دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ شوان عەزیز یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی بازیان، سەبارەت بە بیرەوەرییەکانی لە کاتی ئاوارەیی ساڵی ١٩٩١دا.

0

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ شوان عەزیز یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی بازیان، سەبارەت بە بیرەوەرییەکانی لە کاتی ئاوارەیی ساڵی ١٩٩١دا.

 شوان عەزیز: خەڵک دەتووت حکومەت هاتەوەو هەمومان دەکوژن. دەیان گووت هەرکەسەو فریاخۆی بکەوێت

بۆپێشەوە: هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شورایی لەکوردستان، لەکاتی ئاوارەبوون و کۆڕەوەکەی هەمان ساڵدا بەردەوامبوون لە گێڕانی ڕۆڵی خۆیان لەوکاتەدا. ئێوە هەڵسوڕاوانێک بەرەو ئێران بەڕێکەوتن؛ دەتوانن بەشێک لەو چالاکی و کارانەمان بۆبگێڕنەوە بۆ ئەوەی وەک تۆمارکردنی مێژوو بۆ جەماوەری خەڵكی کوردستانی بگێڕنەوە؟

شوان عەزیز: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە من بە شێوەی بیرەوەری باسم لە بنکەی شورایی دۆڵی بازیان کردووە. وەکو مێژوویەکی کارو چالاکی کۆمۆنیست و چەپەکانی دۆڵی بازیان بە گشتی و بازیانی ڕەقەم ١ بە شێوەیەکی تایبەتی.  ئەو مێژووەم لە دوای پاکردنەوەی دۆڵی بازیانەوە گێڕاوەتەوە تاکو ڕۆژی ٢-٤ ١٩٩١ کە ڕۆژی کۆچڕەوەکەی دۆڵی بازیان بوو. دەربارەی پرسیارەکەی ئێوەش وەک بۆ پێشەوە دەبێت بڵێم کە وەڵامەکەی لە ڕۆژی کۆڕەوەکەدا دەست پێدەکات.

ئێمەی خەڵکی دۆڵی بازیان هەر لە ١-٤ ١٩٩١ تێبینیمان کرد و بە ڕاستەوخۆیی و بە ئاشکرا خەڵکی کەرکوک و چەمچەماڵمان دەبینی کە ڕایان دەکرد. کە لێمان دەپرسین خەبەر چیە؟ ئەوان دەیان گوت کوڕە حکومەت هاتەوەو هەمومان دەکوژن. دەیان گووت هەرکەسەو فریاخۆی بکەوێت هەتا زووە. ئیتر ئێمەش لە بازیانی ڕەقەم ١ ڕۆژی ٢-٤ ئێوارەکەی دەستمان کرد بە دەرچوون و ئێوارەی ئەوڕۆژە بەرەو قەڵادزێ بەڕێ کەوتین. ئێمە هاوڕێیان عبدوڵای برای موحەمەد عوسمان، حوسێن، مینا، حەسەن، ئایش و عومەرو من و پورە بەهێی باینجان  بووین. هەر ئەو کەسانە بووین کە چالاکی شوراییمان لە دۆڵی بازیان بەگشتی و بازیانی ڕەقەم ١ بە تایبەتی ئەنجامدەدا. بڕیارماندا بەرەو ئێران بڕۆین. هەرواشمان کرد. ڕۆژی ٧-٤ گەیشتینە مهاباد. لە مهاباد ئێمەیان بردە ناو مزگەوتێک لە گەڕەکی خلوراوا.

ئێمە هاوڕێیان شوان عەزیز، پورە بەهێی باینجان، حوسێن و حەسەن و مینا، ئایشەو عومەرهەر بەیەکەوە بووین و لەیەک دانەبڕاین. ڕۆژی ٨-٤ نەوزادی برای نووری بەشیر هاتە لامان لە ناو مزگەوتەکەو خەبەری پێداین کە نوری بەشیرو سەمیرەی هاوسەری و سەوسەن سەلیم و کوڕە تەمەن چەند مانگیەکەی بە ناوی ڕاسیان لە ماڵی نەنکی سەمیرەن لە ناو مەهاباد و لە مزگەوتەکەش نزیکن. بۆ ڕۆژی دوایی نووری بەشیر هاتە لامان و پێی وتین کە هەمومان بچین بۆ ماڵی نەنکی سەمیرە و نیوەڕۆکەی لەوێ نان بخۆین.

ڕۆژی دوایی دیسان نوری بەشیر هاتەوەو ئێمەی برد بۆ ماڵی نەنکی سەمیرە و لەوێ سەوسەن و ڕاسیانی کوری کە گاکۆڵکێی دەکرد و هەروەها سەمیرەمان بینی.

نوری بەشیر پێی ڕاگەیاندین کە خەسرەو سایە  نەهاتووە بۆ ئێران و هەر لە ڕانیە و مەنتیقەی دۆڵە ڕەقەی ڕانیە ماوەتەوە. ئەو وتی خەسرەو هەروەها زۆرێک لە هاوڕێیان بەردەوامن لەو ناوچەیەدا لە چالاکی و کاری شورایی. نووری بەشیر ئەوەشی وت کە لە ڕێگەی خەسرەوە پێیڕاگەیەنراوە  کە ئیتر هەستەی کرێکارانی سۆسیالیست دروست کراوە، و ئێمە ئیتر لەناو هەستەدا کەدوایی بوو بە سەرنجی کرێکار خۆمان ڕێک دەخەین. هەرواشمان کردو هیچ گرفتێکمان لەو بارەوە نەبوو. بۆیە ئیتر لەو ڕۆژەوە ئێمە لەناو سەرنجی کرێکاردا کارو چالاکی شوراییمان ئەنجامدا.

چالاکی و کاری شوراییمان لە ناو مزگەوتەکەی خلوراوای ناو موهاباد!

 

هەر بۆ ڕۆژی دووەم لە ناو مزگەوتەکە هەستمان کرد کە خەڵکی مهاباد زۆر ماندوون و ئەوان ناتوانن خواردن بۆ ئێمە درووست بکەن. ئەوان هەر ئەوەندەیان پێدەکرا کە ئازوقە بێنن، بەڵام ژن یا پیاویان دەست نەدەکەوت کە چێشتمان بۆلێنێت. ئێمە لە ناو ئەو مزگەوتەی خلوراوە ژمارەمان گەییشتە سەرووی ١٠٠ کەس. زۆر جاران من بە ئاشکرا گوێم لە ژنانی مهابادی دەبوو کە چێشتیان بۆ لێدەناین دەیان گووت خۆزگە کەسێک  پەیدا بووایە بیتوانیبایە ئەو کارەی ئێمە ئەنجام بدات.

من، شوان عەزیز، بڕیارمدا ئەرکی چێشت لێنانی هەموو ئەو سەد کەسە ڕۆژانە بگرمە ئەستۆی خۆم.  من بە حوکمی ئەوەی کە لە ژیانی خزمەتی سەربازیمدا ئەو کارەم کردبوو، نەک هەر بۆ سەد کەس بەڵکو بۆ هەزاران. بۆیە بە لە خۆڕادیویەوە بە مەلای مزگەوتەکەم وت کە ئەو کارە دەگرمە ئەستۆی خۆم. هەروەها بۆ هاوکاری و یارمەتیدان چەند کەسێکم لە خەڵکی ناو مزگەوتەکە هێناو ئەوانیشم خستە سەر کارو ئەوانیش بە خۆشحاڵیەوە گوێیان لە ئێمە دەگرت و بە قسەیان دەکردین.

دیارە لە زوربەی ئەو چالاکی و کارانەماندا پرس و ڕا بە نوری بەشیر کراوە و ڕێنمایی و زانیاری پێویستی پێداوین.

کارو چالاکیەکانمان لە مهاباد:

١- پێکهێنانی گروپێک لەناو مزگەوتەکدا کە ئەرکی ئەو گرووپە ڕێکخستنی کاری ئیداری ناو مزگەتەکەو ڕاگرتنی پاک و تەمییزی ناو مزگەوتەکە بێت. ئەو هەموو خەڵکە پێویستی بەو گرووپە تایبەتیە هەبوو. بە نەبوونی ئەو گرووپە پیسییەکی زۆر بڵاو دەبووەوە کە هەموومانی تووشی نەخۆشی دەکرد. بۆیە ئەوە بە ئەرکی خۆمان دەزانی وەک کۆمۆنیستێک کە بتوانین بە شێوەیەکی ڕێکخراو و سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆمان ڕابکێشین.

٢- گرووپێکمان پێکهێنا بۆ کۆکردنەوەی پێداویستی بۆ مناڵانی شیرەخۆر. ئەم گرووپە توانی کۆمەکی زۆر باش وەک شیرو دایپەڕو مەمک مژەی منداڵ کۆبکاتەوە و بیاندات بە مناڵە شیرەخۆرەکانی ناو مزگەوتەکە. ئەم کارە بووە جێگەی دەستخۆشی دەیان دایک و باوکی مناڵی شیرەخۆر. ئێمەش ئەم کارەمان وەک چالاکی شورایی بە خەڵکی ناو مزگەوتەکە دەناساندو  خەڵکەکەش ئێمەی وەک ئەندامانی شوراکانی کوردستانی عێڕاق دەناسی.

٣- توانیمان پەیوەندیەک دروست بکەین لەگەڵ خەڵکی ئەو ئۆردوگا و کەمپەی کە لە دەرەوەی مهاباد بوو. توانیمان کۆبوونەوەش ئەنجام بدەین و قسە بۆ خەڵک بکەین. ڕۆژێکیان من و حوسێن و پورە بەهێ و مینا چوینە ناو کەمپەکە بە بیانووی گەڕان لە مناڵ. ڕێگەمان پێدراو بینیمان خەڵکی ناو کەمپەکە گلەیی و گازندەی ئەوەیانە کە هیچ شیرو پێداویستی مناڵی شیرە خۆریان نادەنێ. ئێمەش لەو بارەوە بە خەڵکمان وت دەبێت هەمووتان بڕۆنە لای ئەو کاربەدستانەی ناو کەمپەکەو فشاریان بخەنە سەر بۆ ئەوەی ئەو پێداویستیانە بۆ منداڵەکانتان ئامادە بکەن.

هەر ئەو ڕۆژە ئێمە توانیمان دەوروبەری ٥٠ کەس کۆکەینەوە و بچینە سەر ئۆفیسی کەمپەکە. ئەم کارەمان لێ کەشف بوو،  و لە لایەن هەندێک کەسی ناوکەمپەکە ئیخباری کرایین کە ئێمە خەڵکی ناو کەمپ نین و لە ناو شاری مهابادەوە هاتووین. ئەوە بووە هۆی ئەوەی ئێمە بگرن و بۆ ماوەی چەند سەعاتێک ئێمەیان گرت و دوایی بە بەهانەی کە دەبێت بڕۆین و لە بەچە بگەڕێین بەریان داین.

ئیتر دوای دوو سێ هەفتە خەڵکی مزگەوتەکە وردە وردە هەر کەسە بۆ خۆی شوێنێکی تایبەتی دەدۆزیەوە و مزگەوتەکەی چۆڵ دەکرد. ئا لەو کاتەدا ئەوانەی دەڕۆیشتن مافی ئەوەیان هەبوو کە بەشێک خواردنی وشکە و و پێداویستی لەگەڵ خۆیان بەرن. ئەم خواردنە لە لایەن مەلای مزگەوتەکەوە دابین دەکرا بەڵام ئەو نەیدەدا پێیان. ئێمە ڕاستەوخۆ چووینە ماڵی مەلاکە و فشارمان بۆ هێنا. ئیتر ڕازی بوو و دەستی کرد بە پێدانی ئازوقەی وشک وەک برنج و ڕۆن و نیسک و خواردنەکانیترو پێداویستی خێزان. بەم چالاکیەمان بووینە کەسانی زۆر خۆشەویست و خاوەن ئۆتۆریتەی ئەو مزگەتەو نێو خەڵکیتر .

نزیکەی مانگێک لە ناو ئەو مزگەوتە و دەوروبەری ماینەوە و ئیتر ئێمەش ڕۆیشتین کە مزگەوتەکە بەرەو چۆڵی دەڕۆیی. لە ناو مهابادا بە چەند ڕۆژێک ئێمەش هۆدەیەکمان گرت و دوایی بەرەو عێڕاق هاتینەوەو چووینەوە ناو ئۆردووگای ڕەقەم ١ لە دۆڵی بازیان.

هەر سەربەرزبن هاوڕێیانی شوراو تەواوی هاوڕێ کۆمۆنیست و چەپە چالاکەکانی بواری کاری شورایی لە زەمانی شوراکاندا. یادی شوراو خۆشەویستی شورا لە ناو خەڵکیدا هەمیشە زیندووە. ئەو خۆشەویستیەی خەڵکی بۆ شورا بەرهەمی ماندووبوونی کۆمۆنیست و چەپەکانە. لە پێشی هەموانەوە ئەو کادرو ئەندام و هاوڕێیانەیە کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق بە هۆی ئەوانەوە دامەزرا. شەکاوە بێت ئاڵای کۆمۆنیستی و بەرنامەی شورایی .

ئەم گێڕانەوەیە خۆی لە خۆیدا مێژوویەکەو مێژوویەکی پڕ لە چالاکی و خەباتە لە پێناو کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش و بەش خوراوو زوڵم لێکراودا. مێژوویەکە کە چەپەکان بە گشتی و کۆمۆنیستەکان بە تایبەتی خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو مێژووەن و جێگەی شانازیشە کە ئێمەی کۆمۆنیست خاوەنی ئەو مێژووە پڕشنگدارەین. سەربەرزین بەو مێژووەوە.

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.