گۆشەی ئەدەب و هونەری کرێکاریی و پێشکەوتنخواز…دار زەیتونەکانی ئێرە لە باران توڕەن

0

گۆشەی ئەدەب و هونەری کرێکاریی و پێشکەوتنخواز…

 گۆشەی ئەدەب و هونەری کرێکاریی و پێشکەوتنخواز، گۆشەیەکی تایبەتی بۆپێشەوەیە کە لەهەر ژمارەیەکدا بابەتێکی ئەدەبی یان هونەری لەشێوەی هۆنراوە، تێکستی ئەدەبی، وەرگێران، بڵاودەکاتەوە، یاخود دیمانە لەگەڵ ئەدیب و هونەرمەندێک یان ناساندنیان رێک دەخات…

ئامادەکرنی گۆشە: کاوان قادر و هیوا ساڵح

 

دار زەیتونەکانی ئێرە

لە باران توڕەن

——————

خۆزگە ئەگەر بۆ جارێکیش بوایە

دەهاتیتە جێگای من و

بزمارێکت بە دڵی

ئەم زەمەنە ماندوەدا دادەکوتی

بۆ ساتێکیش

بەلای تەنیایی خۆتەوە دەگریایت

ئەوسا  بەهەردووکمان

پرسیارێکمان فرێ دەدایە سەر شەقامێکی

لە خشتە براوو

سەمایەکی شێتانەشمان لەگەڵ بێزاری

خۆماندا دەکرد

…………………..

 خۆزگە پێکەوە

بیرمان لەسەفەرێکی ئەبەدی دەکردەوەو

بەڕوتو قوتی پیاسەیەکمان

بە باخەکانی موحیببەتدا دەکرد

تۆ بە کراسێکی تەنکی سپی و

بەبێ ستیان

منیش بە پاڵتۆیەکی ڕەشی کون کونەوە

هەر لەوێ سەرمان دەنــا بەڕۆحی یەکەوەو

گۆرانی یەکی ئاڵتونیشمان

بۆ کوکوختی یە بێ نیشتمانەکان

دەووت

……………….

هیچ نەدەبوو

ئەگەر تۆش بۆ جارێک

بیرت لە فرین بکردایەتەوەو

بەناو کۆڵانەکانی ئەم زەمەنە

نەعلەتی یەدا

بە کامی دڵ بفڕیتایە

………………

وەرە و

ئاوێنەیەکم بدە دەست

بــا بەئارەزوی خۆم

تەماشای لێدانی دڵی ئەو سەربازانە بکەم

کە پێش لە گولەباران

پێیان دەڵێن

شایەتومان بێنن

ئێرە مەملەکەتی مەنجەنیقە و

دەڤەری خاپورکردنی

کڵێساکانە

…………………….

خۆزگە

لە پێش مردن

دەبویتە هاوڕێی ئەو مردووانەی

کە بەڕۆژ سواڵیان پێ دەکەن و

شەوانە

شوشەی بەتاڵی مەیخانەکانیان

پێ کۆ دەکەنەوە

…………….

لێم گەڕێ

گیانەکەم لێم گەڕێ

با فێری سەمایەکی شێتانەت بکەم

پێت بڵێم

دار زەیتونەکانی ئێرە

لە باران توڕەن و

بۆنەتە دراوسێ ی

ڕەشەبا درۆزنەکان

خۆزگە

هەزار خۆزگە

تۆش خۆت فێری فڕینێکی

ئەبەدی دەکرد

حەکیم میرزا

٢٧/٣/٢٠١٩

Leave A Reply

Your email address will not be published.