دیمانە لەگەڵ پەیمان عیزەدین، پارێزەر و چالاکوانی مەدەنی سەبارەت بە هۆکارەکانی ئاوارەیی خەڵکی کوردستان لەساڵی ١٩٩١دا…
پەیمان عزەدین: نەبوونی دەوڵەت و قەوارەیەکی سیاسی جێگیر و پەرتوبڵاوی پارتە سیاسیەکان و بێباکیان لە پێشڕەویکردنی هێزی بێگانە. لە ڕێزی پێشەوەی ئەو زەمینە سازیانە بوون کە لە سایەیدا خەڵکی کوردستان ئاوارە بوو.
بۆپێشەوە: دوای ٢٨ ساڵ بەسەر ئاوارەیی خەڵکی کوردستاندا، تا چەند لاتان وایە، زەمینە و هەڕەشەی دوبارە ئاوارەبوونەوەی خەڵکی کوردستان لە ئارادایە؟
پەیمان عزەدین: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ٢٨ ساڵ لەمەو پێش و دیقەتی ئەو زەمینەیە بدەین کە ئاوارەیی و دەربەدەری خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە، دەبینین کە نەبوونی دەوڵەت و قەوارەیەکی سیاسی جێگیر و پەرتوبڵاوی پارتە سیاسیەکان و بێباکیان لە پێشڕەویکردنی هێزی بێگانە. لە ڕێزی پێشەوەی ئەو زەمینە سازیانە بوون کە لە سایەیدا خەڵکی کوردستان ئاوارە بوو.
ئەگەر لەو زەمینەیەی ڕابردوەوە شرۆڤەی ئایندە بکەین، دەزانین کە بە ئاسانی ئەگەری دوبارەبوونەوەی ئاوارەبوون هەیە. هیچ کام لەو زەمینە و هەڕەشانەی ٢٨ ساڵ لەمەوپێش کورد و خەڵکی کوردستانی ئاوارە کرد گۆڕانکاری تیا نەبوە!
دەوڵەت بوونی نییە، تا دێت هێزە سیاسیەکان لەیەک دوورئەکەونەوە، یان بە شێوەیەکی کاتی و بۆ بەرژەوەندیەکی حیزبی لێک نزیکدەبنەوە. زۆرینەی هێزەکان؛ تا ئێستا چەند جارێکیتر پێشڕەویان بۆ هاتنی هێزی بێگانە کردووە و هێناویانەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. گڵۆپی سەوزی بۆمباران کردن و هێرشی ئاسمانیان بۆ هەڵکردون! هەموو ئەمانە ئەبنە مەترسی و هەڕەشەی بەردەوامی سەر خەڵکی کوردستان.
بۆپێشەوە: تا چەندە لاتان وایە دۆخی کوردستان هێندە جێگیرە، کە خەڵکی کوردستان لە رووداو ئاڵوگۆرە سیاسیەکان لەسەر ئاستی عێراق و ململانیی سیاسی ناوچەکەدا پاریزاوەو توشی ئاوارەیی و دەربەدەری نابێتەوە؟
پەیمان عزەدین: کاتێک باس لە جێگیریی دۆخی کوردستان ئەکەین؟ ئەبێت دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیمان لەبەرچاو بێت، کە بەداخەوە هیچ کام لەوانە جێگیر نین! تەنانەت ئەگەر ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی دەوروبەریش بەهەند وەرنەگرین؛ هەر خۆی بارودۆخی ناوخۆی هەرێم دڵنیایی نادا بە هاوڵاتیانی بۆ ژیانێکی جێگیر.
ئەمە جگە لەوەی کە ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی عێراقیش جارێکیتر دودڵی و دڵە ڕاوکێی دروستکردوە، بە تایبەتی کەباش یان خراپ شکاندنەوەی سەرجەمی ئەو ئاڵوگۆڕانەی ڕوودەدەن، وەستاوەتە سەر حکومڕانی هەرێمی کوردستان و دنیابینی ئەوهێزە سیاسیانەی ئیدارەی هەرێم دەکەن، کە بەداخەوە تا ئێستا جگە لەمەودایەکی کورتی بەرژەوەندی حیزبی هیچیتر نابینن، و شتێک نییە بەناوی بەرژەوەندی گشتی و ژیانی هاوڵاتیان.
ئەگەر دوا ڕوداوی ئەگەری پێکدادانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقی بکەینە نموونە؛ دەبینین چۆن پارتی و یەکێتی ئامادە بوون لەبەر ناکۆکیەکانی خۆیان و بەوەکالەت شەڕکردن بۆ سەرخستنی ئەجێندای دەوروبەر بوونە هۆکاری بە ناهەق کوژرانی دەیان پێشمەرگە، لە ئەگەری قوڵتربوونەوەی شەڕەکانی وەکالەتدا! کێ و چۆن دڵنیایی دەدات بە ئەنجامنەدانی لەشکرکێشی عەرەب و تورک و فارس؟ کە ئەو دڵنیاییەش نەبوو، دەسەڵاتی سیاسی توانای پاراستنی ژیانی خەڵکی نەبوو، بەردەوام کورد لەبەردەم هەڕەشەی ئاوارەبووندایە بۆ پاراستنی ژیانی خۆی وەک ئەوەی لە شەنگال ڕوویدا.