دیمانە لەگەڵ هاوڕێ عەزیز شەریف؛ یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شورایی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١، سەبارەت بە هۆکارەکانی ئاوارەیی خەڵکی کوردستان

0

دیمانە لەگەڵ هاوڕێ عەزیز شەریف؛ یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شورایی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١، سەبارەت بە هۆکارەکانی ئاوارەیی خەڵکی کوردستان

عەزیز شەریف: ئەمەریکا بەئاشکرا بە گوێ لەمستەکانی خۆی (بەرەی کوردستانی) گوتبوو؛ کەدەبێت ئاڵا سوورەکان لەنێو بەرن!

بۆپێشەوە: مانگێک دوای ڕاپەڕین و خرۆشانی خەڵکی کوردستان و وەدەرنانی هێزو دەزگاکانی ڕژێمی بەعسی، چ خەڵکی کوردستان چ حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی نەیانتوانی لەبەرامبەر بە گەڕانەوەی سوپای تێکشکاو و قەسابی کراوی بەعس بەرگری لەخۆیان بکەن، بە بۆچوونی ئێوە، بۆ خەڵکی کوردستان  و حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرگرییان نەکرد؟

عەزیز شەریف: ئەگەر بڵێین مقاوەمەت لەبەرانبەر سوپای بەعسدا نەکراوە ئەوا دروست نییە، بەڵێ بەشێک لەخەڵک و هێزی چەکداری شوراکان بەرەو ڕووی هێزە سەرکوتگەرەکانی بەعس بوونەوە و لە نێوان سلێمانی و کەرکوکدا هاوڕێیان (نەوزادی شێخ کمال و هاوڕێ شوان عومەر) *گیانیان لەدەستدا. لە سنوری کەلاریش هێزێکی تری چەکداری شورای ئێمە (سەرشەقام) بەشداریان کرد، بەڵام وەختێک تۆ دەبینیت کە هێزێکی گەورەی چەکداری وەک بەرەی کوردستانی پێش خەڵک دەکەوێت و هەڵدێت بەرەو سنوورەکان، ئیتر تۆش بەهێزێکی چەکداری کەم تەجرەبەی خەباتی چەکدارییەوە ناتوانێت بەر بەهێزێکی وەک سوپا دڕندەکەی بەعس بگرێت و هەڵهاتن یان پاشەکشە هەڵدەبژێریت. من پێشتر لەم بارەیەوە لە گێڕانەوەی یادەوەریەکانم لەسەر بزووتنەوەی شورایی دواوم، نووسیومە کە ئەمەریکا بەئاشکرا بە گوێ لەمستەکانی خۆی (بەرەی کوردستانی) گوتبوو؛ کەدەبێت ئاڵا سوورەکان لەنێو بەرن! هەر ئەم داوایە وا دەکات بەرە حەملەی داخستنی شوراکان دەست پێبکەن لەزۆر شوێن توانیان سەرکوتوو بن، بەڵام نەیانتوانی بەتەواوی ئەم بزووتنەوەیە لەنێو بەرن. هەربۆیە لە بێ توانایی ئەوان لەکارێک کە ئاغاکانیان پێیان سپاردبوون ئەوا پلانی ئاوارەییان کێشا و بەرەی کوردستانی هەڵبێن و بەعس بەرەو داگیرکردنەوەی شارەکان هێرش بەرێت. بەم شێوەیە هەم بزووتنەوەی شورایی کۆتایی پێ دێت و هەم کارەساتێکیش دەخوڵقێنن کە دەتوانن گەورەترین سەرمایەگوزاری لەسەربکەن و هەزاران دۆلاری ئەوسەردەمەیان بەناوی کۆمەک بە ئاوارەکانەوە لە خەڵکی وڵاتانی ئەمەریکا و ئەوروپا و دنیا وەرگرن و کەمترین سەنتیان بەخەڵکی ئاوارە گەیاند. خەڵک بەدرێژایی ۳٠ ساڵ تەجرەبەی دڕندەیی و توانایی هێزەکانی حکومەتی بەعسیان دەناسی و دەیانزانی تواناییەکانی بەعس لە سەرکوت و کوشتن و بڕین بێوێنەیە، و بەپێش چاوی خەڵکەوە هێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی ڕایان دەکرد، ئیتر خەڵکێکی بێ چەک هیچی پێ نەدەکرا و ناچار بە ئاوارە بوون دەبوو.

بۆپێشەوە: ئاوارەیی خەڵکی کوردستان، بە جیا لەوەی کارەساتێکی دڵتەزێن بوو، بەڵام هەڵگری دەرس و ئەزمونی تایبەتە، گرنگترین دەرسەکانی ئاوارەیی کامانەن؟

عەزیز شەریف: لەسەر پرسیاری دووهەمتان بەڕاستی ناتوانم وەک هەرکەسێکی تر مجامەلەی کەس بکەم و بەشان و باڵی هیچ شتێکدا هەڵ بدەم. وەک ئەوەی خەڵکی سیاسی و هەلپەرست دەیکات. نا من بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەوە هیچ دەرس و تەجرەبەیەک بەدی ناکەم، بەڵکو دەبوایە کەس بەدوای بەرەی کوردستانیدا ئاوارە نەبوایە و شارەکانیان چۆڵ نەکردبا. ئاخر ئاوارەیی نەبا چەتەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەناوی ئاوارەکانەوە سەرمایەگوزارییان نەدەکرد و ئەو هەموو خەڵکەش نەدەبوونەقوربانی .

  • ئەم دوو هاوڕێیە لە ۲ی٤ی ۱۹۹۱لە بازگەی طاسلوجە/ سلێمانی لە ڕووبەڕووبونەوەی هێزەکانی حکومەتی عێراقدا گیانیانبەخت دەکەن .
Leave A Reply

Your email address will not be published.