەفتەکانی پێشوودا نەبینرابوون…! ئەمانە لەکوێوە هاتوون و بۆ لەم کاتەدا هاتوون و بۆ لەکۆتایی گفتوگۆکاندا؟؟

ئایا ئەمانە گروپێکن لە خۆپیشاندەران کە تووڕەییان بەرامبەر بە ڕژێم وای لێکردوون بەوشێوەیە ڕەفتار بکەن، و هەرچی پەیوەندی بە چینی بۆرژوازیەوە هەبێت لە بانک و باڵەخانە و بازاڕ و ئۆتۆمۆبیل تێکی بشکێنن! یان لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتدارانەوە ئامادەکراون بۆ هەستان بەکاری تێکدەرانەی لەم شێوەیە، بۆئەوەی خۆپیشاندەران تاوانباربکرێن بەکاری تێکدەرانە و لەبەرامبەر دنیادا ناشیرینیان بکەن و لە دواییشدا ڕیسوابکرێن؟! پاشان بیانوو بدەنە دەست بەرپرسانی ئەمنی، وەک وەزیری داد نیکۆڵ بیلوبیە دەڵێ “بێ بەزەیی دەبین لە بەرامبەر گێڕەشێوێن و تێکدەران”.

هەفتەکانی پێشوو ئێلەگ زەردەکان گورزی کەمەرشکێنیان لە ڕژێمی فەرەنسیدا، و حکومەت دەستەوەستان بوو لە بەرامبەریان و نەیاندەزانی چی بکەن؟ پەنایان بۆ زۆر چارەسەری تەڵەکەبازی فڕوفێل برد، بەڵام سوودی نەبوو. دەسەڵات چارەسەری پێنەبوو، چونکە خۆی سەرچاوەی قەیرانەکەیە. هەر بۆیە پەنای برد بۆ سوپا و هێزی دژە تیرۆرکە بە” هێزی سەنتینیل Sentinel “* ناسراوە، بۆ پشتیوانیکردن لە پۆلیس کە بەتەنها لەبەرامبەر خۆپیشاندەران تووشی شکست هاتوون. لەم هەفتەیەدا گازی فرمێسکاوی و گولەی پلاستیکی و تۆپی شوشەیی و بۆمبی دەنگی و دەستگیرکردن و تانک و تۆتۆمۆبیلی تایبەت …تاد یان بەکارهێنا بۆسەرکوتی خۆپیشاندانەکان.

ماکرۆن لە ڕۆژی ٤ شەممەی پێشوو رایگەیاند کە پێویست دەکات حکومەت توندتر بەرەوڕووی خۆپیشاندەرانی نایاسایی ببێتەوە. بۆیە هانای بردە بەر سوپا و هێزی سەنتیل و پۆلیسی زۆرتر، بەجۆرێک ژمارەی هێزەکان پتر دەردەکەوتن لە خۆپیشاندەران. هەروەها لەزۆرێک لەشارەکان خۆپیشاندان قەدەغەکراو ڕێگەی پێنەدرا، و دەبوایە خۆپیشاندان مۆڵەتی هەبێت. هێزەکانی دژە تیرۆر لەناو شار دەسوڕانەوە و یاسای نائارامی ڕاگەیەندرابوو لە دژی خۆپیشاندەران کە نوێنەری ملیۆنان لە خەڵکی ناڕازی فەرەنسان، لەکاتێکدا ئەو هێزە دژ بە تیرۆرە نەک جەماوەر!! قسەکەری کۆشکی ئیلیزا دەڵیت “ئێلەگ زەردەکان خۆپیشاندەر نین، بەڵکو گێرەشێوێنن”!! ئەمە سەرەڕای ئەوەی بڕی سزای ئەو کەسانەی کە بەشداری خۆپیشاندانی مۆڵەت پێنەدراو دەدەن، لە ٣٥ یۆرۆ بۆ ١٣٥ یۆرۆ بەرزکرایەوە !!!

لە هەموو ئەو پێشهات و ڕووداو و یاسا و بڕیار و دەستپێشخەریانەی کە حکومەتی ماکرۆن دەستی بۆبردوون بۆ پێشگرتن بە بەردەوامی خۆپیشاندانی ئێلەگ زەرەدەکان، ئەوە ڕۆشن دەبێتەوە کە وەک مارکس دەڵێت” ‌ ده‌وڵه‌ت ده‌زگایه‌كی زه‌به‌لاحی دروستكراوی ده‌ستی بۆرژوازییه‌ بۆ سه‌ركوتی ناڕه‌زایه‌تی و جموجۆڵی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵك و پڕۆلیتاریا، نه‌ك تێپه‌ڕین له‌ دۆخی سروشتییه‌وه‌ بۆ دۆخی مه‌ده‌نی”. ئەوە جگە لەوەی کە حکومەتی بۆرژوازی لەو هەنگاوانەیدا پێشێلی دەستور و یاسا و دیموکراسیەتی بەئاشکرا کردووە بۆ پارێزگاریکردن لە کۆمپانیا و سەرمایەگوزاریەکانیان و تەواوی سەرمایەداران. ئەو وڵاتەی کە بەلانەی دیموکراسی دەناسێنرێت و تەواوی دنیایان پێ گێژ و کاس و وڕ کردووە، لەو تاقیکردنەوە چینایەتیە شکستی خوارد و دیموکراسی و ئازادیەکەیان تەنیا بۆپاراستنی سەرمایە و سەرمایەداریە و هیچیتر؟!. هەرچەند لە زووەوە سەرمایەداری و دەوڵەتەکانیان ئەو پەردەیان لە ڕوودا هەڵماڵدراوە، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە و ئەو جەنگە چینایەتیەی ئێلەگ زەردەکان ئەو ڕیاکاریەی ڕۆژئاوایان بەتەواوی ڕیسواکرد.

  • سەنەتیل Sentinel: ئەو هێزە لە ١٠هەزار سەربازی سوپا و جەندرمە و ٤٧٠٠ پۆلیس پێکهاتووە. لە ١٢ی جەنیوەری ٢٠١٥ دا دامەزرا. دوای ئەوەی لە ٧-٩ی جەنیوەری ناوچەی Île-de- کە پاریسشی گرتەوە لە کارێکی تیرۆریستیدا پتر لە ١٧ کەس کوژران و ٢٢ کەسیش بریندار بوون. لەوکاتەوە ئەو هێزە وەک دژە تیرۆر دروستکراوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.